دوژمنایه‌تی نێوان شه‌یتان و مرۆڤ !


دوژمنایه‌تی نێوان شه‌یتان و مرۆڤ !

مێژووی دوژمنایه‌تی ‌نێوان شه‌یتان و مرۆڤ له‌سه‌ره‌تای دروست بوونی باوكی مرۆڤایه‌تی ئاده‌م - علیه السلام - ده‌ست پێ ده‌كات.
پێغه‌مبه‌ری خوا (ﷺ) فه‌رموویه‌تی : ( كاتێك خوای په‌روه‌ردگار ئاده‌می دروست كردن له‌ناو به‌هه‌شت ؛ ماوه‌یه‌ك وه‌كو په‌یكه‌رێك هێشتیه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی رۆحی بخاته‌به‌ر  ؛ ئیبلیس به‌ده‌وری ده‌سورایه‌وه‌ ؛ سه‌یری ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت چۆن دروستكراوه‌ ؛ كاتێك بینی بۆشایی له‌ناوه‌رۆكی هه‌یه‌ ؛ زانی كه‌ په‌روه‌ردگار دروستكاروێكی دروست كردووه‌ كه‌ خۆی پێ ناگرێت و  تووشی وه‌سوه‌سه‌ و ئاره‌زوه‌كان ده‌بێت ) . صحيح مسلم .
پاشان دوای ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار رۆحی خسته‌به‌ر ئاده‌م –علیه السلام- فه‌رمانی به‌هه‌موو فریشته‌كان و ئیبلیسیش كرد كه‌ سوجده‌ی رێز بۆ ئاده‌م به‌رن ؛ گشتیان فه‌رمانی په‌روه‌ردگاریان جێ به‌جی كرد ته‌نها ئیبیلس نه‌بێت !
ئیبلیس به‌رامبه‌ر به‌ ئاده‌م خۆی به‌گه‌وره‌ زانی و سوجده‌ی رێزی بۆ نه‌برد و فه‌رمانی خوای په‌روه‌ردگاری شكاند !
خوای په‌روه‌ردگار له‌سوره‌تی ئه‌عراف ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕووداوه‌ فه‌رموویه‌تی : ( قَالَ مَا مَنَعَكَ أَلَّا تَسْجُدَ إِذْ أَمَرْتُكَ ۖ قَالَ أَنَا خَيْرٌ مِنْهُ خَلَقْتَنِي مِنْ نَارٍ وَخَلَقْتَهُ مِنْ طِينٍ . قَالَ فَاهْبِطْ مِنْهَا فَمَا يَكُونُ لَكَ أَنْ تَتَكَبَّرَ فِيهَا فَاخْرُجْ إِنَّكَ مِنَ الصَّاغِرِينَ . قَالَ أَنْظِرْنِي إِلَىٰ يَوْمِ يُبْعَثُونَ . قَالَ إِنَّكَ مِنَ الْمُنْظَرِينَ . قَالَ فَبِمَا أَغْوَيْتَنِي لَأَقْعُدَنَّ لَهُمْ صِرَاطَكَ الْمُسْتَقِيمَ . ثُمَّ لَآتِيَنَّهُمْ مِنْ بَيْنِ أَيْدِيهِمْ وَمِنْ خَلْفِهِمْ وَعَنْ أَيْمَانِهِمْ وَعَنْ شَمَائِلِهِمْ  وَلَا تَجِدُ أَكْثَرَهُمْ شَاكِرِينَ ) . الأعراف : 12-17 .
 واته‌ : خوا فه‌رمووی : ئه‌ی ئیبلیس چی رێگری لێت كرد که‌ سوژده‌ نه‌به‌یت کاتێک فه‌رمانم پێدایت؟ ئیبلیس  وتی: من له‌و چاکترم، (چونکه) تۆ منت له‌ ئاگر دروست کردوه‌ و ئه‌وت له‌ قوڕ دروستکردووه‌.
خوا فه‌رمووی: ده‌ی که‌واته‌ دابه‌زه‌ له‌ به‌هه‌شت ، چونکه‌ تۆ بۆت نیه‌ له‌وێدا فیز بکه‌یت و خۆت به‌گه‌وره‌ دابنێیت، جا تا زووه‌ ده‌رچۆ، چونکه‌ به‌ڕاستی تۆ له‌ ڕیسواو بچوک و بێ نرخه‌کانیت.
شه‌یتان وتی: داواکارم که‌ مۆڵه‌تم بده‌یت تا ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌ هه‌موو نه‌وه‌ی ئاده‌م زیندوو ده‌کرێنه‌وه‌.
خوا فه‌رمووی: به‌ڕاستی تۆ له‌ مۆڵه‌ت دراوانیت.
پاشان خوای په‌روه‌ردگار ئیبلیسی له‌به‌هه‌شت ده‌ركرد و دووری خست له‌ره‌حم و به‌زه‌یی خۆی .
شه‌یتان وتی: به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ تۆ منت گومڕاو سه‌رگه‌ردان کرد، ئه‌وه‌ سوێند بێت منیش له‌ ڕێگه‌ ڕاسته‌که‌تدا بۆیان داده‌نیشم (لایان بده‌م) .
پاشان سوێند به‌خوا له‌ به‌رده‌میانه‌وه‌، له‌ پشتیانه‌وه‌، له‌ لای ڕاستیانه‌وه‌، له‌ لای چه‌پیانه‌وه‌، بۆیان دێم و (دنیایان لاخۆشه‌ویست ده‌که‌م و گومانیان ده‌رباره‌ی قیامه‌ت لادروست ده‌که‌م) و ده‌ستت ناکه‌وێت زۆربه‌یان سوپاسگوزار بن .


شه‌یتان چۆن فێڵی له‌ ئاده‌م و حه‌وا كرد و به‌هۆیه‌وه‌ له‌به‌هه‌شت ده‌ركران ؟!
خوای په‌روه‌ردگار دوای ئه‌وه‌ی شه‌یتانی له‌به‌هه‌شت ده‌ركرد به‌ ئاده‌م و حه‌وای فه‌رموو له‌ناو به‌هه‌شت بمێننه‌وه‌ له‌به‌رهه‌می دره‌خته‌كانی بخۆن ته‌نها له‌م دره‌خته‌ نه‌بێت و لێی نزیك مه‌بنه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا له‌سته‌مكاران ده‌بن ؛ وه‌ پێیانی فه‌رموو شه‌یتان دوژمنی ئێوه‌یه‌ و لێی ئاگاداربن و فێڵتان لێ نه‌كات و گوێڕایه‌ڵی نه‌كه‌ن ؛ پاشان شه‌یتان وه‌سوه‌سه‌ و دودڵی بۆ ئاده‌م و حه‌وا دروست ده‌كات و فێڵیان لێ ده‌كات و سوێندی به‌درۆیان بۆ ده‌خوات وایانلێ ده‌كات له‌به‌رهه‌می دره‌خته‌كه‌ بخۆن و سه‌رپێچی خوای په‌روه‌ردگاریان پێ ده‌كات و به‌هۆیه‌وه‌ پۆشاكی به‌هه‌شتیان له‌به‌ر داده‌كه‌ندرێت و له‌به‌هه‌شت ده‌رده‌كرێن و ده‌خرێنه‌ سه‌رزه‌وی !
خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( وَيَا آدَمُ اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ فَكُلَا مِنْ حَيْثُ شِئْتُمَا وَلَا تَقْرَبَا هَٰذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ . فَوَسْوَسَ لَهُمَا الشَّيْطَانُ لِيُبْدِيَ لَهُمَا مَا وُورِيَ عَنْهُمَا مِنْ سَوْآتِهِمَا وَقَالَ مَا نَهَاكُمَا رَبُّكُمَا عَنْ هَٰذِهِ الشَّجَرَةِ إِلَّا أَنْ تَكُونَا مَلَكَيْنِ أَوْ تَكُونَا مِنَ الْخَالِدِينَ . وَقَاسَمَهُمَا إِنِّي لَكُمَا لَمِنَ النَّاصِحِينَ . فَدَلَّاهُمَا بِغُرُورٍ ۚ فَلَمَّا ذَاقَا الشَّجَرَةَ بَدَتْ لَهُمَا سَوْآتُهُمَا وَطَفِقَا يَخْصِفَانِ عَلَيْهِمَا مِنْ وَرَقِ الْجَنَّةِ ۖ وَنَادَاهُمَا رَبُّهُمَا أَلَمْ أَنْهَكُمَا عَنْ تِلْكُمَا الشَّجَرَةِ وَأَقُلْ لَكُمَا إِنَّ الشَّيْطَانَ لَكُمَا عَدُوٌّ مُبِينٌ . قَالَا رَبَّنَا ظَلَمْنَا أَنْفُسَنَا وَإِنْ لَمْ تَغْفِرْ لَنَا وَتَرْحَمْنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ . قَالَ اهْبِطُوا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ ۖ وَلَكُمْ فِي الْأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَىٰ حِينٍ ) . الأعراف : 19-24 .
واته‌ : (تۆش) ئه‌ی ئاده‌م، خۆت و هاوسه‌ره‌که‌ت له‌به‌هه‌شتدا نیشته‌جێ بن، جا له‌ هه‌ر کوێ ئاره‌زووتان لێ بوو (خوارده‌مه‌نی و میوه‌یه‌) بخۆن، (به‌ڵام) نزیکی ئه‌م دره‌خته‌ مه‌که‌ون (دره‌ختێکی تایبه‌تی به‌رداربوو، بۆ تاقی کردنه‌وه‌یان خوای گه‌وره‌ بڕیاریدا که‌ هه‌ر نزیکی نه‌که‌ون، چ جای له‌ به‌رو بوومی بخۆن) ئه‌و کاته‌ ده‌چنه‌ ڕیزی سته‌مکارانه‌وه‌.
شه‌یتان که‌وته‌ فڕێدانی وه‌سوه‌سه‌و خه‌ته‌ره‌ و خه‌یاڵ بۆ ناو دڵ و ده‌روونیان تا ئه‌و عه‌یب و عاره‌یان ده‌ربخات که‌ شاراوه‌بوو لێیان (دوایی خۆی ئاشکراکرد) و پێی وتن: په‌روه‌ردگارتان ئه‌م دره‌خته‌ی لێ قه‌ده‌غه‌ نه‌کردوون ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ نه‌وه‌کو ببنه‌ فریشته‌، یاخود بۆ ئه‌وه‌یه‌ نه‌وه‌کو له‌ نه‌مران بن!!
(ئه‌وسا شه‌یتان زانی ده‌ترسن و دوودڵن) سوێندی بۆ خواردن که‌ من به‌ڕاستی له‌ ئامۆژگارانم بۆ ئێوه‌و دڵسۆزتانم!!
ئیتر شه‌یتان به‌فێڵ و پیلان فریوی دان (به‌ره‌ولای دره‌خته‌که‌ی بردن) جاکاتێک تامی به‌رو بوومی دره‌خته‌که‌یان چه‌شت، هه‌رچی عه‌یب و عاریان هه‌یه‌ که‌وته‌ ده‌ره‌وه‌، (ناچار به‌په‌له‌) ده‌ستیاندایه‌ گه‌ڵای دره‌خته‌کانی به‌هه‌شت عه‌یب و عاری خۆیان پێ دائه‌پۆشی و په‌روه‌ردگاریان بانگی کردن و فه‌رمووی: ئایا من قه‌ده‌غه‌ی ئه‌و دره‌خته‌م لێنه‌کردن و پێم نه‌وتن، که‌ به‌ڕاستی شه‌یتان بۆ ئێوه‌ دوژمنێکی ئاشکرایه‌؟!
(ئه‌وسا ئیتر هه‌ردووکیان هه‌ستیان به‌هه‌ڵه‌ی خۆیان کردو) وتیان: په‌روه‌ردگارا ئێمه‌ سته‌ممان له‌ خۆمان کرد، خۆ ئه‌گه‌ر لێمان خۆش نه‌بیت و به‌زه‌ییت پێماندا نه‌یه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌ڕاستی ئێمه‌ سوێند به‌ خوا له‌ خه‌ساره‌تمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ندانین.
خوای گه‌وره‌ فه‌رمووی: ئیتر دابه‌زن هه‌ندێکتان دوژمنی هه‌ندێکتانن (شه‌یتان و دارو ده‌سته‌ی دوژمنی ئێوه‌ن و نه‌وه‌ی ئاده‌میش به‌هۆی پیلانی شه‌یتانه‌وه‌ دوژمنایه‌تی یه‌کتر ده‌که‌ن)، بۆتان هه‌یه‌ له‌ زه‌ویدا نیشته‌جێ بن و هۆی ڕابواردن و ژیان تا ماوه‌یه‌ک.

خوای په‌روه‌ردگار ئێمه‌ی له‌شه‌یتان ئاگاداركردۆته‌وه‌ :
له‌زۆرێك له‌ئایه‌ته‌كانی قورئانی پیرۆزدا خوای په‌روه‌ردگار ئێمه‌ی له‌مه‌ترسی شه‌یتان ئاگاداركردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی نه‌كه‌وێن و به‌ره‌و دۆزه‌خ نه‌مانبات .
خوای په‌روردگار فه‌رموویه‌تی : ( يَا بَنِي آدَمَ لَا يَفْتِنَنَّكُمُ الشَّيْطَانُ كَمَا أَخْرَجَ أَبَوَيْكُمْ مِنَ الْجَنَّةِ يَنْزِعُ عَنْهُمَا لِبَاسَهُمَا لِيُرِيَهُمَا سَوْآتِهِمَا ۗ إِنَّهُ يَرَاكُمْ هُوَ وَقَبِيلُهُ مِنْ حَيْثُ لَا تَرَوْنَهُمْ ۗ إِنَّا جَعَلْنَا الشَّيَاطِينَ أَوْلِيَاءَ لِلَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ ) . الأعراف : 27 .
 واته‌ : ئه‌ی نه‌وه‌ی ئاده‌م: شه‌یتان، ئێوه‌ش له‌ خشته‌ نه‌بات، هه‌روه‌ک باوک و دایکتانی له‌ خشته‌ بردو له‌ به‌هه‌شتدا به‌ ده‌رکردنی دان، وه‌ جلوبه‌رگه‌كه‌شیانی لێ داماڵین تا عه‌وره‌تیان پیشانی یه‌کتربدات، بێگومان شه‌یتان و دارو ده‌سته‌ی ئێوه‌ ده‌بینن، له‌ شوێنێکدا که‌ (دونیایه‌) ئێوه‌ ئه‌وان نابینن، جا دڵنیابن که‌ ئێمه‌ شه‌یتانه‌کانمان کردووه‌ به‌ یارو یاوه‌ری ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ ناهێنن.
هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی : ( إِنَّ الشَّيْطَانَ لَكُمْ عَدُوٌّ فَاتَّخِذُوهُ عَدُوًّا  إِنَّمَا يَدْعُو حِزْبَهُ لِيَكُونُوا مِنْ أَصْحَابِ السَّعِيرِ ) . فاطر : 6
واته‌ : به‌ڕاستی شه‌یتان دوژمنی ئێوه‌یه‌ ده‌ی که‌واته‌ ئێوه‌ش به‌ دوژمنی خۆتانی دابنێن ؛ بێگومان شه‌یتان بانگی تاقم و داروده‌سته‌كه‌ی ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ببه‌نه ‌هاوه‌ڵانی ئاگری هه‌ڵگیرساوی دۆزه‌خ .
دوژمنایه‌تی شه‌یتان به‌رده‌وام ده‌مێنێت هه‌تا رۆژی دوایی چونكه‌ ئه‌و وایده‌بینێت دروستكردنی ئاده‌م هۆكاربوو سه‌رپێچی خوابكات و له‌به‌هه‌شت ده‌ربكرێت ؛ بۆیه‌ بریاریداوه‌‌ تۆڵه‌ له‌ئاده‌م و نه‌وه‌كانی بكاته‌وه‌ !
خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( وَإِذْ قُلْنَا لِلْمَلَائِكَةِ اسْجُدُوا لِآدَمَ فَسَجَدُوا إِلَّا إِبْلِيسَ قَالَ أَأَسْجُدُ لِمَنْ خَلَقْتَ طِينًا . قَالَ أَرَأَيْتَكَ هَٰذَا الَّذِي كَرَّمْتَ عَلَيَّ لَئِنْ أَخَّرْتَنِ إِلَىٰ يَوْمِ الْقِيَامَةِ لَأَحْتَنِكَنَّ ذُرِّيَّتَهُ إِلَّا قَلِيلًا ) . الإسراء : 61-62 .
واته‌ : (بیریان بهێنه‌ره‌وه‌) کاتێك به‌ فریشته‌کانمان وت: ئاده‌ی سوژده‌ به‌رن بۆ ئاده‌م، هه‌موو سوژده‌یان برد جگه‌ له‌ (ئیبلیس)، که‌ وتی: ئایا چۆن سوژده‌ ده‌به‌م بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ له‌ قوڕ دروستت کردووه‌؟!
(شه‌یتان بێ شه‌رمانه‌) وتی: پێم بڵێ؛ ئا ئه‌مه‌یه‌ که‌ ڕێزت داوه‌ به‌سه‌ر مندا؟! سوێند به‌ خوا ئه‌گه‌ر دوام بخه‌یت تا ڕۆژی قیامه‌ت ئه‌وه‌ بێگومان هه‌موو نه‌وه‌کانی گومڕاو سه‌رگه‌ردان ده‌که‌م جگه‌ له‌ که‌مێکیان (که‌ ده‌سه‌ڵاتم به‌سه‌ریاندا نیه‌).
مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .
21/7/2024