حوكمی شتی دۆزراوه‌ ؟

حوكمی شتی دۆزراوه‌ ؟

وه‌ڵام : شته‌ دۆزراوه‌كان ده‌بن به‌دوو به‌شه‌وه‌ :
یه‌كه‌میان : ئه‌وشتانه‌ن كه‌ بێ نرخن و خاوه‌ناكه‌ی دڵی پێوه‌ نیه‌  ؛ ئه‌م جۆره‌ شتانه واجب نیه‌ به‌دوای خاوه‌نه‌كه‌یدا بگه‌ڕێیت و ده‌توانی بۆخۆت هه‌ڵیبگریته‌وه‌ و سوودی لێ ببینی .
دووه‌میان : ئه‌وشتانه‌ن كه‌ گران به‌هان و خاوه‌نه‌كه‌ی دڵێ پێوه‌یه‌ ؛ له‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ شتانه‌ واجبه‌ هه‌تا یه‌ك ساڵ له‌ناو خه‌ڵكدا له‌شوێنه‌ گشتیه‌كان بانگه‌وازی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی بدۆزرێته‌وه‌ و ته‌سلیمی بكرێته‌وه‌ ؛ پاشان دوای ساڵه‌كه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌نه‌كه‌ی هه‌ر نه‌دۆزرایه‌وه‌ ئه‌وكات دروسته‌ ئه‌وكه‌سه‌ بۆ خۆی به‌كاریبێنیت یان بۆ خاوه‌نه‌كی بیكات به‌خێر ؛ وه‌ ئه‌گه‌ر دواتر كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێت ته‌سلیمی بكاته‌وه‌ .
هاوه‌ڵی به‌ڕێز زه‌یدی كوڕی خالیدی جوهه‌نی‌ - ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رمووی : پرسیاركرا له‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ( صلی الله علیه وسلم ) سه‌باره‌ت به‌ زێڕ یاخود زیوی دۆزراوه‌ ؛ فه‌رمووی : بزانه‌ به‌چی به‌ستراوه‌ ؛ وه‌ له‌ناوچیدایه‌ ؛ پاشان ساڵێك بانگه‌وازی بكه‌ ؛ ئه‌گه‌ر كه‌س نه‌بوو به‌خاوه‌نی ئه‌وا بیكه‌ به‌خێر یاخود بۆخۆت به‌كاری بێنه‌ ؛ وه‌با وه‌ك ئه‌مانه‌تێك بمێنێته‌وه‌ له‌لات ؛ وه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له‌ڕۆژان خاوه‌نه‌كه‌ی هاته‌وه‌ ئه‌وا ده‌یده‌یته‌وه‌ ؛ وه‌ پرسیاری لێكرد سه‌باره‌ت به‌ وشتری ون بوو ؛ فه‌رمووی : چیت داوه‌ له‌و ؟ وازی لێبهێنه‌ چونكه‌ ئه‌و خوفی له‌گه‌ڵدایه‌ وه‌ ئاویشی پێیه‌ ( واته‌ پێی وشتر به‌شێوه‌یه‌كه‌ ده‌توانێت ماوه‌یه‌كی زۆر پێی بڕوات وه‌ ئاویش هه‌ڵده‌گرێت بۆ كاتی پێویستی و بێ ئاوی ) بۆخۆی ئاو ده‌خوات وه‌ داریش ده‌خوات ؛ هه‌تا خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌یدۆزێته‌وه‌ ؛ وه‌ پرسیاری لێكرد سه‌باره‌ت به‌ مه‌ڕ و بزنی وونبوو ؛ فه‌رمووی : بیگره‌ ئه‌وه‌ بۆتۆیه‌ یاخود بۆ براكه‌ته‌ یاخود بۆ گورگه‌ ( واته‌ ئه‌گه‌ر تۆ نه‌یگریت كه‌سێكی تر ده‌یگرێت یاخود گورگ ده‌یخوات ) .
مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .