خه‌واریجه‌كان بناسه‌

خه‌واریجه‌كان بناسه‌

 

پرسیار : ئایه‌ خه‌واریجه‌كان كێن ؟

وه‌ڵام : عه‌قیده‌ و مه‌نهه‌جی خه‌واریج‌ له‌ سه‌ر سێ  بنچینه‌ بنیاتنراوه‌ :

1_ ده‌رچوون له‌ گوێڕایه‌ڵی كردنی كاربه‌ده‌ستان .

2_ به‌كافردانانی موسڵمانان .

3_ كوشتن و خوێن رشتنی موسڵمانان  .

 

پرسیار : ئایه‌ بۆچی ناونراون به‌ (خه‌واریج) ؟

وه‌ڵام : چونكه‌ له‌ژێر حوكم و گوێڕایه‌ڵی كاربه‌ده‌ستی موسڵمان ده‌رچوونه‌ و دژایه‌تی ده‌كه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گوێڕایه‌ڵی ناكه‌ن !

 

ئایه‌ خه‌واریجه‌كان بۆچی ده‌رده‌چن له‌ژێر حوكم و ده‌سه‌ڵاتی كاربه‌ده‌ستان ؟

وه‌ڵام : به‌بیانووی داواكردنی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی ؛ وه‌ك چۆن گه‌وره‌ی خه‌واریجه‌كان (ذوالخويصرة) له‌كاتی دابه‌شكردنی ده‌ست كه‌وت به‌ پێغه‌مبه‌ری خوای (صلی الله علیه وسلم) وت : دادپه‌روه‌ری بكه‌ ئه‌ی موحه‌مه‌د به‌ڕاستی تۆ دادپه‌روه‌ر‌یت نه‌كرد !

 

پرسیار : ئایه‌ خه‌واریجه‌كان سته‌ملێكراو و هه‌ژارن بۆیه‌ داوای ماڵ و سامان ده‌كه‌ن ؟!

وه‌ڵام : نه‌خێر به‌ڵكو بۆ ته‌ماعی دونیایه‌ و حه‌زیان له‌ شوهره‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ ؛ وه‌ بۆ هاندانی خه‌ڵكی نه‌شاره‌زا و بێ ئاگایه‌ !

 

پرسیار : ئه‌وترێت ئه‌وان دژ به‌كاربه‌ده‌ستان ده‌جه‌نگن بۆ جێ به‌جێ كردنی حوكمی خوا و  په‌رستنی خوا به‌ئازادی؟

وه‌ڵام : راست ناكه‌ن له‌م بانگه‌شه‌یان چونكه‌ كاربه‌ده‌ستان ڕێگریان له‌وان نه‌كردووه‌ له‌جێ به‌جێكردنی نوێژ و رۆژوو  و زه‌كات و باقی عیباده‌ته‌كانی تر ؛ به‌ڵكو ئه‌وان ئه‌هلی دونیان ؛ كاتێك رێگریان لێ ده‌كرێت له‌به‌ده‌ست هێنانی دونیا ؛ ئه‌وكات ده‌جه‌نگن دژ به‌كاربه‌ده‌ستان و فیتنه‌ و ئاژاوه‌ دروست ده‌كه‌ن !

 

پرسیار : ئایه‌ بۆچی خه‌واریجه‌كان موسڵمانان ده‌كوژن و رشتنی خوێنیان به‌حه‌لال ده‌زانن ؟!

وه‌ڵام : چونكه‌ موسڵمانان به‌كافر ده‌زانن !!

 

پرسیار : ئایه‌ بۆچی موسڵمانان به‌كافر ده‌زانن ؟!

وه‌ڵام : چونكه‌ كاربه‌ده‌ستی موسڵمان به‌كافر ده‌زانن وه‌ هه‌ركه‌سێك له‌ژێر حوكمرانی ئه‌و كاربه‌ده‌سته‌ كار بكات ئه‌ویش به‌كافر ده‌زانن ؛ وه‌ هه‌ركه‌سێك وه‌كو ئه‌وان بیرنه‌كاته‌وه‌ و موسڵمانان كافر نه‌كات ئه‌ویش به‌كافر ده‌زانن !

 

پرسیار : ئایه‌ بۆچی كاربه‌‌ده‌ستی موسڵمان به‌كافر ده‌زانن ؟!

وه‌ڵام : به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی حوكم به‌شه‌رعی خوا ناكات ؛ وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بێ باوه‌ران ده‌كات ؛ ئه‌وان به‌گوێره‌ی تێگه‌ییشتن و كه‌می زانستی خۆیان ئایه‌ته‌كانی قورئان ته‌فسیر ده‌كه‌ن نه‌ك به‌گوێره‌ی تێگه‌ییشتنی زانایانی پێشین و شوێنكه‌وتوانیان ؛ عبدالله كوڕی عه‌باس –ره‌زای خوای لێبێت – له‌ته‌فسیری ئایه‌تی : ( ومن لم يكحم بما أنزل الله فأولئك هم الكافرون ) فه‌رموویه‌تی : هه‌ركه‌سێك باوه‌ری به‌حوكمی خوا نه‌بێت بۆیه‌ حوكمی پێ نه‌كات ئه‌وه‌ كافره‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر باوه‌ری پێی هه‌بێت ئه‌وا زاڵم و فاسقه‌ و كافر نیه‌ .

وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه وسلم) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ جووله‌كه‌ و موشریكه‌كان كردووه‌ له‌كرین و فرشتن و به‌ستنی په‌یمانه‌كان .

وه‌ خه‌واریجه‌كان خۆیان یارمه‌تی و چه‌ك له‌بێ باوه‌ران وه‌رده‌گرن و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن ئه‌ی بۆچی خۆیان كافر ناكه‌ن ؟!

 

پرسیار : ئایه‌ هۆكاری خێرا بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری خه‌واریج چیه‌ ؟

وه‌ڵام : چونكه‌ ئاسانترین رێگایه‌ بۆ گه‌ییشتن به‌كورسی ده‌سه‌ڵات و شوهره‌ و كۆكردنه‌وه‌ی ماڵ و سامان !

 

پرسیار : ئه‌وترێت هۆكاری ناونانیان به‌خه‌واریج ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌دین ده‌رچوونه‌ بۆیه‌ به‌م ناوه‌ نراون ؟

وه‌ڵام : نه‌خێر ئه‌مه‌ وته‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌ ؛ چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌دین ده‌رده‌چێت پێی ده‌وترێت مورته‌د و هه‌ڵگه‌راوه‌ له‌دین ؛ خه‌واریجه‌كان به‌هه‌ڵه‌ له‌دین حاڵی بوونه‌ و له‌رێگا راسته‌كه‌ی ئیسلام لایانداوه‌ و موسڵمانان به‌ناحه‌ق كافر ده‌كه‌ن !

 

پرسیار : ئایه‌ خه‌واریجه‌كان ته‌نها ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ چه‌ك دژ به‌ موسڵمانان هه‌ڵده‌گرن و ده‌یانكوژن ؟

وه‌ڵام : نه‌خێر خه‌واریجه‌كان ته‌نها ئه‌وانه‌نین به‌ڵكو گشت ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌زمان دژایه‌تی كاربه‌ده‌ستی موسڵمان ده‌كات و هانی خه‌ڵك ده‌دات بۆ فیتنه‌ و ئاژاوه‌گێری ؛ به‌ڵكو زانایان –ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت – فه‌رموویانه‌ : ئه‌وانه‌ مه‌ترسیدارترینی خه‌واریجه‌كانن كه‌ پێیان ده‌وترێت خه‌واریجی دانیشتوو .

ده‌رچوون به‌چه‌ك له‌دوای ده‌رچوون به‌زمان دێت !

 

پرسیار : ئایه‌ دیارترینی سیفه‌تی خه‌واریجه‌كان چین ؟

وه‌ڵام :

 1_ گشت ئه‌وكه‌سانه‌ كافر ده‌كه‌ن كه‌ پێچه‌ونه‌ی ئه‌وان بێت و وه‌كو ئه‌وان بیرنه‌كاته‌وه‌ !

2_ كاربه‌ده‌ستانی موسڵمان و پیاوانی ئه‌منی و گشت پۆلیس و پێشمه‌رگه‌كان كافر ده‌كه‌ن !

3_ گاڵته‌ به‌زانایانی ئه‌هلی سوننه‌ ده‌كه‌ن و به‌كافریان ده‌زانن ؛ وه‌ جنێویان پێ ده‌ده‌ن و به‌وشه‌ی ناشرین وه‌سفیان ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی لێیان دوور ده‌خه‌نه‌وه‌ .

4_ قورئان ده‌خوێننه‌وه‌ و لێی تێ ناگه‌ن .

5- خۆیان له‌وته‌ و ئامۆژگاری هاوه‌ڵان و زانایان به‌دوور ده‌خه‌ن .

6_ عیباده‌تی زۆر ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌ به‌بێ زانست و به‌بێ شاره‌زابوون له‌دین !

7_ هیچ زانایه‌ك له‌ناو ئه‌وان نیه‌ دانپیانراوبێت له‌لای ئه‌هلی سوننه‌ و جه‌ماعه‌ .

8_ كه‌سانێكن هه‌رگیز نایانبینی له‌ مه‌جلیسی وانه‌ شه‌رعیه‌كان ئاماده‌بن !

9_ ئه‌گه‌ر ئاماده‌شبن بۆ جاسوسی كردن له‌سه‌ر زانیان ئاماده‌ده‌بن !

10_ ئاماده‌ی نوێژی به‌كۆمه‌ڵ و وتاری هه‌ینی نابن به‌هۆی به‌كافردانی وتاربێژ و پێش نوێژخوێنان ئه‌وانه‌ی وه‌كو ئه‌وان بیرناكه‌نه‌وه‌ !

11_ له‌و وڵاتانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان تیادا نیه‌ خۆیان به‌كه‌سانی دوورله‌دین نیشان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان پێیان نه‌زانن و نه‌یانناسن !

12_ گرنگی زۆر به گوێگرتن له‌ ‌سرووده‌ ئایینیه‌كان ده‌ده‌ن و پێش قورئانی پیرۆزی ده‌خه‌ن !

13_ خاوه‌نی پرچی درێژن به‌ پێچه‌وانه‌ی خه‌واریجه‌كانی كۆن !

14_ فێڵباز و خیانه‌تكار و ناپاكن .

15_ نازناوی ناشرین له‌سه‌له‌فیه‌كان ده‌نێن و پێیان ده‌ڵێن جامی و مه‌دخه‌لی و مورجیئه‌ و پیاوی ده‌سه‌ڵات و پیاوی جووله‌كه‌ و عه‌بدی تاغوت و شوێنكه‌وتوانی ئال سه‌لول !

 

خوای په‌روه‌ردگار هیدایه‌تیان بدات ئه‌گه‌ر شایه‌نی هیدایه‌تن ئه‌گه‌رنا زه‌لیل و بێ ده‌سه‌ڵاتیان بكات و موسڵمان له‌ده‌ست و زمانیان سه‌لامه‌ت بكات .

اللهم آمين

 

وه‌رگێڕانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

29/10/2024