چه‌كه‌كانی باوه‌ردار له‌جه‌نگی دژ به‌شه‌یتان :

چه‌كه‌كانی باوه‌ردار له‌جه‌نگی دژ به‌شه‌یتان :

1_ وشیاربوون و بێ ئاگانه‌بوون :

شه‌یتان دوژمنێكی فێلبازه‌ به‌ره‌ده‌وام له‌هه‌ولی گومڕاكردنی مرۆڤه‌كانه‌ ؛ جا به‌ ئه‌ندازه‌ی زانست و وشیاریت ده‌توانی له‌فێڵه‌كانی ئه‌م دوژمنه‌ پارێزراوبی .

2_ ده‌ست گرتن به‌ قورئان و سوننه‌ت :

گه‌وره‌ترین هۆكار بۆ سه‌لامه‌تی له‌شه‌یتان ده‌ست گرتنه‌ به‌قورئانی پیرۆز و سوننه‌ت و ڕێبازی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) ؛ هه‌ركه‌سێك خۆی به‌دووربخات له‌قورئان وسوننه‌ت ئه‌وا شه‌یتان به‌ئاسانی ده‌توانێت فێڵی لێبكات و تووشی گومرایی و سه‌لێشێوای بكات .

3_ په‌ناگرتن به‌خوا له‌شه‌یتان له‌گشت ئه‌و حاله‌تانه‌ی له‌قورئان و فه‌رمووده‌دا باسكراوه‌ :

بۆ نموونه‌ په‌ناگرتن به‌خوا له‌كاتی وه‌سوه‌سه‌ و گومان ؛ وه‌ له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی قورئان ؛ وه‌ له‌كاتی تووره‌بوون ؛ وه‌ له‌كاتی چوونه‌ سه‌رئاو ؛ وه‌ له‌كاتی چوونه‌لای خێزان ؛ وه‌ له‌كاتی بیستنی ده‌نگی سه‌گ و گوێدرێژ .

4_ په‌یوه‌ست بوون به‌كۆمه‌ڵی موسڵمانان و جیانه‌بوونه‌وه‌ لێیان :

له‌هۆكاره‌كانی پارساتن له‌فێڵه‌كانی شه‌یتان بریتیه‌ له‌ مانه‌وه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵی موسڵمانان و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌كه‌سانی بێ باوه‌ر و لاڕێ و سه‌رلێشێواو ؛ كۆمه‌ڵی موسڵمانان ئه‌وانه‌ن ده‌ستیان گرتووه‌ به‌قورئان و سوننه‌ت و دوورن له‌شیرك و بیدعه‌ و خورافیات ؛ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) فه‌رموویه‌تی : هه‌ركه‌سێك ده‌یه‌وێت بچێته‌ به‌هه‌شت ئه‌وا با په‌یوه‌ست بێت به‌كۆمه‌ڵی موسڵمانان ؛ به‌ڕاستی شه‌یتان له‌گه‌ڵ یه‌ك كه‌س دایه‌ و له‌دووكه‌س دوورتره‌ .

5_ سه‌رقاڵ بوون به‌زیكر و یادی خوا :

زیكر و یادی خوا هۆكارێكی زۆر به‌سوود و كاریگه‌ره‌ بۆ خۆپاراستن له‌شه‌یتان ؛ له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی سه‌حیحدا هاتووه‌ پێغه‌مبه‌ر یه‌حیا –علیه السلام- ئامۆژگاری به‌نی ئیسرائیلیه‌كان ده‌كات و پێیان ده‌فه‌رموێت : فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م زیكر و یادی خوای په‌روه‌ردگار زۆر بكه‌ن ؛ به‌ڕاستی نمونه‌ی ئه‌وكه‌سه‌ی زۆر زیكر و یادی خوا ده‌كات وه‌ك نموونه‌ی كه‌سێكه‌ دوژمن به‌دواوه‌یه‌تی هه‌تا خۆی ده‌گه‌ینێت به‌ناو قه‌ڵایه‌كی پته‌ و و تیایدا خۆی لێ ده‌پارێزێت ؛ به‌هه‌مان شێوه‌ مرۆڤ ناتوانێت خۆی له‌شه‌یتان بپارێزت ته‌نها به‌زیكر و یادی خوای په‌روه‌ردگار نه‌بێت .

پێشه‌وا ئیبن قه‌یم –ره‌حمه‌تی خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : زیكر و یادی خوا ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌وفه‌زله‌ی هه‌بێت كه‌ له‌فه‌رمووده‌كه‌دا‌ باسكراوه‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌ مرۆڤ ده‌ستی پێوه‌ بگرێت و پێوسته‌ به‌رده‌وام ده‌م به‌زیكر بێت ؛ باوه‌ردرا كاتێك زیكری خوا ده‌كات شه‌یتان بچووك ده‌بێته‌وه‌ و خۆی ده‌شارێته‌وه‌ ؛ بۆیه‌ خوای په‌روه‌ردگار شه‌یتانی ناو ناوه‌ به‌ (الوسواس الخناس) واته‌ : ئه‌وشه‌یتانه‌ی‌ وه‌سوه‌سه‌ دروست ده‌كات ؛ وه‌ له‌كاتی زیكر و یادی خوا خۆی ده‌شارێته‌وه‌ و دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ .

عبدالله ی كوڕی عه‌باس –ره‌زای خوای لێبێت – فه‌رموویه‌تی : شه‌یتان له‌سه‌ر دڵی مرۆڤ ده‌نیشێت ؛ كاتێك ئه‌و مرۆڤ بێ ئاگابوو له‌زیكر و یادی خوا ئه‌وا تووشی وه‌سوه‌سه‌ و گومانی ده‌كات ؛ وه‌ كاتێك زیكر و یادی خوای كرد دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ و خۆی ده‌شارێته‌وه‌ .

مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

1/8/2024