چۆنیه‌تی عومره‌ كردن

چۆنیه‌تی عومره‌ كردن

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

 

سه‌ره‌تا به‌كورتی عومره‌ كردن پێك هاتووه‌ له‌ چوار روكن :

1_ ئیحرام به‌ستن . 2_ ته‌واف كردن . 3_ سه‌عی كردن له‌نێوان سه‌فا و مه‌روا . 4_ قژ تاشین یان كورت كردنه‌وه‌ی .

 

( سونه‌ته‌كانی ئیحرام به‌ستن )

 

1_ بۆ عومره‌كار سونه‌ته‌ له‌ شوێنی ئیحرام به‌ستن پێش ئیحرامه‌كه‌ی له‌به‌ر بكات خۆی بشوات .

2_ مووه‌كانی عه‌وره‌ت و بن كه‌وشی لابه‌رێت .

3_ نینۆكه‌كانی بكات .

4_ بۆنی خۆش له‌لاشه‌ی بدات بێ ئه‌وه‌ی به‌ر پۆشاكی ئیحرامی بكه‌وێت .

5_ پاشان پۆشاكی ئیحرام ده‌پۆشێت كه‌ بریتیه‌ له‌ دووپارچه‌ قوماشی سپی بۆ پیاوان .

به‌ڵام ئافره‌ت ئه‌و پۆشاكه‌ ده‌پۆشێت كه‌ لایه‌قه‌ به‌ماڵی خوا و پۆشاكێكی شه‌رعی بێت و هیچ له‌لاشه‌ی به‌ده‌ره‌وه‌ نه‌بێت ؛ وه‌ ڕازاوه‌ و سه‌رنج راكێش نه‌بێت .

 

 

 

( میقات – شوێنه‌كانی ئیحرام به‌ستن )

 

_ گه‌شتی عومره‌ له‌ میقاته‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات ئه‌و شوێنه‌ی نیه‌تی عومره‌ی لێ ده‌هێندرێت .

میقاته‌كان بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌‌ :

1_ ذولحوله‌یفه‌ كه‌ پیشی ده‌وترێت ئه‌بیار عه‌لی كه‌ (450) كم له‌مه‌ككه‌ دووره‌ : ئه‌مه‌ میقاتی خه‌ڵكی مه‌دینه‌یه‌ .

2_ ئه‌لجوحفه‌ كه‌ ( 183) كم له‌ مه‌ككه‌ دووره‌ : ئه‌مه‌ میقاتی خه‌ڵكی شامه‌ .

3_ قه‌رنولمه‌نازیل كه‌ (75) كم له‌ مه‌ككه‌ دووره‌ : ئه‌مه‌ میقاتی خه‌ڵكی نه‌جده‌ .

4_ یه‌له‌مله‌م كه‌ (92) كم له‌ مه‌ككه‌ دووره‌ : ئه‌مه‌ میقاتی خه‌ڵكی یه‌مه‌نه‌ .

5_ ذات و عیرق كه‌ (93) كم له‌ مه‌ككه‌ دووره‌ : ئه‌مه‌ میقاتی خه‌ڵكی عیراقه‌ .

ئه‌م میقاتانه‌ بۆ خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانه‌یه‌ وه‌ بۆ ئه‌وكه‌سانه‌شه‌ كه‌ به‌م میقاتانه‌وه‌ تێ ده‌په‌ڕن .

وه‌ خه‌ڵكی مه‌ككه‌ ئیحرام ده‌به‌ستن له‌نزیكترین شوێن له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری حه‌ره‌م .

عومره‌كار كاتێك گه‌ییشت به‌ میقات سونه‌ته‌ دوركه‌عه‌ت نوێژی سونه‌ت بكات .

ئینجا ‌ نیه‌تی عومره‌ دێنێت و‌ ده‌ڵێت ( لَبَّيكَ اللَّهُمَّ عُمرَةً ) . واته‌ : خودایه‌ گوێڕایه‌ڵ و ملكه‌چی تۆم و له‌پێناو تۆ عومره‌ ده‌كه‌م .

وه‌ ئه‌و عومره‌كارانه‌ی له‌ناو فرۆكه‌‌ به‌ میقات ده‌گه‌ن ؛ كاتێك ده‌گات به‌ به‌رامبه‌ر به‌ میقات ئه‌وا نیه‌تی عومره‌ دێنێت و ئیحرام ده‌به‌ستێت .

 

 

(قه‌ده‌غه‌ كراوه‌كانی ئیحرام)

 

كاتێك عومره‌كار پۆشاكی ئیحرامی به‌ست ئه‌وا پێوسته‌  خۆی له‌ئه‌نجامدانی هه‌ندێك شت بپارێزێت :

1_ لادانی مووه‌كانی لاشه‌ی . 2_ نینۆك كردن . 3- بۆن له‌خۆدان . 4- له‌به‌ركردنی پۆشاكی دوورواو . 5- داپۆشینی سه‌ر . 6_ سه‌رجێی كردن له‌گه‌ڵ خێزان و ده‌ستبازی كردن له‌گه‌ڵی . 7_ كوشتنی نێچیر . 8_ پۆشینی ده‌ست كێش و نیقاب بۆ ئافره‌تان . 9_ گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری یان داخوازی كردن .

 

_ له‌دوای به‌ڕێكه‌وتنی له‌ شوێنی میقات به‌ره‌و مه‌ككه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ ته‌لبیه‌ لێدان و ده‌ڵێت : (لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ ، لَبَّيْكَ لاَ شَرِيكَ لَكَ لَبَّيْكَ ، إِنَّ الْحَمْدَ، وَالنِّعْمَةَ، لَكَ وَالْمُلْكَ، لاَ شَرِيكَ لَكَ ) .

ئه‌م زیكره‌ ده‌ڵێت هه‌تا ماڵه‌كانی مه‌ككه‌ ده‌رده‌كه‌وێت .

 

_ پاشان كاتێك گه‌ییشت به‌ مه‌ككه‌ به‌ ڕێزه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو مزگه‌وتی حه‌رام ؛ به‌ پێی ڕاستی ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌ و دڵێت : ( بسم الله والصلاة والسلام على رسول الله ؛ اللَّهمَّ افتَح لي أبوابَ رحمتِكَ .

‌أعوذُ بالله العظيمِ ، وبوجهه الكريمِ ، وسلطانِه القديمِ ، من الشيطانِ الرجيمِ .

 

 ( ته‌واف كردن )

_ ئينجا به‌ره‌و ڕووی گۆشه‌ی به‌رده‌ ره‌شه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه‌ ده‌ست بكات به‌ته‌واوف كردن .

بۆ پیاوان سونه‌ته‌ له‌كاتی ته‌واوف كردن قۆڵی ڕاستیان له‌ژێر پۆشاكی ئیحرام ده‌ربخه‌ن .

پاشان ته‌واف ده‌ست پێ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر گۆشه‌ی به‌رده‌ ره‌شه‌ و ده‌ستی ڕاستی به‌رامبه‌ر به‌رده‌ ره‌شه‌كه‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت : بسم الله ؛ الله أكبر .

وه‌ سونه‌ته‌ ده‌ست له‌به‌رده‌ ره‌شه‌كه‌ بدات و ماچی بكات ئه‌گه‌ر هیچ ئه‌زیه‌تدان و ناره‌حه‌تی تێدانه‌بوو .

وه‌ ئه‌گه‌ر بۆی نه‌كرا ئه‌وا به‌گۆچانێك یان هه‌ر شتێكی تر ده‌گه‌یه‌نێت پێی و ماچی ده‌كات ؛ وه‌ ئه‌گه‌ر له‌وانه‌ی بۆ نه‌كرا ئه‌وا ته‌نها له‌دووره‌وه‌ به‌ ده‌ستی راستی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات و ده‌ستیشی ماچ ناكات .

بۆ دروستیه‌تی ته‌واف به‌ مه‌رج دانراوه‌ ئه‌وكه‌سه‌ی ته‌واف ده‌كات ده‌بێت پاك بێت و ده‌ست نوێژیشی هه‌بێت ؛ چونكه‌ ته‌واف وه‌كو نوێژ وایه‌ ؛ جیاوازیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ دروسته‌ قسه‌ی تیادا بكرێت .

سه‌رتای ته‌وافه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر به‌رده‌ ره‌شه‌كه‌ ده‌ست پێ ده‌كات ؛ حه‌وت جار ده‌سورێته‌وه‌ و جاری حه‌وته‌م له‌به‌رامبه‌ر به‌رده‌ ره‌شه‌كه‌ كۆتایی پێدێنێت .

پێویسته‌ عومره‌كار له‌كاتی ته‌واف كردندا سه‌رقاڵ بێت به‌زیكر كردن و نزاكردن ؛ وه‌ خۆی بپارێزێت له‌ قسه‌ی خراپ و بێ سوود و گاڵته‌ كردن ؛ ئه‌م عیباده‌ته‌ عیباده‌تێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ تاوان و خراپه‌كان ده‌سڕێنه‌وه‌ .

وه‌ بۆ پیاو سونه‌ته‌ له‌ سێ ته‌وافی سه‌ره‌تا به‌خێرایی هه‌نگاوه‌كانی بنێت .

وه‌ كاتێك گه‌ییشت به‌ روكنی یه‌مانی سونه‌ته‌ ده‌ستی راستی لێ بدات به‌بێ ماچ كردن ؛ وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی ده‌ستی لێ بدات ئه‌وا وازی لێ دێنێت و له‌سه‌ر ته‌وافه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت .

وه‌ سونه‌ته‌ بۆ عومره‌كار له‌نێوان روكنی یه‌مانی و به‌رده‌ ره‌شه‌كه‌ بڵێت : ( رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ ) .

وه‌ له‌دوای كۆتایی هێنان به‌ته‌وافی حه‌وته‌م عومره‌كار قۆلی راستی داده‌پۆشێت و ده‌ڕوات به‌ره‌و پشت مه‌قامی ئیبراهیم دوو ركه‌عه‌ت نوێژی سونه‌تی له‌دوا ده‌كات ئه‌گه‌ر بۆی كرا ؛ وه‌ ئه‌گه‌ر بۆی نه‌كرا له‌هه‌رشوێنێكی مزگه‌وت بیكات دروسته‌ و ئاساییه‌ .

له‌ر‌كه‌عه‌‌تی یه‌كه‌مدا له‌دوای خوێندنی سوره‌تی فاتیحه‌ سوره‌تی الكافرون ده‌خوێنێت ؛ وه‌ له‌ركه‌عه‌تی دووه‌م له‌دوای سوره‌تی فاتیحه‌ سوه‌رتی ئیخلاص ده‌خوێنێت .

 

( سه‌عی كردن له‌نێوان صه‌فا و مه‌روا )

پاشان به‌ڕێ ده‌كه‌وێت به‌ره‌ و سه‌فا و مه‌روا ؛ وه‌ سونه‌ته‌ ئاوی زه‌مزه‌م بخواته‌وه‌ .

پاشان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ سه‌ر صه‌فا و ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ : (إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ ... ) .  ئینجا ده‌ڵێت : (نبدأُ بِـمَا بدأَ اللهُ بـهِ ) .

وه‌ ڕووی ده‌كاته‌ قیبله‌ و سێجار ده‌ڵێت : ( لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ، لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ، لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَحْدَهُ، أَنْجَزَ وَعْدَهُ، وَنَصَرَ عَبْدَهُ، وَهَزَمَ الْأَحْزَابَ وَحْدَهُ ) .

وه‌ ده‌توانێت له‌دوای ئه‌م زیكره‌‌ هه‌ر نزا و پارانه‌وه‌یه‌كی هه‌بێت بیكات .

پاشان له‌ صه‌فا دێته‌ خواره‌وه‌ و به‌ره‌و مه‌روا ده‌ڕوات زیكری په‌روه‌ردگاری ده‌كات وه‌ نزا و پاڕانه‌وه‌ ده‌كات .

وه‌ بۆ پیاو سونه‌ته‌ به‌ هه‌روه‌له‌ بڕوات له‌نێوان دوو ئاڵا سه‌وزه‌كه‌ .

كاتێك گه‌ییشت به‌ مه‌روا هه‌مان ئه‌م زیكره‌ ده‌كات كه‌ له‌ صه‌فا كردی .

كه‌ بریتیه‌ له‌ زیكری : ( لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ، لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ، لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَحْدَهُ، أَنْجَزَ وَعْدَهُ، وَنَصَرَ عَبْدَهُ، وَهَزَمَ الْأَحْزَابَ وَحْدَهُ ) .

پاشان به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ صه‌فا هه‌تا حه‌وتجار ته‌واو ده‌كات ؛ هه‌رجارێك له‌ صه‌فاوه‌ ده‌روات بۆ مه‌روا به‌ جاریك حیسابه‌ ؛ وه‌ له‌ مه‌روا بۆ صه‌فا به‌جارێكی تر حیسابه‌ .

به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا به‌رز ده‌بێته‌وه‌ سه‌ر مه‌روا له‌جاری حه‌وته‌م .

وه‌ سونه‌ته‌ له‌نێوان دوو گلۆپه‌ سه‌وزه‌كه‌ی نێوان سه‌فا و مه‌روا به په‌له‌ و ‌خێرایی برۆیت و ئه‌م دوعایه‌ش بخوێنی  : ( ربِّ اغفرْ وارحمْ ، إنَّكَ أنتَ الأعزُ الأكرم ) .

 

( سه‌رتاشین یان كورت كردنه‌وه‌ )

 

_ پاشان عومره‌كاری پیاو هه‌موو سه‌ری ده‌تاشێت یان كورتی ده‌كاته‌وه‌ ؛ وه‌ ئافره‌ت به‌ئه‌ندازه‌ی سه‌ره‌ په‌نجه‌یه‌ك له‌كۆكراوه‌ی پرچی ده‌بڕێت و كورتی ده‌كاته‌وه‌ .

 

به‌لادانی مووه‌كانی سه‌ری عومره‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێت و گشت ئه‌وشتانه‌ی‌ بۆ حه‌لال ده‌بێت كه‌ له‌كاتی ئیحرامدا لێی حه‌رام و قه‌ده‌غه‌ بوو .

 

_ تێبینی : ته‌وافی وه‌داع بۆ عومره‌كار واجب نیه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆی كراو ئه‌نجامیدا دروسته‌ و ئاساییه‌ .

 

نوسین و ئاماده‌كردنی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

14 / 3 / 2024