ئایه‌ فه‌له‌ستین خاكی عه‌ره‌به‌كانه‌ یان خاكی ج*وله‌كه‌كانه‌ ؟

ئایه‌ فه‌له‌ستین خاكی عه‌ره‌به‌كانه‌ یان خاكی ج*وله‌كه‌كانه‌ ؟

 

ئایه‌ چیرۆكی خاكی فه‌له‌ستین چیه‌ ؟

كه‌ له‌پێشوودا پێی ده‌وترا خاكی كه‌نعان ...

وه‌ ئایه‌ ئه‌م ناوه‌ له‌چیه‌وه‌ هاتووه‌؟

وه‌ كێ سه‌ره‌تا له‌م خاكه‌ نیشته‌جێ بووه‌ و تیایدا ماوه‌ته‌وه‌ ؟

وه‌ ئایه‌ ئه‌م خاكه‌ خاكی عه‌ره‌به‌كانه‌ یان خاكی جوله‌كه‌كانه‌ ؟

له‌گه‌ڵمبن بۆ ئه‌وه‌ی بچینه‌ ناوه‌ڕۆكی مێژوو و باسی ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ین كه‌ زۆر مشتومڕی له‌سه‌ره‌.

 

زۆر لێكدانه‌وه‌ هه‌ن بۆ هۆكاری ئه‌م ناوه‌ - كه‌نعان - ؛ زۆربه‌ی مێژوونووسان كۆده‌نگن كه‌ ئه‌م وشه‌یه‌‌ له‌ وشه‌ی -كه‌نه‌عه‌- هاتووه‌ واته‌ خاكی ته‌خت و نیمچه‌گه‌رم .

وه‌ ده‌وترێت بۆیه‌ به‌م ناوه‌ نراوه‌ چونكه‌ یه‌كه‌م كه‌س كه‌ كۆچیان كردووه‌ بۆ ئه‌م شوێنه‌ كه‌نعانیه‌كان بوونه‌ كه‌ عه‌ره‌ب بوونه‌ و له‌ نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌بیه‌وه‌ هاتوونه‌ بۆ ئه‌م شوێنه‌ .

وه‌ كه‌مێك له‌ مێژوو نووسان وشه‌ی كه‌نعان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كه‌نعانی كوڕی حامی كوڕی پێغه‌مبه‌ر نوح – علیه السلام - ؛ به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه‌ زۆر لاوازه‌ .

 

خاكی كه‌نعان خاكێكی مێژووییه‌  كه‌ ئه‌مرۆ پێی ده‌وترێت فه‌له‌ستین و لوبنان وه‌ به‌شه‌كانی رۆژئاوه‌ وه‌ك ئوردون و سوریا ؛ ئه‌م شوێنه‌ شوێنێكی زۆر گونجاوه‌ بۆ كشتوكاڵ بۆیه‌ سه‌رنج ڕاكێش بووه‌ بۆ چاوی ته‌ماعكاران كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر دابگرن و لێی نیشته‌جێ ببن .

 

با بگه‌ڕێینه‌ بۆ مێژووی سه‌رده‌می تۆفانه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ر نوح – علیه السلام – بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا ده‌ركه‌وێت چۆن ناوی ئه‌م خاكه‌ دراوه‌ته‌ پاڵ كه‌نعانیه‌كان .

 

تۆفانه‌ گه‌وره‌كه‌ی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر نوح – علیه السلام – ده‌ستی پێكرد ؛ سێ له‌كوره‌كانی پێغه‌مبه‌ر نوح – علیه السلام – له‌گه‌ڵ باوكیان بوون و باوه‌ڕداربوون كه‌ بریتی بوون له‌ ( سام وه‌ حام وه‌ یافث ) وه‌ كوڕی چواره‌م به‌گوێره‌ی مێژوونووسان كه‌ پێی ده‌وترێت یام یان كه‌نعان ئه‌وكوره‌ بوو كه‌ گومڕا و بێ باوه‌ربوو و گوێرایه‌ڵی باوكی نه‌كرد و نه‌چووه‌ ناو كه‌شیه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ بێ باوه‌ران له‌ناو تۆفانه‌كه‌ خنكا .

پاشان كه‌شتیه‌كه‌ له‌سه‌ر چیای جوودی نیشته‌وه‌ و منداڵه‌كانی پێغه‌مبه‌ر نوح – علیه السلام – له‌سه‌ر زه‌وی بڵاوبوونه‌وه‌ و سام چووه‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی ؛ وه‌ حام باكووری ئه‌فریقیای هه‌ڵبژارد ؛ وه‌ يافث به‌ره‌ولای ئم خاكه‌ ڕۆییشت كه‌ پێی ده‌وترێت خاكی ڕۆمه‌كان كه‌ ئێستا پێی ده‌وترێت ئه‌وروپا .

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ باسی بكه‌ین بریتیه‌ له‌وخاكه‌ی قه‌ومی سام لێی نیشته‌جێ بووه‌ كه‌ له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی نیشته‌جێ بووه‌ ؛ جا هه‌ندێكیان له‌م شوێنه‌وه‌ كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌م شوێنه‌ كه‌ پێشوو پێی ده‌وترا خاكی كه‌نعان وه‌ ئێستا پێی ده‌وترێت فه‌له‌ستین .

ئه‌م شوێنه‌ شوێنێكی زۆر به‌ پیت و به‌ره‌كه‌ته‌ و شوێنی كشتوكاڵه‌ وه‌كو نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی نیه‌ ؛ بۆیه‌ هه‌ندێكیان كۆچیان كردووه‌ بۆ ئه‌م شوێنه‌ و تیایدا نیشته‌جێ بوونه‌ و پێیان وتراوه‌ كه‌نعانیه‌كان ؛ وه‌ ئه‌م شوێنه‌ ناونراوه‌ به‌ خاكی كه‌نعانیه‌كان .

به‌رده‌وام به‌م ناوه‌ بووه‌ هه‌تا هاتنی چه‌ند ڕووداوێك و‌ ئه‌م ناوه‌یان گۆڕیوه‌ بۆ ناوێكی تر !

كه‌نعانیه‌كان چه‌ندین شارستانیان بنیات ناوه‌ و له‌دوای خۆیان جێ هێشتووه‌ ؛ لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م شارستانیه‌ چه‌ندین په‌یامی شارستانیان له‌وانه‌وه‌ پێ گه‌ییشتووه‌ كه‌ به‌ زمانی كه‌نعانی نووسراونه‌ته‌وه‌ ؛ ئه‌و زمانه‌ی زمانی عیبری و زمانی فیلیقی لێ دروست بووه‌ .

وه‌ ده‌ست نووسه‌كان ده‌ری ده‌خه‌ن كه‌ شارستانی و پێش كه‌وتن له‌دوای فه‌له‌ستین و لوبنان گه‌ییشتۆته‌ شوێنه‌كانی سوریا  وه‌ك ره‌ئسی شه‌مره‌ ئوگاریس كه‌ به‌یه‌كێك له‌ بنكه‌ شارستانیه گرنگه‌كانی كه‌نعانیه‌كان داده‌نرێت له‌ پێش میلاد .

هه‌روه‌ها شانشینی ئیبلا له‌ نزیك حه‌له‌ب .

پاشان چه‌ندین ڕووداو به‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ هاتوون ؛ له‌ كۆتاییه‌كانی قه‌رنی دوازده‌ پێش میلاد چه‌ند زینجیره‌یه‌ك له‌ جه‌نگ و هێرش كردن ده‌ستی پێكردووه‌ بۆ سه‌ر ئه‌م خاكه‌ له‌لایه‌ن هۆزه‌كانی ئه‌لكریتیه‌ ؛ ئه‌م هۆزانه‌ هه‌وڵیان ده‌دا ده‌ست به‌سه‌ر میصر دابگرن له‌ڕێگه‌ی ده‌ریاكانه‌وه‌ كه‌ له‌وڵاتی یونان و ئه‌و شوێنانه‌وه‌ ده‌هاتن ؛ به‌ڵام به‌هۆی شكستیان بریاریاندا هێڕشه‌كانیان بگۆرن بۆ ولاتی كه‌نعان .

ده‌ستیان كرد به‌ زنجیره‌یه‌ك له‌ ‌هێرش بردن بۆ ئه‌م شوێنه‌ و نیشته‌جێ بوون له‌ كه‌ناراوه‌كانی یافا و غه‌ززه‌ ؛ ئه‌م شوێنه‌ ناونرا به‌ فه‌له‌ستین وه‌ك نیسبه‌تێك بۆ ناوی هۆزی كه‌ریتی بالیستۆ كه‌ به‌ زمانی یۆنانی پێی ده‌وترێت ئه‌وانه‌ی له‌ڕێگه‌ی ده‌ریاوه‌ هاتوون .

دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌م خه‌ڵكانه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كه‌نعان تێكه‌ڵ بوون و ناوی فه‌له‌ستین زاڵ بوو به‌سه‌ر گشت كه‌ناراوه‌كان و ناوه‌وه‌ی كه‌نعانیش ؛ پاشان كه‌نعانیه‌كان كه‌ عه‌ره‌بن ئه‌مه‌یان قه‌بول نه‌بوو و سه‌رله‌نوێ وایان كرد كه‌ دانیشتوانی ئم شوێنه‌ ته‌نها عه‌ره‌ب بن .

ڕووداوی تریان بریتیه‌ له‌ گه‌ییشتنی یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌ران – علیه السلام – بۆ خاكی كه‌نعان كه‌ بریتیه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم – علیه السلام - ؛ كه‌ له‌عیراقه‌وه‌ كۆچ ده‌كات بۆ كه‌نعان ؛ پاشان كۆچ ده‌كات بۆ میصر پاشان دووباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خاكی كه‌نعان پاشان ده‌چێت بۆ نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی شاری مه‌ككه‌ی پیرۆز پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خاكی كه‌نعان كه‌ ئێستا پێی ده‌وترێت فه‌له‌ستین .

خوای په‌روه‌ردگار له‌خاكی كه‌نعان منداڵێكی به‌ پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم به‌خشی به‌ناوی ئیسحاق له‌خێزانی یه‌كه‌می كه‌ ناوی سارابوو ؛ وه‌ پێغه‌مبه‌ر ئیسحاق – علیه السلام – كوڕێكی ده‌بێت به‌ناوی یه‌عقوب – علیه السلام – كه‌ پێی ده‌وترێت ئیسرائیل واته‌ به‌نده‌ی خوا ؛ كه‌ هه‌موو به‌نی ئیسرائیلیه‌كانی كۆن ده‌درێنه‌ پاڵ ئه‌و .

له‌ ساڵی 1751 ی پێش میلاد ئه‌و ساڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر یه‌عقوب – علیه السلام – تیایدا له‌دایك بوو به‌ گوێره‌ی مێژوو نووسان ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای به‌نی ئیسرائیلیه‌كانه‌ .

خوای په‌روه‌ردكار دوازده‌ كوڕی به‌ پێغه‌مبه‌ر یه‌عقوب به‌خشی له‌وانه‌ پێغه‌مبه‌ر یوسف بوو – علیه السلام - ؛ كه‌ سووره‌تێكی ته‌واو له‌قورئانی پیرۆزدا به‌شێوه‌یه‌كی دوور و درێژ باسی پێغه‌مبه‌ر یوسف و دایك و باوكی و براكانی ده‌كات ؛ وه‌ كاتێك ده‌بێت به‌ وه‌زیری دارایی میصر و داوا له‌باوكی و خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كات كۆچ بكه‌ن له‌كه‌نعانه‌وه‌ بۆ میصر به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی وشكه‌ ساڵی .

پێغه‌مبه‌ر یوسف – علیه السلام – خانه‌واده‌كه‌ی له‌وڵاتی میصر هێشته‌وه‌ له‌دوای لێخۆشبوونی له‌ سته‌می براكانی كه‌ به‌بێ تاوان خستیانه‌ ناو بیر و سته‌می زۆریان لێكرد .

له‌دوای رۆییشتنی چه‌ندین ساڵ له‌م وڵاته‌ مانه‌وه‌ و به‌نی ئیسرائیلیه‌كان ژماره‌یان رۆژ به‌رۆژ زیادی ده‌كرد هه‌تا سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر موسی – علیه السلام - .

ئینجا ڕووداوێكی تر ده‌ستی پێكرد كه‌ بریتیه‌ له‌ ده‌رچوونی پێغه‌مبه‌ر موسی – علیه السلام – له‌ گه‌ڵ به‌نی ئیسرائیلیه‌كان له‌ وڵاتی میصر  له‌ترسی سته‌می فیرعه‌ون .

ئه‌م ڕووداوه‌ له‌سه‌رده‌می ره‌مسییسی دووه‌م بووه‌ ؛ وه‌ له‌ریوایه‌ته‌كانی تردا هاتووه‌ له‌سه‌ر ده‌می مرنیبتاح بووه‌ .

پێغه‌مبه‌ر موسی – علیه السلام – له‌گه‌ڵ به‌نی ئیسرائیلیه‌كان له‌ وڵاتی میصر ده‌رده‌چن به‌ره‌و وڵاتی كه‌نعان به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاتی كه‌نعان زۆر قوڕس و ئه‌سته‌مه‌ .

دوای رزگاربوونیان له‌ده‌ستی فیرعه‌ون و په‌ڕینه‌وه‌یان له‌ده‌ریاكه‌ و خنكان و له‌ناو چوونی فیرعه‌ون و جوندیه‌كانی ده‌كه‌ن به‌ بیابان كه‌ پێی ده‌وترێت بیابانی سیناء ؛ نزیكه‌ی چل ساڵ له‌م بیابانه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و ناتوانن بچنه‌ ناو خاكی فه‌له‌ستینه‌وه‌ هه‌تا دوای مردنی پێغه‌مبه‌ر موسی – علیه السلام - .

پاشان پێغه‌مبه‌ر یوشع بن نون – علیه السلام – ده‌بێت به‌ پێغه‌مبه‌ریان و ده‌یانبات به‌ره‌و فه‌له‌ستین و ده‌یان گه‌یه‌نێت به‌ ئه‌ریحا ؛ فه‌له‌ستین ئه‌وكات دوازه‌ قازی حوكمیان تیادا ده‌كرد پاشان تاڵوت حومی تیادا كرد پاشان سه‌رده‌می پادشایه‌تی هات كه‌ له‌وانه‌ پێغه‌مبه‌ر داود بوو – علیه السلام – نزیكه‌ی (‌ 1004 ) ساڵ پێش میلاد ؛ پێغه‌مبه‌ر دواد – علیه السلام – سه‌ركه‌وتووبوو له‌ كۆكردنه‌وه‌ی به‌نی ئیسرائیلیه‌كان جارێكی تر و كۆتایی هێنا به‌ناكۆكیه‌كان و جه‌نگه‌كانی نێوانیان وه‌ توانی یه‌بوسیه‌كان بشكێنێت ؛ وه‌ ده‌وڵه‌تێك دابمه‌زرێنێت له‌ خاكی كه‌نعانیه‌ عه‌ره‌به‌كان .

خاكی كه‌نعان به‌م شێوه‌یه‌ بوو هه‌تا سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر سوله‌یمانی كوری پێغه‌مبه‌ر داود – علیه السلام - ؛ به‌ڵام له‌دوای مردنی پێغه‌مبه‌ر سوله‌یمان – علیه السلام – ناكۆكی گه‌ڕایه‌وه‌ نێوان جوله‌كه‌كان و ئه‌م خاكه‌یان دابه‌ش كرد بۆ دوو به‌ش ؛ شانشینی یه‌هوذا له‌ قودس بوو ؛ وه‌ شانشینی ئیسرائیل له‌ سامیره‌ بوو .

له‌نێوان ئه‌م دوو شانشینه‌ جه‌نگ دروست بوو ؛ هه‌ریه‌ك له‌م دوو شانشینه‌ داوای یارمه‌تیان كرد له‌ پادشانی ولاتی میصر وه‌ ئه‌وه‌ی تریان داوای یارمه‌تی كرد له‌ ئاشوریه‌كان ؛ پادشای میصر ( شیشنگ)ئه‌م ناكۆكیه‌ی به‌هه‌ل زانی و هێرشی  كرد و ئه‌م خاكه‌ی  داگیر كرد ؛ پاشان‌ ئاشوریه‌كانیش هێرشیان كرد و ته‌واوی خاكی كه‌نعانیان داگیر كرد ؛ وه‌ سه‌رانه‌یان له‌سه‌ر واجب كردن ؛ وه‌ ئه‌وكات قه‌یران و ناخۆشی زۆر بۆ خه‌ڵكی ئیسرائیل دروست بوو ؛ وه‌ زۆربه‌ی دیله‌كانیان نێردران بۆ عیراق .

پاشان مه‌لیك نه‌بوخه‌تنه‌صه‌ری كلدانی هێرشی كرد بۆ فه‌له‌سین و توانی ده‌ست به‌سه‌ر قودس دابگرێت ؛ پاشان هه‌ندێك له‌ جوله‌كه‌كان هه‌وڵیاندا شورش بكه‌ن دژی ئه‌م پادشایه‌ به‌لام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و ئه‌م پادشایه‌ قودسی وێران كرد ؛ وه‌ هه‌موو شوێنه‌وارێكی وێران كرد له‌ به‌نی ئیسرائیلیه‌كان .

ئینجا فه‌له‌ستین بوه‌وه‌ به‌ كه‌نعانی عه‌ره‌بی و كۆچی عه‌ره‌به‌كان ده‌ستی پێكرد بۆ ئه‌م شوێنه‌ له‌ سوریا و  نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی .

به‌م شێوه‌یه‌ ده‌وله‌تی جوله‌كه‌ له‌ فه‌له‌ستین نه‌ما كه‌ ته‌نها چوار قه‌رن له‌م خاكه‌ حوكم ڕان بوون‌ ؛ له‌م كاته‌وه‌ نزیكه‌ی دوو هه‌زار ساڵ شانشینێك نه‌بووه‌ به‌ناوی ئیسرائیل ؛ به‌ڵام هه‌ولی زۆریان داوه‌ بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌م خاكه‌ هه‌تا ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت به‌هه‌ماهه‌نگی وڵاته‌كان وه‌ك ئێستا ده‌یبینین .

ئه‌مه‌ی باسكرا گێڕانه‌وه‌ی زۆرینه‌ی مێژوو نووسه‌كانه‌ .

له‌كۆتایی ئه‌م باسه‌دا پرسیار ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین ئایه‌ خاكی كه‌نعان كه‌ ئێستا پێی ده‌وترێت فه‌له‌ستین خاكی عه‌ره‌به‌كانه‌ یان خاكی جگه‌ له‌وانه‌ ؟

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

1 / 11 / 2023 م