(23) پرسیار و وه‌ڵام ده‌رباره‌ی‌ ئه‌حكامه‌ ته‌ندروستیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ڕۆژوو

 (23) پرسیار و وه‌ڵام ده‌رباره‌ی‌

ئه‌حكامه‌ ته‌ندروستیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ڕۆژوو

 

 

 

وه‌رگێرانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

1_ هه‌ندێك له‌خه‌ڵكی ده‌ڵێن هه‌ر شتێك له‌كاتی به‌رۆژووبوون بچێته‌ ناولاشه‌وه‌ ئه‌وا ڕۆژوو ده‌شكێنێت ؛ ئایه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ تا چه‌ند ڕاسته‌ ؟

وه‌ڵام : ئه‌مه قسه‌یه‌ ڕاست نیه‌ ؛ ئه‌وه‌ی ڕۆژوو ده‌شكێنێت خواردن و خواردنه‌وه‌یه‌‌ ؛ وه‌ ئه‌وشتانه‌ش كه‌ جێگای خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌ وه‌ك ده‌رزی وزه‌ به‌خش .

 

2_ ئایه‌ به‌ وه‌رگرتنی ده‌رزی رۆژوو ده‌شكێت ؟

وه‌ڵام : ده‌رزی ئازار شكێن و ئیلتیهابات ڕۆژوو ناشكێنێت به‌ڵام ده‌رزی وزه‌ به‌خش رۆژوو ده‌شكێنێت چونكه‌ جێگای خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌ .

 

3_ئایه‌ ڕۆژوه‌وان ئه‌گه‌ر پێویستی به‌ حه‌بی چاره‌سه‌ری دڵ ‌بوو كه‌ له‌ژێر زمان داده‌نرێت ؛ ئایه‌ ڕۆژووه‌كه‌ی ده‌شكێت ؟

وه‌ڵام : ئه‌م حه‌به‌ رۆژوو ناشكێنێت ؛ چونكه‌ زۆر به‌خێرایی ده‌توێته‌وه‌ و خوێن ده‌گه‌یه‌نێت به‌ دڵ ؛ هیچ له‌م حه‌به‌ ناگات به‌گه‌ده‌ و په‌یوه‌ندی به‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ نیه‌ .

 

4_ ئایه‌ ده‌كرێت قه‌تره‌ی چاو له‌كاتی به‌رۆژوو بوون به‌كار بهێندرێت ؟

وه‌ڵام : به‌ڵی دروسته‌ و ئاساییه‌ ؛ قه‌تره‌ی چاو ڕۆژوو ناشكێنێت .

 

5_ ئایه‌ دروسته‌ له‌كاتی به‌رۆژوبووندا به‌خاخی نه‌خۆشی ره‌بوو به‌كاربهێندرێت ؟

وه‌ڵام : به‌ڵێ دروسته‌ ؛ چونكه‌ ئه‌م پرژێنه‌ ناگات به‌ گه‌ده‌ ؛ ته‌نها ده‌گات به‌ بۆری هه‌ناسه‌ .

 

6_ ئایه‌ حوكمی هه‌ڵمژینی ئه‌و بوخاره‌ چه‌یه‌ بۆ رۆژوه‌وان كه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌كان به‌كاردێت بۆ نه‌خۆشی ره‌بۆ له‌رۆژانی مانگی ره‌مه‌زان ؟

وه‌ڵام : ئه‌گه‌ر ئاوی له‌گه‌ڵ بێت و بگات به‌ گه‌ده‌ ئه‌وا دروست نیه‌ رۆژوه‌وان به‌كاری بهێنێت .

 

7_ ئایه‌ دروسته‌ ڕۆژوه‌وان له‌كاتی به‌رۆژووبوندا قه‌تره‌ی لووت به‌كاربهێنێت ؟

وه‌ڵام : به‌كارنه‌هێنانی باشتره‌ ؛ چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی : له‌كاتی ده‌ست نوێژدا ئاو به‌ كونه‌ لوته‌كانتان به‌توندی هه‌ڵمژن ته‌نها ئه‌وكاته‌ نه‌بێت كه‌ به‌رۆژوون ؛ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گات به‌ گه‌ده‌ .

 

8_ ئایه‌ به‌خاخی لووت رۆژوو ده‌شكێنێت ؟

وه‌ڵام : نه‌خێر ڕۆژوو ناشكێنێت چونكه‌ ناگات به‌ گه‌ده‌ و دروسته‌ له‌كاتی به‌رۆژووبوون به‌كار بهێندرێت .

 

9_ ئایه‌ شوشتنی ناوه‌وه‌ی گوێچكه‌كان‌ رۆژوو ده‌شكێنێت ؟

وه‌ڵام : شوشتنی ناوه‌وه‌ی گوێچكه‌كان له‌لای پزیشك له‌كاتی به‌رۆژووبوون ڕۆژوو ناشكێنێت و دروسته‌ و ئاساییه‌ .

 

10_ئایه‌ به‌كارهێنانی ته‌حامیل رۆژوو ده‌شكێنێت ؟

وه‌ڵام : به‌كارهێنانی ته‌حامیل رۆژوو ناشكێنێت ؛ چونكه‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ نیه‌ و ناگات به‌ گه‌ده‌ .

 

11_ ئایه‌ پشكنین كردن بۆ ره‌حم رۆژوو ده‌شكێنێت ؟

وه‌ڵام : پشكنین كردن بۆ ره‌حم له‌لایه‌ن پزیشكی ئافره‌ته‌وه‌ رۆژوو ناشكێنێت ؛ جا وه‌ك یه‌كه‌ پشكنینه‌كه‌ به‌ دووربینی ڕێچكه‌ی منداڵدان بێت یان به‌ په‌نجه‌ بێت .

 

12_ ئایه‌ حوكمی به‌كارهێنانی له‌وله‌ب چیه‌ بۆ ئافره‌تان له‌كاتی به‌رۆژووبووندا ؟

وه‌ڵام : دروسته‌ و ئاساییه‌ ؛ له‌وله‌ب ئه‌وشته‌یه‌ له‌رێچه‌ی میزه‌وه‌ داده‌نرێت بۆ شوشتنی گورچیله‌كان ؛ رۆژوو به‌هۆیه‌وه‌ به‌تاڵ نابێته‌وه‌  .

 

13_ ئایه‌ ددان ده‌رهێنان یان پركردنه‌وه‌ی رۆژوو ده‌شكێنێت ؟

وه‌ڵام : ڕۆژوو ناشكێت به‌ ددان ده‌رهێنان یان پڕكردنه‌وه‌ی یان پاككردنه‌وه‌ی ؛ به‌مه‌رجێك به‌ ئه‌نقه‌ست خوێن و ئاو قوت نه‌دات .

 

14_ ئایه‌ به‌كارهێنانی غه‌رغه‌ره‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی ده‌م رۆژوو ده‌شكێنێت ؟

وه‌ڵام : ئاو له‌ده‌م وه‌ركردن و غه‌ره‌غه‌ره‌ كردن له‌كاتی به‌رۆژووبوون دروسته‌ و ئاساییه‌ به‌مه‌رجێك به‌ ئه‌نقه‌ست له‌قورگ نه‌چێته‌ خواره‌وه‌ .

 

15_ ئایه‌ حوكمی به‌كارهێنانی هه‌ویری ددان له‌كاتی به‌رۆژووبوون دروسته‌ ؟

وه‌ڵام : به‌كارهێنانی هه‌ویری ددان له‌كاتی به‌رۆژووبوون دروسته‌ و ئاساییه‌ و رۆژوو ناشكێنێت ئه‌گه‌ر ئاو و تامه‌كه‌ی نه‌گات به‌ گه‌ده‌ ؛ وه‌ واباشتره‌ له‌كاتی به‌رۆژوو بوون به‌كار نه‌هێندرێت و دوابخرێت بۆ دوای رۆژوو شكاندن .

 

16_ ئایه‌ دروسته‌ غازی ئۆكسیجین به‌كاربهێنرێت له‌كاتی به‌رۆژووبوون ؟

وه‌ڵام : به‌ڵی دروسته‌ و ئاساییه‌ له‌كاتی به‌رۆژووبوون غازی ئۆكسجین به‌كاربهێنرێت و رۆژوو به‌هۆیه‌وه‌ ناشكێت .

 

17- ئایه‌ به‌نجی بێ ئاگاكردن رۆژوو ده‌شكێنێت ؟

وه‌ڵام : ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌نج كردنه‌ هه‌موو رۆژه‌كه‌ بگرێته‌وه‌ ئه‌وا رۆژووی پێ ده‌شكێت و ده‌بێت دوای ره‌مه‌زان رۆژوه‌كه‌ی بگرێته‌وه‌ .

به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو رۆژه‌كه‌ نه‌گرێته‌وه‌ به‌شێك له‌رۆژ بێهۆش بێت ئه‌وكات رۆژوه‌كه‌ی دروسته‌ و ئاساییه‌ به‌مه‌رجێك ده‌رزی موغه‌زی وزه‌به‌خشی پێ نه‌درابێت .

 

18_ ئایه‌ حوكمی به‌كارهێنانی رۆن یان مه‌لحه‌م یان له‌زگه‌ بۆ پێست له‌كاتی به‌ڕۆژووبوون دروسته‌ ؟

وه‌ڵام : دروسته‌ و ئاساییه‌ له‌كاتی به‌رۆژووبوون رۆن یان مه‌له‌حه‌م یان له‌زگه‌ بۆ پیست به‌كاربهێندرێت ؛ ئه‌گه‌ر ئه‌م رۆن و مه‌لهه‌مه‌ بچێته‌ ناو پێستیش رۆژوو ناشكێنێت چونكه‌ وه‌كو خواردن و خواردنه‌وه‌ نیه‌ بگات به‌ گه‌ده‌ .

 

19_ ئایه‌ حوكمی ته‌ركه‌ره‌وه‌ی لێوه‌كان چیه‌ له‌كاتی به‌ڕۆژووبوون بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی لێویان زۆر وشك ده‌بێت ؟

وه‌ڵام : دروسته‌ بۆ رۆژوه‌وان ده‌رمانی ته‌ڕكه‌ره‌وه‌ی لێوه‌كانی به‌كاربهێنێت به‌مه‌رجێك نه‌یخاته‌ ناو ده‌می و قوتی نه‌دات .

 

20_ ئایه‌ به‌نه‌شته‌رگه‌ری نازوور رۆژوو ده‌شكێت ؟

وه‌ڵام : ماده‌م ناگات به‌ناو گه‌ده‌ رۆژوو ناشكێنێت ؛ چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌خرێته‌ ناولاشه‌ جێگای خواردن و خواردنه‌وه‌ ناگرێته‌وه‌ ؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ ئه‌وكات ده‌رزی وزه‌ به‌خشی بۆ داندرا ئه‌وا رۆژوه‌كه‌ی ده‌شكێت چونكه‌ ده‌رزی وزه‌ به‌خش جێگای خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌ .

 

21_ ئایه‌ وه‌رگرتنی خوێن له‌كاتی به‌ڕۆژووبوون دروسته‌ ؟

وه‌ڵام : ئه‌گه‌ر خوێنه‌كه‌ كه‌م بێت و ته‌نها بۆ پشكنین بێت دروسته‌ و ئاساییه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێنه‌كه‌ زۆربێت و بۆ به‌خشین بێت ئه‌وا دوای ره‌مه‌زان رۆژوه‌كه‌ی بگرێته‌وه‌ باشتره‌ .

 

22_ ئایه‌ خوێن به‌ربوونی لووت رۆژوو ده‌شكێنێت ؟

وه‌ڵام : نه‌خێر رۆژوو ناشكێنێت وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌خوێنه‌كه‌ به‌بی ویستی خۆی چوه‌ خواره‌وه‌ ڕۆژوه‌كه‌ی هه‌ر دروسته‌ ؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ست خوێنه‌كه‌ قوت بدات ئه‌وكات رۆژوه‌كه‌ی ده‌شكێت .

 

23_ ئایه‌ شوشتنی كلیه‌ رۆژوو ده‌شكێنێت ؟

وه‌ڵام : ئه‌گه‌ر له‌كاتی شوشتنی كلیه‌دا ده‌رمانێك به‌كاربهێندرێت بگات به‌گه‌ده‌ و جێگای خواردن و خواردنه‌وه‌ بگرێته‌وه‌ ئه‌وا رۆژووی پێ ده‌شكێت ؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بێت ئه‌وا ڕۆژووی پێ ناشكێت .

وه‌رگێرانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .‌