ئایه‌ یاری شتره‌نج دروسته‌ یان نادروسته‌ ؟

ئایه‌ یاری شتره‌نج دروسته‌ یان نادروسته‌ ؟

وه‌ڵام : یاری شتره‌نج ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر قومار بكرێت ئه‌وا به‌كۆده‌نگی زانایان حوكمه‌كه‌ی دروست نیه‌ و حه‌رامه‌ ؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر قومار نه‌بێت ئه‌وا حوكمه‌كه‌ی له‌نێوان زانایان دوو ره‌ئی جیاواز هه‌یه‌ ؛ هه‌ندێكیان فه‌رموویانه‌ دروسته‌ به‌ومه‌رجه‌ی سه‌رنه‌كێشێت بۆ هیچ شتێكی نادروست و له‌ده‌ستدانی هیچ واجبێك ؛ وه‌ هه‌ندێك له‌زانایان –ره‌حمه‌تی خویان لێبێت – كه‌ بریتین له‌ جمهووری زانایان فه‌رموویانه‌ : یاری شتره‌نج ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر قوماریش نه‌بێت دورست نیه‌ و حه‌رامه‌ چونكه‌ سه‌رده‌كێشێت بۆ خراپه‌ی زۆر وه‌ك دروست بوونی دوژمنایه‌تی و رق و كینه‌ ؛ وه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌زیكری خوا و نوێژكردن و باقی كرده‌وه‌ چاكه‌كان .
پێشه‌وا ئیبن ته‌یمیه‌ -ره‌حمه‌تی خوای لێبێت- فه‌رموویه‌تی : یاری شتره‌نج له‌ئاره‌ق خواردنه‌وه‌ زیاتر رێگری له‌مرۆڤ ده‌كات كه‌ زیكر و یادی خوابكات ؛ ئه‌م یاریه‌ زیانی له شێوه‌ی ‌ئاره‌ق خواردنه‌وه‌ نزیكه‌ و مرۆڤ زۆر بێ ئاگاده‌كات له‌زیكری خوا .
ئیمامی عه‌لی –ره‌زای خوای لێبێت – جارێكیان به‌لای كه‌سانێكدا تێپه‌ری بینی یاری شتره‌نجیان ده‌كرد ئه‌م ئایه‌ته‌ی به‌سه‌ردا خوێندنه‌وه‌ و فه‌رمووی : ( مَا هَذِه التماثيل الَّتِي أَنْتُم لَهَا عاكفون ) واته‌ : ئه‌م په‌یكه‌رانه‌ چین له‌لایانه‌وه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و ئیعتیكافتان بۆیان كردووه‌ ؟!
كه‌واته‌ كه‌سی موسڵمان پێویسته‌ خۆی به‌شتێك سه‌رقاڵ نه‌كات كه‌ سه‌رده‌كێشێت بۆ له‌ده‌ستدانی خێر و چاكه‌ و تووش بوون به‌گوناه و تاوان ؛ وه‌ پێشینه‌ چاكه‌كانمان خۆیان له‌م یاریانه‌ پاراستووه‌ و نه‌هیان لێ كردووه‌ .
مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .