چۆنیه‌تی ده‌ست نوێژوغوسل و ته‌یمووم کردن

چۆنیه‌تی ده‌ست نوێژوغوسل و ته‌یمووم کردن 

بــــسم الله الرحمن الرحيم

پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ده‌فه‌رمووێت: (من دل على خير فله مثل أجر فاعله ) صححه الالباني في صحيح و ضعيف جامع الصغير وزيادته , 3/6239 . واته‌ : (هه‌ر كه‌سێك خێرێك پيشانى خه‌ڵكى بدات وه‌كو ئه‌وان خێرى ئه‌گاتێ به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌خێرى ئه‌وان كه‌م بكاته‌وه‌). 

ئه‌وه‌ى له‌ به‌رده‌ستانه‌ باسى ده‌ست نوێژ و غوسلى جه‌نابه‌ت و ته‌يموم كردنه‌، ئه‌م سێ بابه‌ته‌ زۆر گرينگن به‌بێ ئه‌وانه‌ نوێژ دروست نابێت، كه‌ نوێژ هه‌روه‌كو خۆتان ده‌زانن چ پله‌و پايه‌يه‌كى زۆر گه‌وره‌ى هه‌يه‌ له‌ لايه‌ن خواى په‌روه‌ردگار . له‌ خواى گه‌وره‌ داواكارم ببێته‌ مايه‌ى سودێكى زۆر بۆ موسڵمانان و ببێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ موسڵمانان هه‌موو عيباده‌تێك به‌ شێوه‌يه‌كى زانستى و چاوڕۆشنى ئه‌نجام بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى عيباده‌ته‌كانيان گيرا بێت له‌لاى خواى گه‌وره‌، داواكارم له‌ خوداى گه‌وره‌ ته‌وفيقمان بدات بۆ هه‌موو كارێكى چاك.  

ده‌ست نوێژ

ده‌ست نوێژ : بريتيه‌ له‌ خۆ پاكردنه‌وه‌يه‌كى واجب له‌ كاتى حه‌ده‌ثى بچوك وه‌ك (ميز و پيسايى و هه‌واو  خه‌وێكى قوڵ و خواردنى گۆشتى حوشتر ) .  

چۆنيه‌تى ده‌ست نوێژگرتن

1- پێويسته‌ كه‌سى موسڵمان نيه‌تى ده‌ست نوێژ هه‌ڵگرتنى هه‌بێت له‌ دڵيدا به‌بێ گوتنى به‌ زمان، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) به‌ زمان نيه‌تى نه‌هێناوه‌ نه‌ بۆ ده‌ست نوێژ گرتن وه‌ نه‌ بۆ نوێژكردن وه‌ نه‌ بۆ هيچ يه‌كێك له‌ عيباده‌ته‌كانى تر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خواى په‌روه‌رديگار ده‌زانێ كه‌ چى له‌ دڵه‌كاندا هه‌يه‌ بؤيه‌ پێويست ناكات نيه‌ت به‌ زمان بهێنرێت.

2- پاشان ده‌ڵێيت (بسم الله ) . 

3- ئينجا هه‌ردوو ده‌ستت ده‌شۆى به‌ جوانى سێ جار . 

4- ئينجا ئاو له‌ ده‌م و لوتت وه‌رده‌كه‌ى سێ جار . 

5- ئينجا ده‌م و چاوت سێ جار ده‌شۆى له‌ گوێچكه‌وه‌ بۆ گوێچكه‌وه‌ له‌ نێو چه‌وانه‌وه‌ تاوه‌كو خوار ژێر چه‌ن . 

6- ئينجا هه‌ردوو ده‌ستت ده‌شۆى، له‌ سه‌ره‌ په‌نجه‌كانه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌نيشكه‌كانى هه‌ردوو ده‌ستت، له‌ پێشدا ڕاسته‌ ئينجا چه‌په‌ . 

7- ئينجا مه‌سحى سه‌رت ده‌كه‌ى يه‌ك جار، ده‌سته‌كانت ته‌ڕ ده‌كه‌ى ئينجا له‌ پێشه‌وه‌ى  سه‌رت مه‌سح ده‌كه‌ى تا ده‌ى به‌يته‌ دواوه‌ ئينجا ده‌يهێنێته‌وه‌ پێشه‌وه‌ . 

8- ئينجا مه‌سحى هه‌ردوو گوێچكه‌ت ده‌كه‌ى يه‌ك جار، په‌نجه‌ى شه‌هاده‌ ده‌به‌يته‌ ناو گوێچكه‌ت و په‌نجه‌ گه‌وره‌كه‌ت به‌ ده‌ره‌وه‌ى گوێچگه‌ت ده‌خشێنێت . 

9- ئينجا هه‌ردوو پێت ده‌شۆى سێ جار، له‌ سه‌ره‌ په‌نجه‌كانى پێيه‌وه‌ تاوه‌كو جوێزينگت له‌سه‌ره‌تا پێى ڕاسته‌ ئينجا چه‌په‌ . 

غوسل ( خۆشوشتن )

غوسل : خۆ پاككردنه‌وه‌يه‌كى واجبه‌ له‌ حه‌ده‌ثى گه‌وره‌ وه‌ك جه‌نابه‌ت و سوڕى مانگانه‌ . 

چۆنيه‌تى غوسل كردن 

1- ئينسانى موسڵمان ده‌بێت نيه‌تى خۆشوشتن بێنێت به‌بێ وتنى به‌زمان . 

2- ئينجا ده‌ڵێيت ( بسم الله ) . 

3- ئينجا ده‌ست و نوێژێكى  ته‌واو هه‌ڵده‌گريت . 

4- ئينجا ئاو به‌سه‌رت داده‌كه‌ى، ئه‌گه‌ر سه‌رت به‌ ته‌واوه‌تى ته‌ڕ بوو ئينجا سێ جار ئاو به‌خۆت داده‌كه‌ى.

5- پاشان گشت لاشه‌ت ده‌شۆيت . 

تــه‌يــموم 

ته‌يموم: خۆ پاكردنه‌وه‌يه‌ به‌ خۆڵ له‌ جياتى ده‌ست نوێژ گرتن و غوسڵ كردن به‌ڵام بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ئاوى ده‌ست نه‌كه‌وت يان زه‌ره‌رى به‌ركه‌وێ به‌ هۆى به‌كارهێنانى ئاو. 

چۆنيه‌تى ته‌يموم كردن 

1- نيه‌ت به‌ دڵ دێنيت بۆ ئه‌و شته‌ى پێويستت پێيه‌تى له‌ ده‌ست ونوێژ يان غوسڵ كردن.

2- ئينجا هه‌ردوو ده‌ستت له‌زه‌وى ئه‌ده‌ى يان هه‌ر شتێك په‌يوه‌ست بێت به‌ زه‌ويه‌وه‌ وه‌كو ديوار، له‌دواى ده‌ست دانت به‌ زه‌وى يان ديوار، ده‌م وچاوت به‌هه‌ردوو ده‌ست مه‌سح ده‌كه‌ى پاشان پانى ده‌ستى چه‌پت له‌پشتى ده‌ستى ڕاستت ده‌خشێنيت وه‌ پانى ده‌ستى ڕاستت له‌ پشتى ده‌ستى چه‌پت ده‌خشێنيت .   

له‌ كۆتايى داواكارم له‌ خواى په‌روه‌ردگار وه‌رگێرانى ئه‌م بابه‌ته‌م بۆ سه‌ر زمانى كوردى بكاته‌ تێشووێك بۆ قيامه‌تم، وه‌ موسڵمانان لێى سوود مه‌ند بن . 

وأخر دعوانا أن الحمدلله رب العالمين وصلى الله على نبينا محمد وعلى أله وصحبه وسلم

نوسینی زانای پایه‌به‌رزمحمد بن صالح العثیمین

وه‌رگێڕانی باوکی داود

پێداچونه‌وه‌ی مامۆستا هه‌ڵگۆرد مصط‌فی گه‌ڵاڵی