ئه‌وتاوانانه‌ی پیاوی موسڵمانان تێی که‌ووتوه‌

ئه‌وتاوانانه‌ی پیاوی موسڵمانان تێی که‌ووتوه‌

پێشه‌كى

الحمد لله رب العالمين، والصلاة والسلام على نبينا محمد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) وآله وصحبه أجمعين، أما بعد:

به‌ پێويستم زانى هه‌ڵبستم به‌ نووسينى بابه‌تێك كه‌ تايبه‌ت بێت به‌و تاوانانه‌ى زياتر پياوى مسوڵمان تێى كه‌وتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م نوسينه‌ ببێته‌ ئامۆژگارى و زانياريه‌ك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى هه‌ندێك له‌و تاوانانه‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن به‌هۆى بێ ئاگايه‌وه‌ له‌ ئاينه‌ پيرۆزه‌كه‌ى ئيسلام، موسوڵمانى خۆشه‌ويست تاوان ئه‌نجامدان واته‌ سه‌رپێچى كردنى خوداى گه‌وره‌ له‌ فه‌رمان و نه‌هيه‌كان،  تاوان ئه‌نجام دان هۆكارێكه‌ بۆ لاوازبوونى ئيمان بۆيه‌ زانايانى ئه‌هلى سوننه‌ ده‌ڵين: ( الإيمان يزيد بالطاعة وينقص بالمعصية ) واته‌: (ئيمان زياد ده‌بێت به‌ عيباده‌ت و گوێڕايه‌ڵى كردنى خوداى گه‌وره‌، وه‌ كه‌م و لاواز ده‌بێت به‌ سه‌رپێچى كردنى خوداى گه‌وره‌). تاوان هۆكارێكه‌ بۆ زه‌ره‌رمه‌ند بوونى ئينسان له‌ دونياو دوارۆژ دا، هه‌ر تاوان بوو قه‌ومانى پێشوى له‌ ناوبرد، وه‌هه‌ر تاوانه‌ ئينسان له‌ ناو گۆر له‌سه‌رى سزا ده‌درێت، وه‌ له‌ دوا رۆژيش دا له‌ دۆزه‌خ به‌و هۆيه‌وه‌ عه‌زاب ده‌درێت. جا بۆيه‌ براى مسوڵمان پێش سزاى دونيا و ناو گۆر و دوا رۆژت توش بێت، ته‌وبه‌ بكه‌ واز بهێنه‌ له‌ گشت تاوانێكى گه‌وره‌ و بچوك، ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌ نه‌كه‌ى له‌ دواى مردن په‌شيمانى سوودى نيه‌ و لۆمه‌ى نه‌فسى خۆت بكه‌.

ئه‌و تاوانانه‌ى پياوى مسوڵمان تێى كه‌وتووه‌

1- سوێند خواردن به‌ غه‌يرى خودا:

زۆر له‌ مسوڵمان هه‌ن سوێند ده‌خۆن به‌ غه‌يرى خودا، وه‌كو سوێند خواردن به‌ سه‌رى يه‌كتر، يان به‌ گۆڕى مردوان، يان به‌ پێغه‌مبه‌ر و پياو چاكان. واجبه‌ له‌ سه‌ر گشت تاكێكى مسوڵمان ته‌نها سوێند به‌ خودا بخوات، چونكه‌ سوێند خواردن به‌ غه‌يرى خوا شه‌ريك بۆ خودا دانانه‌ و كوفره‌، به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌و فه‌رمووده‌يه‌ى پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) كه‌ ده‌فه‌رمووێت: (من حلف بغير الله فقد كفر أو أشرك) (صحيح الترغيب والترهيب : 3/76 ) واته‌: ( هه‌ر كه‌سێك سوێند به‌ غيرى خودا بخوات به‌ ته‌ئكيد كوفرى كردوه‌ يان شه‌ريكى بۆ خودا داناوه‌).

 2- ڕيش تاشين:

ڕيش تاشين يه‌كێكه‌ له‌و تاوانانه‌ى كه‌ زۆربه‌ى پياوانى مسوڵمان تێى كه‌وتوون، به‌ڵكو زۆرێك له‌ مامۆستايانى ئايينيش تێى كه‌وتوون، به‌ڵگه‌ له‌سه‌رحه‌ڕاميه‌تى ڕيش تاشين بريتيه‌ له‌ فه‌رمان كردنى پێغه‌مبه‌ر خودا(صلی الله‌ علیه‌ وسلم) به‌ هێڵانه‌وه‌ى ڕيش به‌ درێژى نه‌ك به‌ تراشينى، وه‌ فه‌رمان كردنه‌كه‌ش بۆ واجبه‌ هه‌ر وه‌كو زانايانى (علم أصول) فه‌رموويانه‌ چونكه‌ هيچ به‌ڵگه‌يه‌كى تر نيه‌ واجبيه‌كه‌ بكات به‌ سوننه‌ت، كه‌واته‌ ڕيش هێڵانه‌وه‌ واجبه‌و عيباده‌ته‌ پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى: ( قصوا الشوارب وأعفوا اللحي ) (صحيح الجامع الصغير وزيادته:2/810) واته‌:(سمێڵتان كورت بكه‌نه‌وه‌، وه‌ ڕيشتان بهێڵنه‌وه‌) كه‌واته‌ نه‌هێڵانه‌وه‌ى ڕيش واته‌ تاشينى سه‌رپێچى كردنى فه‌رمانى پێغه‌مبه‌رى خودايه‌ (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) كه‌واته‌ تاوانه‌). 

3- پۆشاك درێژكردن:

درێژكردنه‌وه‌ى پۆشاك بۆ ژێر پێ تاوانه‌ و دروست نيه‌ بۆ پياوان، چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى: ( ما أسفل من الكعبين من الإزار ففي النار ) ( صحيح الترغيب والترهيب: 2/219)  واته‌: (هه‌ر پۆشاكێك له‌ (كعبين) واته‌ دوو ئێسكه‌ ده‌رچووه‌كانى ته‌نيشتى پێ بچێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌م شوێنه‌ى پۆشاكه‌كه‌ى به‌سه‌ر دا هاتوه‌ته‌ خواره‌وه‌ له‌ پێيه‌كاندا بۆ ئاگره‌ و شايه‌نى سووتانه‌).

4- جگه‌ره‌ كێشان:

زانايانى سه‌رده‌م جگه‌ره‌ كێشانيان به‌ تاوان و حه‌ڕام داناوه‌ ، وه‌ له‌ خۆراكه‌ ناپاك و پيسه‌كان حيساب ده‌كرێت، وه‌ هه‌ر شتێكيش پاك نه‌بێت حه‌ڕامه‌ و دروست نيه‌، به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌ كه‌ خوداى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێت:(وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِثَ ) الأعراف: ١٥٧ واته‌: (خواى په‌روه‌ردگار شته‌ پاك و به‌سووده‌كانى بۆ حه‌ڵاڵ كردوون و شته‌ پيس و زيان به‌خشه‌كانى لێێ قه‌ده‌غه‌ و حه‌ڕام كردوون). وه‌ براى موسوڵمان له‌ شتى خراپ نابێت شوێن هيچ كه‌سێك بكه‌وين، چونكه‌ هه‌ندێك مامۆستاى ئاينى هه‌ن جگه‌ره‌ كێشن، ئاگادار به‌ چونكه‌ مامۆستاى ئاينى فريشته‌ نيه‌ تا تاوان نه‌كات، به‌ڵام واجبه‌ له‌سه‌ر مامۆستا پێش خه‌ڵك واز له‌ تاوان بێنێت، يان خواردنى نێرگه‌له‌و شتى تر كه‌ ئه‌مانه‌ش حه‌ڕامن.

5- نه‌زه‌ركردن:

خوداى په‌روه‌ردگار له‌ قورئانه‌ پيرۆزه‌كه‌يدا فه‌رمانى به‌ ئيماندارانى نێر و مێ كردوه‌ كه‌وا له‌ كاتى بينينى يه‌كتر چاوه‌كانى خۆيان دابگرن و سه‌يرى يه‌كترى نه‌كه‌ن ئه‌گه‌ر مه‌حره‌مى يه‌كترى نه‌بن، جا هه‌ر كه‌سێك له‌ نێر و مێ گوێڕايه‌ڵى خوداى په‌روه‌ردگار نه‌كات ئه‌وا تاوان باره‌، خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت: ( قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ) النور: ٣٠  واته‌: (ئه‌ى (محمد) (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) به‌ ئيماندارانى پياو بڵێ با چاوه‌كانيان دابگرن له‌سه‌ير كردنى ئافره‌تانى نامه‌حره‌م).خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت:( وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ ) النور: ٣١ واته‌: (ئه‌ى (محمد) (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) به‌ ئيماندارانى ئافره‌تيش بڵێ با چاوه‌كانيان دابگرن له‌ سه‌يركردنى پياوانى نامه‌حره‌م).

6- ئه‌زيه‌ت دانى دايك و باوك:

ئه‌زيه‌ت دانى دايك و باوك له‌ ئاينى ئيسلامدا يه‌كێكه‌ له‌ تاوانه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كان، له‌ دواى تاوانى شيرك تاوانى ئه‌زيه‌ت دانى دايك و باوكه‌، به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌م فه‌رمووده‌يه‌ ، قال رسول الله (صلی الله‌ علیه‌ وسلم): قال: (ألا أنبئكم بأكبر الكبائر؟ ثلاثاً ، قالوا: بلى يا رسول الله ! قال:(الإشراك بالله ، وعقوق الوالدين ...) (صحيح الأدب المفرد: 1/37)  واته‌: (پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) سێ جار فه‌رمووى: ئايا هه‌واڵتان پێ نه‌ده‌م به‌ گه‌وره‌ترين تاوان؟ ووتيان به‌ڵێ ئه‌ى پێغه‌به‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رمووى: شه‌ريك بۆ خودا بڕيار دان، وه‌ ئازار دانى دايك و باوك.........هتد).

7- نه‌دانى ميرات به‌ ئافره‌تان: 

زۆر له‌ پياوان هه‌ن ميراتيان ناده‌ن به‌ كچه‌كانيان يان خوشكانيان يان دايكانيان، به‌ڕاستى نه‌دانى ميرات به‌ ئافره‌تان تاوانێكى گه‌وره‌يه‌ و زوڵمێكه‌ لێيان ئه‌كه‌ن، چونكه‌ خوداى په‌روه‌ردگار له‌ قورئانه‌ پيرۆزه‌كه‌يدا حه‌قى ئافره‌تانى ديارى كردووه‌ و ده‌فه‌رمووێت: (وَلِلنِّسَاءِ نَصِيبٌ مِمَّا تَرَكَ الْوَالِدَانِ وَالْأَقْرَبُونَ ) النساء: ٧   واته‌: (بۆ ئافره‌تان هه‌يه‌ به‌ش له‌و ماڵه‌ى دايك و باوك يان خزمانى نزيك له‌ دواى خۆيان به‌ جێدێڵن).  كه‌واته‌ نه‌دانى ميرات به‌ ئافره‌تان جێ به‌جێ نه‌كردنى حوكمى خودايه‌، وه‌ جێ به‌جێ نه‌كردنى حوكمى خوا تاوانێكى زۆر گه‌وره‌يه‌، به‌ڵكو كوفره‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕى به‌ حوكمى خوا نه‌بێت.

8- غه‌ش كردن له‌ معامله‌:

تاوانێكى تر له‌و تاوانانه‌ى پياوى موسوڵمان تێى كه‌وتووه‌، بريتيه‌ له‌ فێڵ كردن و غه‌ش كردن له‌ خه‌ڵكى له‌ كاتى كڕين و فرۆشتن دا، زۆر كه‌س هه‌يه‌ كاتێك شتێك به‌ كه‌سێك ده‌فرۆشێت پێى ناڵێت ئه‌و شته‌ ئه‌و عه‌يبه‌ى هه‌يه‌ ، يان سوێندى به‌ درۆى بۆ ده‌خوات و ده‌ڵێت به‌و سعره‌م كريه‌ و كه‌متر نابێت، بۆ ئه‌وه‌ى قازانجێكى زۆرى لێ وه‌ربگرێت به‌ درۆكردن، به‌ڕاستى غه‌شكردن تاوانێكى گه‌وره‌يه‌ بۆيه‌ پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ده‌فه‌رمووێت: (من غشنا فليس منا) (صحيح الترغيب والترهيب: 2/ 160) واته‌: (هه‌ر كه‌سێك غه‌ش له‌ ئێمه‌ بكات له‌ ئێمه‌ نيه‌). جا براى موسوڵمان له‌ خوا بترسێ غه‌ش كردن له‌ ڕه‌وشتى موسوڵمانى ته‌واو نيه‌.

9- گوێگرتن له‌ گۆرانى و مۆسيقا: 

گوێگرتن له‌ گۆرانى و مۆسيقا تاوانه‌ و حه‌ڕامه‌ به‌ به‌ڵگه‌ى قورئان و سوننه‌ت ، خوداى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێت: ( وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَشْتَرِي لَهْوَ الْحَدِيثِ لِيُضِلَّ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ) لقمان: ٦ واته‌: (هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكى هه‌ن قسه‌ى پوچ و بێ سوود وه‌كو (گۆرانى) ده‌كڕن بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى لاڕێ و گومڕا بكه‌ن له‌ ڕێگا ڕاسته‌كه‌ى خودا). عبدالله ى كوڕى مسعود  ده‌يفه‌رموو سوێند به‌و خودايه‌ى هيچ هاوه‌ڵێكى نيه‌ ، مه‌به‌ست به‌ (لهو الحديث) له‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌دا گۆرانى يه‌. وه‌ ده‌ى فه‌رموو:(الغناء ينبت النفاق في القلب) واته‌: ( گۆرانى دووڕوويى له‌ناو دڵ ده‌ڕوێنێت). وه‌ پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى: (ليكونن من أمتي أقوام يستحلوان الحر والحرير والخمر والمعازف)( السلسلة الصحيحة: 1/186) واته‌: (هه‌ندێك خه‌ڵك له‌ ئوممه‌ته‌كه‌م دا په‌يدا ده‌بن حه‌ڵاڵ ده‌كه‌ن زينا و حه‌رير و ئاڕه‌ق و ئاله‌ته‌كانى مۆسيقا). وه‌ هه‌روه‌ها به‌ موسيقاى حيزبه‌ ئيسلاميه‌كان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن مۆسيقا هه‌ر مۆسيقايه‌ و حه‌ڕامه‌.

10- سه‌ر و سمێڵ و ڕيش ڕه‌ش كردنه‌وه‌:

جائيز نيه‌ پياوى موسوڵمان مووى سه‌رى يان ڕيشى يان سمێڵى ڕه‌ش بكات به‌ ڕه‌نگى ڕه‌ش، به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌م فه‌رمووده‌يه‌ى جابرى كوڕى عبدالله (خوداى په‌روه‌ردگار لێى ڕازى بێت) ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت له‌و ڕۆژه‌ى شارى مه‌كه‌ ڕزگار كرا له‌ژێر ده‌ستى موشريكه‌كان باوكى ئه‌بوبكرى صديقيان هێنايه‌ لاى پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) كاتێك چاوى به‌ سه‌ر و ڕيشى كه‌وت كه‌ زۆر سپى ببوو فه‌رمووى: (غيروا هذا الشيب وجنبوه السواد) (رواه مسلم: 3/1663) واته‌: (ڕه‌نگى ئه‌م سه‌ر و ڕيشه‌ بگۆڕن به‌ ڕه‌نگێكى تر، به‌ڵام ڕه‌نگى ڕه‌ش لێى به‌ دوور كه‌ن). وه‌ له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى تر دا هاتووه‌ كه‌وا هه‌ر كه‌سێك مووه‌كانى ڕه‌ش بكات بۆنى به‌هه‌شت ناكات، ئه‌م فه‌رمووده‌يه‌ له‌ (صحيح الجامع هاتووه و صحيحة)   تێبينى: زانايان ده‌ڵێن ڕه‌نگى ڕه‌ش بۆ ئافره‌تانيش حه‌ڕامه‌. (فتاوى نور على الدرب للعثيمين: 22/2)

11- نه‌چوونه‌ نوێژى جه‌ماعه‌ت:

زۆرێك له‌زانايان فه‌توايان داوه‌ كه‌ نوێژى جه‌ماعه‌ت له‌مزگه‌وت له‌سه‌ر پياوان واجبه‌، واز هێنان لێى تاوانه‌، به‌به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى پياوێكى نابينا له‌سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) داواى ڕوخسه‌تى له‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) كرد بۆ ئه‌وه‌ى نه‌يه‌ت بۆ نوێژى جه‌ماعه‌ت له‌ مزگه‌وت، چونكه‌ كه‌س نه‌بوو ده‌ستى بگرێت و بيهێنێت بۆ مزگه‌وت، به‌ڵام پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) پێى فه‌رموو ئايه‌ گوێبيستى بانگ ده‌بيت ووتى به‌ڵێ ، فه‌رمووى مادام ده‌بێت وه‌ڵامى بانگ بده‌يته‌وه‌ ئه‌بێت بێيت بۆ مزگه‌وت، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بۆ كه‌سێكى نابينا دروست نه‌بێت وازبهێنێت له‌ نوێژى جه‌ماعه‌ت چۆن جائيزه‌ بۆ كه‌سێك كه‌ چاو ساغ و له‌ش ساغ بێت و نه‌يه‌ت بۆ مزگه‌وت. (سه‌يرى صحيح مسلم بكة، باب : إتيان المسجد  على من سمع النداء / 653) وه‌ له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى تردا فه‌رموويه‌تى: (له‌نيه‌تم هه‌يه‌ ڕۆژێك كه‌سێك بكه‌م به‌ ئيمام و پێش نوێژى بۆ خه‌ڵك بكات پاشان هه‌ندێك پياو له‌گه‌ڵ خۆم ببه‌م و هه‌ندێك دار له‌ گه‌ڵ خۆيان بێنن، ماڵ به‌سه‌ر ئه‌وكه‌سانه‌ دا بسوتێنين كه‌نايه‌ن بۆ نوێژى جه‌ماعه‌ت له‌ مزگه‌وت) ( سه‌يرى صحيحى مسلم بكه‌، باب: فضل صلاة الجماعة / 651) زانايان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر نوێژى جه‌ماعه‌ت واجب نه‌بێت چۆن پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ئاوا هه‌ڕه‌شه‌ى ماڵ سووتاندن به‌سه‌ريان ده‌كات. وه‌زۆر به‌ڵگه‌ى تريش هه‌يه‌ به‌ڵام له‌به‌ر درێژ بوونه‌وه‌ى بابه‌تكه‌ ئه‌م دوو به‌ڵگه‌يه‌ به‌سه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك ملكه‌چ بێت بۆ حه‌ق.

12- وێنه‌گرتن:

زانايان فه‌توايان داوه‌ له‌سه‌ر حه‌ڕاميه‌تى وێنه‌كێشان و په‌يكه‌ر تاشين له‌ گيانداران. به‌به‌ڵگه‌ى زۆرێك له‌فه‌رمووده‌ ڕاسته‌كانى پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) قال: رسول الله  (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ( إن أشد الناس عذاباً يوم القيامة المصورون) (بخاري (5950) ومسلم (2109) واته‌: ( به‌ ئازارترين عه‌زاب له‌ خه‌ڵكى له‌ ڕۆژى دواييدا بۆ وێنه‌گرانه‌) وقال: ( إن الذين يصنعون هذه الصور يعذبون يوم القيامة يقالهم : أحيوا ماخلقتم ) (متفق عليه) واته‌: (ئه‌و كه‌سانه‌ى وێنه‌ى گيان له‌به‌ران دروست ئه‌كه‌ن سزا ئه‌درێن له‌ ڕۆژى قيامه‌تدا پێيان ده‌وترێت رۆح بخه‌نه‌ به‌ر ئه‌و شتانه‌ى درووستان كردوون). وقال ( كل مصور في النار يجعل له بكل بصورة صورها نفسا تعذب به في جهنم،  وقال: إن كنت لابد فاعلا فاصنع الشجر وما لانفس له) مسلم (2110) واته‌: ( گشت وێنه‌گرێك بۆ ئاگره‌ بۆ هه‌ر وێنه‌يه‌ك له‌و وێنانه‌ى كێشايه‌تى و دروستى كرديه‌ خوداى گه‌وره‌ ڕۆحى ده‌خاته‌ به‌رو عه‌زابى پێ ئه‌دا له‌ناو دۆزه‌خ، وه‌فه‌رمووى: ئه‌گه‌ر هه‌ر وێنه‌ بكێشى ئه‌وا وێنه‌ى دار درووست بكه‌ يان ئه‌وشتانه‌ى بێ گيانن). وه‌زانايانى سه‌رده‌م ده‌ڵێن وێنه‌گرتن به‌كاميراى فۆتۆ ده‌چێته‌ ژێر حوكمى گشتى ئه‌م فه‌رمووده‌ ڕاستانه‌ بۆيه‌ چۆن به‌ده‌ست حه‌ڕامه‌ به‌كاميره‌ش حه‌ڕامه‌ ته‌نها بۆ زروره‌ت نه‌بێت. ( سه‌يرى ( مجموع فتاوى إبن باز بكة / 4/ 211) وه‌ زۆر تاوانى تر هه‌يه‌ كه‌ پياوى موسوڵمان تێى كه‌وتوه‌ ، به‌ڵام به‌هۆى درێژ بوونه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه‌ ته‌نها به‌ كورتى ده‌يان خه‌مه‌ ڕوو، وه‌كو خۆ شوبهاندن به‌ ئافره‌تان يان به‌ گاوڕان ، وه‌ چوونه‌ لاى ساحرو فاڵگره‌وه‌، وه‌ دڵدارى كردن و به‌ دواى ئافره‌تان كه‌وتن، وه‌ جنێودان، وه‌ له‌به‌ر كردنى زێڕ يان جلى حه‌رير، وه‌ خۆش ويستنى كه‌سانى بێ باوه‌ڕ وه‌ك خۆش ويستنى ياريزانێكى بێ باوه‌ڕ كه‌ ده‌ڵێت سێ خوا هه‌ن، وه‌ بوهتان كردن، وه‌ غه‌يبه‌ت كردن، وه‌ وه‌عددان به‌خيلاف، وه‌ درۆكردن، وه‌ خه‌راپ بوون له‌گه‌ڵ ماڵ و مناڵ...هتد

له‌ كۆتايدا داواكارم له‌ خوداى په‌روه‌ردگار هيدايه‌تمان بدات بۆ ڕێگه‌ ڕاسته‌كه‌ى ئيسلام و به‌ دوورمان خات له‌ گشت تاوانێكى گه‌وره‌و بچوك.

اللهم تقبل منا إنك أنت السميع العليم وتب علينا إنك أنت التواب الرحيم

وآخر دعوانا أنِ الحمدِ لله رب العالمين وصلى الله عليه نبينا محمد وآله وصحبه وسلم

ئاماده‌کردنی : مامۆستا هه‌ڵگۆرد مصطفی گه‌ڵاڵه‌یی

له‌بڵاوکراوه کانی په‌رتوکخانه‌ی دێرین له‌سۆران