رووداوه‌كانی دوای زیندوو بوونه‌وه

رووداوه‌كانی دوای زیندوو بوونه‌وه

له‌ڕۆژی دواییدا كاتێك نه‌فخی صوری یه‌كه‌م لێدا هه‌موو دروست كراوه‌كان ده‌مرن ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ ویستی خوای په‌روه‌ردگاری  له‌سه‌ره‌ كه‌ نه‌مرن .

پاشان پێش نه‌فخی صوری دووه‌م لێ بدرێت خوای په‌روه‌ردگار بارانێك به‌سه‌رزه‌ویدا ده‌بارێنێت خه‌ڵكی به‌هۆی ئه‌م بارنه‌وه‌ لاشه‌یان دروست ده‌بێته‌وه‌ وه‌ك چۆن پاقله‌ شین ده‌بێت و گه‌شه‌ ده‌كات ؛ ئینجا نه‌فخی صوری دوه‌م لێ ده‌درێت و رۆحیان دێته‌وه‌ به‌روو زیندوو ده‌بنه‌وه‌  ‌؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : وَنُفِخَ فِي الصُّورِ فَصَعِقَ مَنْ فِي السَّمَاوَاتِ وَمَنْ فِي الْأَرْضِ إِلَّا مَنْ شَاءَ اللَّهُ ۖ ثُمَّ نُفِخَ فِيهِ أُخْرَىٰ فَإِذَا هُمْ قِيَامٌ يَنْظُرُونَ . الزمر : 68 .

 واته‌ : له‌و ڕۆژه‌دا فوو ده‌کرێت به‌ - صور - دا، (مه‌گه‌ر هه‌ر خوا خۆی بزانێت چ ده‌زگایه‌که‌) هه‌ر که‌س له‌ ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا مابێت خێرا ده‌مرێت، مه‌گه‌ر که‌سێک خوا ویستی له‌سه‌ر مردنی نه‌ بێت، له‌وه‌ودوا فوویه‌کی تری پیادا ده‌کرێته‌وه‌، جا ده‌ستبه‌جێ هه‌رهه‌موو خه‌ڵکی هه‌ستاونه‌ته‌ سه‌رپێ و به‌سه‌رسامیه‌وه‌ چاوه‌ڕوانن.

یه‌كه‌م كه‌س كه‌ زیندوو ده‌بێته‌وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ صلی الله علیه وسلم .

وه‌ خه‌ڵكی كاتێك زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌ ڕووت و پێخواسن ؛ نه‌پۆشاكیان له‌به‌ره‌ وه‌ نه‌ پێلاو؛‌ وه‌ نه‌خه‌ته‌نه‌ ‌كراون ؛ وه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تادا دروست كراون ئاوا زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌ ؛ وه‌ له‌به‌ر ترس و ناخۆشی ئه‌مرۆژه‌ كه‌س سه‌یری یه‌كتر ناكات و بیریان بۆ ئه‌وه‌ ناچێت كه‌ ڕووت و بێ پۆشاكن .

جا كه‌سی باوه‌ردار كاتێك زیندوو ده‌بێته‌وه‌ كامه‌ران و دڵخۆشه‌ چونكه‌ هه‌ر له‌ناو گۆردا مژده‌ی به‌هه‌شتی پێدراوه‌ و شوێنی خۆی بینیوه‌ .

وه‌ كه‌سی بێ باوه‌ڕ كاتێك زیندوو ده‌بێته‌وه‌ هاوارده‌كات و ده‌ڵێت : يَا وَيْلَنَا مَنْ بَعَثَنَا مِنْ مَرْقَدِنَا ۜ ۗ هَٰذَا مَا وَعَدَ الرَّحْمَٰنُ وَصَدَقَ الْمُرْسَلُونَ . یس : 52 .

 ئه‌ی هاوار ئه‌وه‌ کێ ئێمه‌ی زیندوو کرده‌وه‌؟ کێ ئێمه‌ی له‌ شوێنی ڕاکشانمان له‌ گۆڕه‌کانمان ده‌رهێنا؟ پێیان ئه‌وترێت : ئائه‌مه‌ به‌ڵێنی خوای میهره‌بانه‌ و پێغه‌مبه‌رانیش له‌ هه‌واڵدانی هاتنی ئه‌و ڕۆژه‌ ڕاستیان کردووه‌.

وه‌ هه‌وه‌ها كه‌سی كافر ده‌ڵێت : يَا لَيْتَنِي كُنْتُ تُرَابًا . النبأ : 40 .

 خۆزگه‌ هه‌ر خاک بوومایه‌ و زیندوو نه‌کرامایه‌ته‌وه‌ .

كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ لێپێچینه‌وه‌

پاشان خه‌ڵكی كۆده‌كرێته‌وه‌ و خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : وَيَوْمَ نُسَيِّرُ الْجِبَالَ وَتَرَى الْأَرْضَ بَارِزَةً وَحَشَرْنَاهُمْ فَلَمْ نُغَادِرْ مِنْهُمْ أَحَدًا . الكهف : 47 .

 ڕۆژێك دێت که‌ کێوه‌کان له‌ جێگه‌ی خۆیان هه‌ڵده‌که‌نین و گۆشه‌و که‌ناری زه‌وی به‌زه‌قی ده‌بینیت ، له‌کاتێکدا هه‌موو خه‌ڵکیشمان کۆ کردۆته‌وه‌و که‌سیشمان لێ به‌جێ نه‌هێشتوون.

‌ له‌م رۆژه‌دا بانگی خه‌ڵكی ده‌كرێت بۆ لێپێچینه‌وه‌ ؛ هه‌موو خه‌لكی به‌دوای ئه‌م ده‌نگه‌وه‌ ده‌روات ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : يَوْمَئِذٍ يَتَّبِعُونَ الدَّاعِيَ لَا عِوَجَ لَهُ ۖ وَخَشَعَتِ الْأَصْوَاتُ لِلرَّحْمَٰنِ فَلَا تَسْمَعُ إِلَّا هَمْسًا . طه : 108 .

 له‌و ڕۆژه‌دا هه‌موو خه‌ڵکی شوێنی جاڕده‌ری کۆکردنه‌وه‌ ده‌که‌ون، هیچ سه‌رپێچی و لاریه‌ک ناکرێت، هه‌موو ده‌نگه‌کان له‌به‌ر په‌روه‌ردگاری میهره‌بان نزمن و به‌هێواشی ده‌دوێن، ته‌نها چپه‌ و سرته‌یه‌کی که‌م نه‌بێت هیچی تر نابیستیت.

له‌م رۆژه‌ دوور و درێژه‌دا خه‌ڵكی  له‌سه‌ر پێ وه‌ستاوه‌ ؛ كه‌ درێژی ئه‌م رۆژه‌ په‌نجا هه‌زار ساڵه‌ .

له‌م رۆژه‌دا هه‌موو كه‌سێك به‌دوای رزگاركردنی نه‌فسی خۆیه‌تی و مرۆڤه‌كان له‌یه‌كتری ڕاده‌كه‌ن ؛  خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی :  يَوْمَ يَفِرُّ الْمَرْءُ مِنْ أَخِيهِ وَأُمِّهِ وَأَبِيهِ وَصَاحِبَتِهِ وَبَنِيهِ لِكُلِّ امْرِئٍ مِنْهُمْ يَوْمَئِذٍ شَأْنٌ يُغْنِيه . عبس : 34 – 37 .

له‌ورۆژه‌دا برا له‌به‌راكه‌ی ڕاده‌كات وه‌ له‌دایك و باوكی ڕاده‌كات وه‌ خێزانی و منداڵه‌كانی راده‌كات ؛ هه‌ركه‌سه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌ و به‌دوای رزگاركردنی خۆیه‌تی .

ئه‌م رۆژه‌ ڕۆژێكی زۆر گه‌رمه‌ خۆر ته‌نها به‌ئه‌ندازه‌ی یه‌ك میل له‌مرۆڤه‌كان دووره‌  ؛ خه‌لكی ئاره‌قه‌ی زۆر ده‌كات ؛ هه‌ندێك له‌خه‌لكی ئاره‌قه‌كه‌ی لاشه‌ی هه‌تا گوێزینگی هاتوه‌ ؛ وه‌ هه‌یانه‌ ئاره‌قه‌ی هه‌تا ناوه‌ڕاستی قاچی  هاتوه‌ ؛ وه‌ هه‌یانه‌ ئاره‌قه‌ی هه‌تا ئه‌ژنۆی هاتوه‌ ؛ وه‌ هه‌یانه‌ ئاره‌قه‌ی هه‌تا كه‌له‌كه‌ی هاتووه‌ ؛ وه‌ هه‌یانه‌ ئاره‌قه‌ی هه‌تا شانه‌كانی هاتوه‌ ؛ وه‌ هه‌یانه‌ ئاره‌قه‌ی هه‌تا گه‌رده‌نی هاتوه‌ ؛ وه‌ هه‌یانه‌ ئاره‌قه‌ی هه‌تا ده‌می هاتوه‌ ؛ وه‌ هه‌یانه‌ ئاره‌قه‌ی هه‌موولاشه‌ی داپۆشیوه‌ و كه‌وتۆته‌ ناوی .

له‌م رۆژه‌دا هیچ سێبه‌رێك نیه‌ ته‌نها سێبه‌ری عه‌رشی خوای په‌روه‌ردگار نه‌بێت ؛ وه‌ ئه‌م سێبه‌ره‌ تایبه‌ته‌ به‌چه‌ند چینێكی دیاریكراو و بۆ هه‌موو خه‌ڵك نیه‌ ؛ له‌وانه‌ پێشه‌وای داد په‌روه‌ر ؛ وه‌ لاوێك له‌به‌ندایه‌تی کردن بۆ خوا پێگه‌یشتووه ؛ وه‌ پیاوێك که‌دڵی په‌یوه‌ست بوو بێت به‌مزگه‌وته‌وه‌ ؛ وه‌ دوو پیاو له‌به‌رخوا یه‌کترییان خۆش ویستوه‌و وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش کۆبونه‌ته‌وه‌و جیابونه‌ته‌وه ؛ وه‌ پیاوێك له‌چۆڵی دا زیکرو یادی خوای کردووه‌ فرمێسك له‌دوو چاوی هاتۆته‌خوار ؛ وه‌ پیاوێکیش ئافره‌تێکی خانه‌دان و جوان بانگی ده‌کات ئه‌ویش ده‌ڵێ : من له‌خوای گه‌وره‌ ده‌ترسم ؛ پیاوێکیش سه‌ده‌قه‌یه‌کی کردووه‌، وه‌ شاردووێتییه‌وه‌ هه‌تا ده‌ستی چه‌پی نه‌زانێت ده‌ستی ڕاستی چی به‌خشیوه .‌

له‌م رۆژه‌دا خه‌ڵكی زۆر له‌ناره‌حه‌تی دایه‌ و داواده‌كه‌ن زوو لێپێچینه‌وه‌ی ده‌ست پێ بكات .

بۆیه‌ ده‌چنه‌لای باوكه‌ ئاده‌م پێی ده‌ڵێن ؛ ئه‌ی ئاده‌م تۆ باوكی مرۆڤه‌كانی ؛ وه‌ خوای په‌روه‌ردگار به‌ده‌ستی پیرۆزی خۆی تۆی دروست كردوه‌ ؛ بۆمان داوا له‌خوای په‌روه‌ردگار بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دادگاییمان‌ ده‌ست پێ بكات ؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت : خوای په‌روه‌ردگار ئه‌مرۆ زۆر تووڕه‌یه‌ و ئه‌و داوایه‌ به‌م ناكرێت برۆن بۆلای نوح ؛ ئینجا كاتێك ده‌چن بۆلای پێغه‌مبه‌ر نوح علیه الصلاه‌ والسلام ئه‌ویش ده‌ڵێت ئه‌و داوایه‌ به‌من ناكرێت برۆن بۆلای ابراهیم علیه السلام ؛ كاتیك ده‌چن بۆلای پێغه‌مبه‌ر ابرهیم علیه السلام ئه‌ویش ده‌ڵێت ئه‌وداوایه‌ به‌من ناكرێت برۆن بۆلای موسی علیه السلام ؛ كاتێك ده‌چن بۆلای پێغه‌مبه‌ر موسی علیه السلام ئه‌ویش ده‌ڵێت : ئه‌وداوایه‌ به‌من ناكرێت برۆن بۆلای عیسی علیه السلام ؛ كاتێك ده‌چن بۆلای پێغه‌مبه‌ر عیسی علیه السلام ئه‌ویش ده‌ڵێت ئه‌وداوایه‌ به‌من ناكرێت برۆن بۆلای محمد صلی الله علیه وسلم ؛ كاتێك ده‌چن بۆلای پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ده‌ڵێن ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم واده‌بینی له‌چ ناڕه‌تی و ناخۆشیداین ؛ بۆمان له‌په‌روه‌ردگار بپارێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌لێپیچینه‌وه‌ بكات ؟ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم ده‌چێته‌ ژێر عه‌رشی خوا و سوجده‌ بۆ په‌روه‌ردگاری ده‌بات و زۆر سوپاس و ستاییشی خوای په‌روه‌ردگار ده‌كات  ؛ ئینجا تكا و داوای پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم وه‌رده‌گیردرێت و ئه‌وترێت سه‌رت به‌رز بكه‌وه‌ ئه‌ی محمد صلی الله علیه وسلم داوا بكه‌ پێت ده‌به‌خشرێت وه‌ شه‌فاعه‌ت بكه‌ و شه‌فاعه‌ته‌كه‌ت وه‌رده‌گیردرێت .

پاشان خوای په‌روه‌ردگاردێت و دادگایی كردن و لێپێچینه‌وه‌  ده‌ست پێ ده‌كات ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی :  وَجَاءَ رَبُّكَ وَالْمَلَكُ صَفًّا صَفًّا . الفجر : 22 .

 په‌روه‌ردگارت دێت و فریشته‌کانیش پۆل پۆل .

وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم فه‌رمویه‌تی : هیچ كه‌سێك نیه‌ له‌ئێوه‌ ئیلا خوای په‌روه‌ردگار قسه‌ی له‌گه‌ل ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی هیچ موته‌رجیمێك هه‌بێت له‌نێوان ئه‌و و خوادا .‌

ئینجا په‌رتوكی كرده‌وه‌كان دابه‌ش ده‌كرێت و باوه‌ڕداران په‌رتوكی كردوه‌كانیان به‌ده‌ستی ڕاستیان پێ ده‌درێته‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌یه‌كی ئاسانیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت به‌پێی ته‌قواو زۆری كردوه‌ی چاكیان ؛ به‌ڵام بێ باوه‌ڕان به‌ده‌ستی چه‌پ له‌دواوه‌ په‌رتوكی كردوه‌كانیان وه‌ر ده‌گرنه‌وه‌ لێپیچینه‌وه‌ی قورسیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : فَأَمَّا مَنْ أُوتِيَ كِتَابَهُ بِيَمِينِهِ . فَسَوْفَ يُحَاسَبُ حِسَابًا يَسِيرًا . وَيَنْقَلِبُ إِلَىٰ أَهْلِهِ مَسْرُورًا . الانشقاق : 7 – 9 .

واته‌ : ئه‌و که‌سه‌ی که‌ نامه‌ی(کرده‌وه‌ی) درایه‌ ده‌ستی ڕاستی ؛ ئه‌وسا پرسینه‌وه‌یه‌کی سووک و ئاسانی له‌گه‌ڵ ده‌کرێ ؛ وه‌ به‌دڵ خۆشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای که‌س و کاری .

وَأَمَّا مَنْ أُوتِيَ كِتَابَهُ وَرَاءَ ظَهْرِه . فَسَوْفَ يَدْعُو ثُبُورًا . وَيَصْلَىٰ سَعِيرًا . الانشقاق : 10 – 12 .

واته‌ : وه‌ ئه‌و که‌سه‌ی نامه‌ی كرده‌وه‌كانی له‌ پشته‌وه‌ درایه‌ ده‌ستی ؛ هاوارده‌كات و ده‌ڵێت خوایه‌ بمكوژه‌ خوایه‌ له‌ناوم به‌ره‌ ؛ وه‌ پاشان ده‌چێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌ .

ته‌رازووی ڕۆژی دوایی

پاشان ته‌رازوو داده‌نرێت بۆ پێوانی نامه‌ی كرده‌وه‌كان ؛ جا هه‌ركه‌سێك نامه‌ی كرده‌وه‌ چاكه‌كانی قورستربوو له‌كرده‌وه‌ خراپه‌كانی ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ به‌هه‌شت وه‌ هه‌ركه‌سێك نامه‌ی كرده‌وه‌ خراپه‌كانی قورستربوو ئةوه‌ ده‌چێته‌ دۆزه‌خ ؛ خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی : فَأَمَّا مَنْ ثَقُلَتْ مَوَازِينُهُ . فَهُوَ فِي عِيشَةٍ رَاضِيَةٍ . القارعة : 6 – 7 .

واته‌ : جا ئه‌وه‌ی ته‌رازووی خێری سه‌نگین بێت ؛ ئه‌وه‌ له‌ بارودۆخێکی خۆش و ئاسووده‌دا ژیان ده‌باته‌ سه‌رو زۆر پێی ڕازیه‌.

وَأَمَّا مَنْ خَفَّتْ مَوَازِينُهُ . فَأُمُّهُ هَاوِيَةٌ . وَمَا أَدْرَاكَ مَا هِيَهْ . نَارٌ حَامِيَةٌ . سورة القارعة : 8 – 11 .

واتة : وة ئه‌وه‌ی ته‌رازووی (خێرو چاکه‌ی) سووك بێت (گوناهی زۆر بێت) ؛ ئه‌وه‌ دایکی ئه‌و دۆزه‌خه‌ (باوه‌شی بۆ کردۆته‌وه‌) ؛ جا تۆ چووزانی (هاویه‌) چیه‌؟! ئاگرێکی زۆر سوتێنه‌رو بڵێسه‌داره‌ (هه‌رگیز خامۆش نابێت و تینی که‌م ناکات و له‌ کۆڵی نابێته‌وه‌).

حه‌وزی كه‌و‌سه‌ر

له‌م رۆژه‌دا له‌ساحه‌ی مه‌حشه‌ر خه‌ڵكی زۆر تێنویانه‌ ؛ به‌هۆی نزیكی خۆر لێیان و ماندوو بون و هیلاكیان ؛ بۆیه‌ خه‌لكی به‌ره‌و حه‌وزی كه‌وسه‌ر ده‌رۆن ؛ كه‌ له‌ناو ساحه‌ی مه‌حشره‌ پێش پردی سیرات ؛ ‌ حه‌وزێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ و خوای په‌روه‌ردگار به‌پێغه‌مبه‌ری خوای به‌خشیوه‌ صلی الله علیه وسلم ؛ وه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانی تریش سه‌لامی خوای په‌روه‌ردگاریان لێبێت حه‌وزی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وممه‌ته‌كه‌یان ؛ ئاوی حه‌وزی كه‌وسه‌ری پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم  ئاوی ڕوباری كه‌وسه‌ری ناو به‌هه‌شتی به‌ دوو سولاوكه‌ دێته‌ ناو ؛  پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم له‌سه‌ر ئه‌م حه‌وزه‌یه‌ و چاوه‌روانی ئوممه‌ته‌كه‌ی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بێن له‌وئاوه‌ بخۆنه‌وه‌ ؛ به‌ڵام كاتێك خه‌ڵكی له‌حه‌وزه‌كه‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌ فریشته‌كان رێگری له‌وكه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پاش گه‌زبوونه‌ته‌وه‌ له‌ئایینی پیرۆزی ئیسلام ؛ وه‌ ئه‌وكه‌سانه‌ش كه‌ بیدعه‌یان له‌دیندا هێناوه‌ ؛ بۆیه‌ خواردنه‌وه‌ی ئاوی حه‌وزی كه‌وسه‌ر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ پاشگه‌ز نه‌بوونه‌ته‌وه‌ له‌دین و وه‌ بیدعه‌یان له‌دیندا نه‌هێناوه‌ .

‌پردی سیرات

پاشان باوه‌ڕداران به‌ڕێ ده‌كرێن بۆ ڕۆییشتن و په‌رینه‌وه‌ له‌سه‌ر پردی سیرات ؛ ئه‌م پرده‌ له‌سه‌ر پشتی دۆزه‌خه‌ وه‌ چه‌ندین قولابه‌ی پێوه‌یه‌ بۆ گرتنی خه‌لك و فڕێدانیان بۆناو دۆزه‌خ ؛ ئه‌م پرده‌ زۆر لوس و باریكه‌ ؛ هه‌موو خه‌لكی له‌باوه‌رداران به‌چاك و خراپیانه‌وه‌ ده‌بێت به‌سه‌ریدا تێ بپه‌ڕێت ؛ به‌ڵام بێ باوه‌ڕان به‌سری تێناپه‌ڕن هه‌روو له‌ساحه‌ی مه‌حشه‌ر به‌ره‌و دۆزه‌خ به‌رێ ده‌كرێن و ده‌خرێنه‌ ناو دۆزه‌خ ؛  خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمویه‌تی :  وَإِنْ مِنْكُمْ إِلَّا وَارِدُهَا ۚ كَانَ عَلَىٰ رَبِّكَ حَتْمًا مَقْضِيًّا . مریم : 71 .

واته‌ : ئێوه‌ ئه‌ی (خه‌ڵکینه‌) که‌ستان نی یه تێپه‌ڕ نه‌کات به‌سه‌ر دۆزه‌خدا، (بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر قه‌دری به‌هه‌شت و ڕه‌حمه‌تی خوا بزانن) ئه‌م پێشهاته‌ بڕیاردراوه‌ هه‌ر جێبه‌جێ ده‌کرێت.‌

باوه‌رداران به‌پێی  كرده‌وه‌كانیان  به‌سه‌ریدا ده‌په‌رنه‌وه‌ ؛ هه‌ندێك له‌باوه‌ردران هه‌یه‌ به‌چاو تروكان له‌سه‌ری ده‌په‌ڕێته‌وه‌ وه‌ هه‌ندێكیان وه‌ك بروسك ده‌په‌ڕێته‌وه‌ وه‌ هه‌ندێكیان وه‌ك با به‌سه‌ریدا ده‌په‌ڕێته‌وه‌ ؛ وه‌ هه‌ندێكیان  وه‌ك ئه‌سپێكی خێرا ده‌په‌ڕێته‌وه‌ وه‌ هه‌ندێكیان به‌رۆییشتنێكی ئاسایی به‌سه‌ریدا ده‌په‌رێته‌وه‌ وه‌ هه‌ندێكیان به‌هۆی تاوانی زۆریان قولاب ده‌یان گرێت و ده‌خرێنه‌ دۆزه‌خ هه‌تا له‌گوناهه‌كاناین پاك ده‌كرێنه‌وه‌ .

یه‌كه‌م كه‌س كه‌ به‌سه‌ر ئه‌م پرده‌دا ده‌په‌رێته‌وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوایه‌ صلی الله علیه وسلم له‌گه‌ل ئوممه‌ته‌كه‌ی ؛ له‌ورۆژه‌دا هیچ كه‌سێك قسه‌ناكات ته‌نها پێغه‌مبه‌ران نه‌بێت و ده‌ڵێن : اللهم سلم اللهم سلم خوایه‌ سه‌لامه‌تمان بكه‌ خوایه‌ سه‌لامه‌تمان بكه‌ .

وه‌ستان له‌ قه‌نتره‌

پاشان له‌دوای په‌ڕینه‌وه‌ي باوةرداران له سه‌ر‌پردی سیرات ؛ باوه‌ڕداران ڕاده‌وه‌ستێنرێن له‌شوێنێك له‌نێوان به‌هه‌شت و دۆزه‌خ كه‌پێی ده‌وترێت قه‌نتره‌ ؛ له‌م شوێنه‌ هه‌ر كه‌سێك حه‌قی كه‌سێكی تری له‌سه‌ر بێت حه‌قه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گیردرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گشتیان به‌پاكی و به‌بێ تاوان بچنه‌ ناو به‌هه‌شته‌وه‌ .

به‌هه‌شت و دۆزه‌خ

ئینجا ئه‌هلی به‌هه‌شت به‌ڕێزه‌وه‌ به‌ره‌و به‌هه‌شت به‌ڕێ ده‌كرێن ؛ وه‌ ئه‌هلی دۆزه‌خ به‌زه‌لیلی به‌ره‌و دۆزه‌خ به‌رێكراون.

داواكارم له‌خوای په‌روه‌ردگار له‌ناخۆشیه‌كاین رۆژی دوایی بمانپارێزێت و به‌ به‌هه‌شت شادمان بكات و له‌ئاگری دۆزه‌خ بمانپارێزێت .

اللهم ئامین

وصلی الله علی نبینا محمد و آله وصحبه وسلم

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد گه‌ڵاڵه‌یی .

9 / 9 / 2020

 

چیرۆكی ئازادكردنی قودس

له‌سه‌رده‌می ئه‌میری باوه‌ڕداران عومه‌ری كوری خه‌تاب – ره‌زای خوای لێبێت –

 

له‌ سالی 15 ی كۆچی ئه‌میر باوه‌ڕداران عومه‌ری كوری خه‌تاب – ره‌زای خوای لێبێت – چه‌ند قائیدێكی موسڵمانی  نارد بۆلای حاكمی بیت المقدس كه‌ كلیلی ده‌رگاكانی بیت المقدس ته‌سلیمی ‌یه‌كێك له‌و قائیدانه بكات عه‌مری كوری عاص یان شه‌ره‌حبیل یان ئه‌بو عوبه‌یده‌ عامری كوری جه‌راح ؛ به‌ڵام ئه‌وان به‌م شیوه‌یه‌ ڕازی نه‌بوون و  نامه‌یان نارد بۆ ئه‌میری باوه‌رداران – ره‌زای خوای لێبێت – كه‌ خۆی بێت كلیله‌كان ڕاسته‌وخۆ ته‌سلیمی ده‌ستی ئه‌و ده‌كه‌ن .

ئه‌میری باوه‌ڕداران عومه‌ری كوری خه‌تاب – ره‌زای خوای لێبێت – وه‌ڵامی په‌یامه‌كه‌ی دانه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كه‌ی به‌ڕێكه‌وت ؛ به‌نۆره‌ سواری پشتی وشتر ده‌بوون ؛ وه‌ هه‌ندێكجار هه‌ردووكیان به‌پیاده‌ ده‌رۆییشتن بۆ ئه‌وه‌ی وشتره‌كه‌ پشوو بدات و زۆر ماندوو نه‌بێت !

كاتێك نزیك شاری قودس بوون گه‌ییشت به‌ دۆلی عه‌مواس كه‌ به‌هۆی باران و لافاوه‌وه‌ خاكه‌كه‌ی ببوو به‌ قوڕ  ؛ ئه‌بو عوبه‌یده‌ به‌ ئه‌میری باوه‌ڕدارانی فه‌رموو ئه‌ی ئه‌میری باوه‌ڕداران ئایه‌ به‌ پێه‌كانت ده‌چیته‌ ناو ئه‌و قور و زێلاقه‌ ؟!

وه‌ به‌م پۆشاكه‌ درواوه‌ ده‌چیته‌ ناو قودس ؟!

له‌ناو قودسدا پاداشا و خه‌ڵكانێك هه‌ن حه‌زیان له‌پۆشاك و شتی رازاوه‌یه‌ ؛ ئه‌ی ئه‌میری باوه‌ڕداران پۆشاكه‌كه‌ت بگۆره‌ وه‌ پێیه‌كان بشۆ .

ئه‌میری باوه‌ڕداران عومه‌ری كوری خه‌تاب – ره‌زای خوای لێبێت – گوێی به‌وقسانه‌ی ئه‌بو عوبه‌یده‌ نه‌دا و كه‌مێك به‌توندی و هه‌ره‌شه‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی ئێمه‌ كه‌سانێكی زه‌لیل بووین خوا به‌ ئیسلام به‌ عیززه‌تی كردین ؛ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت عیززه‌ت و شكۆ به‌ غه‌یری ئیسلام به‌ده‌ست بێنین ئه‌وا خوا زه‌لیلمان ده‌كات .

والله ئه‌ی ئه‌بو عوبه‌یده‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێكی تر جگه‌ له‌تۆ ئه‌م قسه‌ی كردبا به‌م داره‌ لێم ده‌دا .

ئه‌میری باوه‌ڕداران عومه‌ری كوری خه‌تاب – ره‌زای خوای لێبێت – سووربوو كه‌ به‌م شێوه‌ له‌گه‌ل خزمه‌تكاره‌كه‌ی بڕوات  بچێته‌ ناو قودسه‌وه‌ ؛ به‌ڕێكه‌وتن و به‌نۆره‌ له‌گه‌ل خزمه‌تكاره‌كه‌ی سواری پشتی وشتر ده‌بوو ؛ ئه‌میه‌ره‌كانی له‌شكر ئاواتیان ده‌خواست كه‌ ئه‌وكاته‌ی عومه‌ر ده‌چێته‌ ناو قودس نۆره‌ی ئه‌وبێت له‌سه‌ر پشتی وشتر ؛ وه‌ ده‌ترسان له‌وه‌ی ‌ئه‌وكات نۆره‌ی خزمه‌تكاره‌كه‌ بێت كاتێك ده‌رۆن بۆلای حاكمی قودس .

خزمه‌تكاره‌كه‌ سواری پشتی وشتر بوو وه‌ ئه‌میری باوه‌ڕداران به‌ پێیه‌كانی ده‌رۆییشت هه‌تا گه‌ییشتن به‌ حامی قودس سوفرۆنیۆس ؛ زۆر به‌ سه‌رسورمانه‌ سه‌یری كردن و بینی ئه‌میری باوه‌ڕداران به‌پێیه‌كانی ده‌ڕوات و خزمه‌تكاره‌كه‌یشی له‌سه‌ر پشتی وشتره‌ !

كلیله‌كانی ته‌سلیمی ئه‌میری باوه‌ڕداران و كرد و وتی تۆ ئه‌وكه‌سه‌ی وه‌سفه‌كانی تۆمان خوێندۆته‌وه‌ له‌ په‌رتوكه‌كانمان كه‌ به‌پیاده‌ دێیته‌ ناو بیت المقدس و رێشمه‌ی وڵاخه‌كه‌ی ڕاده‌كێشێت و خزمه‌تكاره‌كه‌ی له‌سه‌ر پشتی وشتره‌ ؛ وه‌ له‌پۆشاكه‌كه‌یدا 17 پنی دورواو هه‌یه‌  !

ئه‌میری باوه‌ڕداران عومه‌ری كوری خه‌تاب – ره‌زای خوای لێبێت – كاتێك كلیله‌كانی وه‌رگرت سوجده‌ی شوكری بۆخوای په‌روه‌ردگار برد و شه‌و تا به‌یانی ده‌گریا و فرمێسك له‌چاوه‌كانی وشك نه‌ده‌بوو ؛ كاتێك پرسیاریان لێكرد كه‌ بۆچی ده‌گری  ؟  فه‌رمووی : ده‌گریم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ترسم دونیا بۆتان بكرێته‌وه‌ و له‌وكات بۆ دونیا هه‌ندێكتان ڕقتان له‌ هه‌ندێكتان بێته‌وه‌ پاشان ئه‌هلی ئاسمان رقیان له‌ئێوه‌ ببێته‌وه‌ ؛ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌رامه‌ته‌كانی ئه‌میری باوه‌ڕداران كه‌ هه‌ست به‌ حالی موسڵمانان ده‌كات له‌ داهاتوودا كه‌ شوێن دونیا بكه‌ون و له‌سه‌ر دونیا رقیان له‌یه‌كتر ببێته‌وه‌ و دوژمنایه‌تی یه‌كتر بكه‌ن !

له‌وماوه‌یه‌ی ئه‌میری باوه‌ڕدارن له‌ناو قودس مایه‌وه‌ چوو بۆلای ئه‌م به‌رده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) له‌شه‌وی ئیسرا و میعراج به‌سه‌ری به‌رز بووه‌وه‌ له‌گه‌ل فریشته‌ جبریل – علیه السلام - ؛ ئه‌میری باوه‌ڕداران عومه‌ر – ره‌زای خوای لێبێت – ئه‌م شوێنه‌ی پاك كرده‌وه‌ وه‌ فراوانی كرد و شووره‌یه‌كیشی بۆ دروست كرد ؛ وه‌ فه‌رمانی كرد له‌ ته‌نیشت ئه‌م به‌رده‌ مزگه‌وتێك دروست بكرێت ؛ مزگه‌وتی عومه‌ر له‌م شوێنه‌ دروستكرا كه‌ ئه‌میری باوه‌ڕداران نوێژی تیادا ئه‌نجامدا .

چوارسه‌د ساڵ حوكمی ئیسلام له‌ناو قودس به‌رده‌وام بوو هه‌تا شاڵاوی سه‌لیبی یه‌كه‌م ؛  پاشان دوای 88 ساڵ بۆ جارێكی تر قودس ئازادكرایه‌وه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی صلاح الدینی ئه‌یوبی كوردی – ره‌زای خوای په‌روه‌ردگاری لێبێت - .

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .