شه‌یتان چۆن فێڵی له‌به‌رصیصای عابد كردووه !!

شه‌یتان چۆن فێڵی له‌به‌رصیصای عابد كردووه !!

 

پێشه‌وا وه‌هبی كوڕی مونه‌بیه –ره‌حمه‌تی خوای لێبێت –فه‌رموویه‌تی : خواپه‌رستێك هه‌بووه‌ له‌به‌نی ئیسرائیلیه‌كان  -ناوی به‌رصیصا- بووه‌ ؛ یه‌كێك بووه‌ له‌خواپه‌رسترینی خه‌ڵكانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ .

چیرۆكه‌كه‌ به‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ سێ برا هه‌بوونه‌ له‌گه‌ڵ خوشكێكیان ؛ ئه‌م خوشكه‌یان كچبووه‌ و جگه‌ له‌و هیچ خوشكێكی تریان نه‌بووه‌ ؛ ئه‌م سێ برایه‌ داوایان لێكرا كه‌ بچن بۆ جیهاد ؛ نه‌یانده‌زانی خوشكه‌كه‌یان له‌لای كێ به‌جێ بهێڵن ؛ به‌دوای كه‌سێك بوون كه‌ ئه‌مین و داوێنپاك بێت ؛ پاشان دوای پرس و ڕاوێژ بریاریاند‌ خوشكه‌كه‌یان له‌لای ئه‌م خواپه‌رسته‌ به‌نی ئیسرائیلیه‌ به‌جێ بهێلن –كه‌ناوی به‌رصیصایه‌- ؛ به‌لایانه‌وه‌ كه‌سێكی خاوه‌ن متمانه‌ و ته‌قواداربوو ؛ هاتن بۆلای ئه‌م خواپه‌رسته‌ و ئه‌م داوایه‌یان لێكرد ؛ ئه‌ویش په‌نای به‌خوا گرت و رازی نه‌بوو ؛ به‌رده‌وام داوایان لێكرد هه‌تا رازییان كرد ؛ خواپه‌رسته‌كه‌ پێیانی وت خوشكه‌كه‌تان له‌ناو خوونه‌یه‌ك دابنێن به‌رامبه‌ر په‌رستگاكه‌م ؛ ئه‌وانیش رازی بوون و خوشكه‌كه‌یان له‌ناو ئه‌م خانووه‌ به‌جێهێشت و رۆییشتن ؛ ماوه‌یه‌ك ئه‌م عابده‌ له‌په‌رستگاكه‌ی ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ خواردنی بۆ ئه‌وكچه‌  له‌به‌رده‌م ده‌رگای په‌رستگاكه‌ی خۆی داده‌نا و پاشان ده‌رگاكه‌ی داده‌خست و له‌سه‌ر په‌رستگاكه‌ی بانگی ئه‌وكچه‌ی ده‌كرد كه‌بێت خواردنه‌كه‌ی به‌رێت ؛ كچكه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و خواردنه‌كه‌ی ده‌برد .

ماوه‌یه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ بوو ؛ پاشان شه‌یتان وه‌سوه‌سه‌ی بۆ دروست ده‌كرد و هانی ده‌دا كه‌ باشتربێت له‌گه‌ڵ ئه‌م كچه‌ ؛ بۆ ئه‌وه‌ی نزیكی بكاته‌وه‌ لێی و تووشی گوناه و تاوانی بكات .

شه‌یتان هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی كچه‌كه‌ی له‌ماڵه‌كه‌ی به‌لای ئه‌م خواپه‌رسته‌‌ به‌گه‌وره‌ داده‌نا به‌رۆژ ؛ ده‌یترساند له‌وه‌ی كه‌ پیاوێك ئه‌م كچه‌ ببینێت و دڵی پێوه‌ به‌ند بێت و دواتر تووشی خراپه‌ی بكات ؛ شه‌یتان له‌رێگه‌ی وه‌سوه‌سه‌ به‌م خواپه‌رسته‌ ده‌ڵێت خواردنه‌كه‌ له‌به‌رده‌م ده‌رگای ماڵی كچه‌كه‌ دابنێی باشتره‌ نه‌ك خۆی بێت بۆ به‌رده‌م په‌رستگاكه‌ی تۆ .

ئه‌م عابده‌ به‌مه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو له‌مه‌ودوا خواردنی ده‌برد له‌به‌رده‌م ماڵی كچه‌كه‌ی داده‌نا بێ ئه‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ بكات ؛ ماوه‌یه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ بوو .

پاشان شه‌یتان به‌فێڵ هانی ده‌دا بۆ خێری زیاتر و وه‌سوه‌سه‌ی بۆ دروست كرد كه‌ خواردنه‌كه‌ی‌ بۆی بباته‌ ناو ماڵه‌كه‌ی ئاوا باشتر و خێرتره‌ ؛ له‌مه‌ش گوێڕایه‌ڵێ كردوو ماوه‌یه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ خواردنه‌كه‌ی بۆ ده‌برده‌ ژووره‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی سه‌یری بكات و قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات .

پاشان شه‌یتان وه‌سوه‌سه‌ی بۆ دروست كرد و هانیدا كه‌ له‌به‌رده‌م ده‌رگای په‌رستاگه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات و ئه‌ویش له‌به‌رده‌م ماڵی خۆی بێت ؛ ماوه‌یه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ بوون !

پاشان شه‌یتان وه‌سوه‌سه‌ی بۆ دروست كرد كه‌ بچێته‌ نزیك ماڵی كچه‌كه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات ؛ ماوه‌یه‌كیش به‌م شێوه‌یه‌ بوون !

پاشان شه‌یتان هانیدا كه‌ بچێته‌ ناو ماڵی كچه‌ و له‌ژووره‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ هیچ پیاوێك ئه‌م كچه‌ نه‌بینێت ؛  گوێڕایه‌ڵی شه‌یتانی كرد و ماوه‌یه‌كیش به‌م شێوه‌یه‌ بوون له‌به‌یانی هه‌تا ئێواره‌ قسه‌یان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كرد ؛ وه‌ به‌شه‌و ده‌چوه‌وه‌ ناو په‌رستگاكه‌ی و خواپه‌رستی ده‌كرد !

پاشان شه‌یتان زیاتر وه‌سوه‌سه‌ی بۆ دروست كرد و كچه‌ی بۆ ده‌رازانده‌وه‌ هه‌تا وای لێكرد ده‌ست له‌رانی كچه‌ بدات و ماچی بكات ؛ به‌رده‌وام شه‌یتان ئه‌م كچه‌ی بۆ ئه‌و عابده‌ ده‌رازانده‌وه‌ هه‌تا تووشی زینای كرد و دواتر كچه‌كه‌ حه‌ملی په‌یدابوو و منداڵی بوو !

پاشان شه‌یتان ئه‌م عابده‌ی ترساند و پێی وت براكانی ئه‌وكچه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ ئه‌و منداڵه‌ ببینن ئه‌وا تۆ ئاشكرا ده‌بیت و ده‌تكوژن ؛ بۆیه‌ ئه‌و منداڵه‌ بكوژه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاشكرا نه‌بی ؛ راسته‌وخۆ گوێڕایه‌ڵی شه‌یتان ده‌كات و منداڵه‌كه‌ ده‌كوژێت !

پاشان شه‌یتان پێی ده‌ڵێت له‌وه‌یه‌ ئه‌وئافره‌ته‌ قسه‌ بۆ براكانی بكات كه‌ تۆ زینات له‌گه‌ڵ كردووه‌ و منداڵه‌كه‌شت كوشتووه‌ بۆیه‌ ئه‌و كچه‌ش بكوژه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاشكرانه‌بی !

له‌مه‌ش گوێرایه‌ڵی ده‌كات و كچه‌كه‌ش ده‌كوژێت و ده‌یاخاته‌ ناوچاڵێك و ده‌یانشارێته‌وه‌ .

پاشان ده‌چێته‌ ناو په‌رستگاكه‌ی عیباده‌تی خوا ده‌كات هه‌تا براكانی ئه‌و كچه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌  .

كاتێك براكان ده‌گه‌رێنه‌وه‌ و پرسیاری خوشكیان ده‌كه‌ن ؛ عابده‌كه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ گریان  و ده‌ڵێت به‌راستی خوشكه‌كه‌تان ئافره‌تێكی زۆر باش بوو ؛ خوا لێی خۆش بێت وه‌فاتی كرد و ئه‌وه‌ش گۆره‌كه‌یه‌تی ؛ براكان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌گریان و دوعای خێر بۆ خوشكه‌كه‌یان ده‌كه‌ن .

پاشان ئه‌م برایانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌‌ ماڵه‌وه‌ ؛ كاتێك شه‌وداهات و خه‌وتن ؛ شه‌یتان له‌سه‌ر شێوه‌ی مرۆڤێكی رێبوار ده‌چێته‌‌ خه‌ونی هه‌رسێكیان و پێیان ده‌ڵێت ئه‌م عابده‌ زینای له‌گه‌ڵ  خوشكه‌كه‌ی ئێوه‌ كردووه‌ پاشان كوشتیه‌تی و له‌فلانه‌ شوێنه‌ له‌گه‌ڵ كۆرپه‌له‌كه‌ی ناشتوویه‌تی  !

براكان دوای به‌خه‌به‌رهاتن خه‌وه‌كه‌ بۆ یه‌كتر ده‌گێرنه‌وه‌ و پاشان بریار ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌م گۆره‌ هه‌ڵبكه‌نن بۆ ئه‌وه‌ی راستیه‌كه‌یان بۆ ده‌ربكه‌وێت ؛ كاتێك گۆره‌كه‌یان هه‌ڵكه‌ند بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م عابده‌ خیانه‌تی لێیان كردووه‌ كاری خراپی له‌گه‌ڵ خوشكه‌كه‌یان كردووه‌ دواتریش كوشیه‌تی !

عابده‌كه‌یان له‌په‌رستگاكه‌ هێنایه‌ خواره‌وه‌ و له‌خاچیان به‌سته‌وه‌ ؛ پێش ئه‌وه‌ی بیكوژن شه‌یتان هات پێی وت من ده‌توانم رزگارت بكه‌م به‌ومه‌رجه‌ی سوجده‌یه‌كم بۆ به‌ری و بێ باوه‌ربی به‌وخوایه‌ی باوه‌رت پێیه‌تی و ده‌یپه‌رستی ؛ كاتێك عابده‌كه‌ گوێرایه‌ڵی شه‌یتان و ده‌كات و سوجده‌ی بۆ ده‌بات و بێ باوه‌رده‌بێت ؛ ئینجا شه‌یتان وازی لێدێنێت و بۆ براكانی كچه‌ جێی ده‌هێڵێت و ده‌یكوژن ! ) . په‌رتووكی : تلبیس إبلیس : 39 .

 

ئه‌م چیرۆكه‌ راڤه‌وانانی قورئانی پیرۆز ده‌یگێرنه‌وه‌ له‌كاتی ته‌فسیركردنی ئه‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌ : ( كَمَثَلِ الشَّيْطَانِ إِذْ قَالَ لِلْإِنْسَانِ اكْفُرْ فَلَمَّا كَفَرَ قَالَ إِنِّي بَرِيءٌ مِنْكَ إِنِّي أَخَافُ اللَّهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ ) . الحشر : 16

واته‌ : نموونه‌ی ئه‌م ناپاکانه‌ وه‌ك شه‌یتان وایه‌ که‌ به‌ مرۆڤی وت: بێ بڕوابه‌ جا که‌ بێ بڕوا بوو (شه‌یتان) وتی: به‌ڕاستی من به‌ریم له‌ تۆ ؛ بێگومان من له‌ خوای په‌روه‌ردگاری جیهانیان ده‌ترسم .

وه‌رگێرانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

28/7/2024