فه‌زڵه‌كانى مانگى ڕه‌مه‌زان وه‌ هه‌ندێ له‌ حوكمه‌كانى

فه‌زڵه‌كانى مانگى ڕه‌مه‌زان وه‌ هه‌ندێ له‌ حوكمه‌كانى

إن الحمد لله ، نحمده ، ونستعينه ، ونستغفره ، ونعوذ بالله من شرور أنفسنا ، وسيئات أعمالنا ، من يهده الله فلا مضل له ، ومن يضلل فلا هادي له ، وأشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له  ،  و أشهد أن محمدا عبده ورسوله  ..  أما بعد :

فه‌زڵه‌كانى مانگى ره‌مه‌زان

گه‌وره‌يى و به‌ره‌كه‌تىڕه‌مه‌زان له‌وخاڵانه‌ى خواره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت :

مانگێكه‌:

1. شه‌وى (ليلة القدر)ى تێدايه‌ كه‌خێرى له‌هه‌زار مانگ زياتره‌ ( لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِّنْ أَلْفِ شَهْرٍ)القدر.

2. قورئانى تێدا هاتۆته‌ خواره‌وه‌ كه‌هيدايه‌تده‌رى مرۆڤه‌ بۆ هه‌موو خێرو چاكه‌يه‌ك و به‌خته‌وه‌رى به‌رده‌وامى وه‌ ڕِێ رۆشنكه‌ره‌وه‌يانه‌ ( شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ)البقرة.

3. هه‌موو ده‌رگاكانى دۆزه‌خى تێدا داده‌خرێن.

4 . وه‌ گشت ده‌رگاكانى به‌هه‌شتى تێداده‌كرێنه‌وه‌.

5 . شه‌يتانه‌كان و جنۆكه‌ سه‌ركه‌شه‌كانى تێدا زنجير پێچ ده‌كرێن و ده‌به‌سترێنه‌وه‌ له‌ خراپكردنى بيروباوه‌ڕو ڕه‌وشتى  ڕۆژوه‌وانان .

6. كارى چاكه‌كردنى تێدا سوك و ئاسان ده‌بێت .

7. خراپه‌كارى تێدا بێزراوو ناڕه‌حه‌ت ده‌بێت .

8. به‌ڕۆژووبونى به‌ئيمانه‌وه‌ و چاوه‌ڕێى پاداشته‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆى لێخۆش بوونى گوناهى ڕابردوو .

پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى : ((من قام رمضان إيـمانا واحتسابا غفر له ماتقدم من ذنبه)) صحيح البخاري رقم : (1901) وصحيح مسلم رقم : (759) .

 هه‌روه‌ها فه‌رموويه‌تى: ((ورمضان إلى رمضان مكفرات لـما بينهن إذا اجتنبت الكبائر)) صحيح مسلم رقم : (233) .

9. وه‌هه‌روه‌ها شه‌ونوێژه‌ كانيش (ته‌راويح) وه‌ك رۆژوه‌كه‌ ڕه‌شكه‌ره‌وه‌ى گوناهه‌كانن : ((من قام رمضان إيمانا واحتسابا غفر له ماتقدم من ذنبه)) .

10. دوعاو پاڕانه‌وه‌ى تێدا قه‌بوڵ ده‌بێت : ((وأن لكل مسلم دعوه‌ يدعو بـها فيستجاب له)) رواه أحمد والبزار وهو حديث صحيح .

11. وه‌ له‌ هه‌موو شه‌وو ڕۆژێكدا خه‌ڵكانێك ئازاد ده‌كرێن له‌دۆزه‌خ و بڕيارى نه‌چوونه‌ ناودۆزه‌خيان بۆده‌درێت. (إذا كان أول ليلة من شهر رمضان ، صفدت الشياطين ومردة الـجن، وغلقت أبواب النار فلم يفتح منها باب، وفتح أبواب الجنة فلم يغلق منها باب، وينادي مناد: يا باغي الخير أقبل، ويا باغي الشر أقصر، ولله عتقاء من النار، وذلك كل ليلة) صحيح سنن الترمذي رقم : (682) . وه‌ به‌ڵگه‌ى گه‌وره‌يى ئه‌م مانگه‌ش له‌م فه‌رمووده‌يه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ باسى دوو كه‌سه‌كه‌ ده‌كات كاتێك كه‌ يه‌كێكيان شه‌هيد ده‌ب ێ ، له‌ پاشان ئه‌وى تريان ده‌مرێت له‌دواى ئه‌و له‌سه‌ر جێگه‌كه‌ى ، وه‌ له‌ خه‌ودا ده‌بينرێ كه‌ پێش شه‌هيده‌كه‌ كه‌وتۆته‌وه‌ بۆ به‌هه‌شت ، له‌م كاته‌دا پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رمووى : ((ئايا كه‌سى سێيه‌م ساڵێك نه‌مايه‌وه‌ دواى دوو شه‌هيده‌كه‌ ، وه‌ له‌م ساڵه‌دا نه‌گه‌يشته‌ مانگى ڕه‌مه‌زان و به‌ ڕۆژوو نه‌بوو ، وه‌ ئه‌و هه‌موو نوێژ و كڕنوشه‌ى بۆ خوا نه‌برد له‌و ساڵه‌دا ، كه‌واته‌ ماوه‌ى نێوان ئه‌م دوو كه‌سه‌ وه‌كو ماوه‌ى نێوان ئاسمان و زه‌وىيه‌، واته‌ پله‌و شوێنى دووه‌ميان به‌رزتره‌! )) صحيح الترغيب والترهيب رقم : (368) .

كه‌واته‌ براوخوشكى موسوڵمان ئه‌م هه‌موو خێرو به‌ره‌كه‌ته‌ له‌ده‌ست خۆت مه‌ده‌ كه‌ له‌م مانگه‌ پيرۆزه‌دا هه‌يه‌ وخۆتى لێ مه‌حروم مه‌كه‌، ئه‌گينا له‌هه‌موو خێرێك مه‌حروم ده‌بيت.

له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌وڵا بده‌ ئه‌م عيباده‌ته‌ پيرۆزانه‌ى خواره‌وه‌ى تێدا بكه‌يت:

يه‌كه‌م: به‌رۆژووبونى مانگه‌كه‌ به‌ته‌واوى

چونكه‌ ڕۆژوو گرتن به‌گشتىو ڕۆژووى مانگى ڕه‌مه‌زان به‌تايبه‌تى فه‌زڵ وخێرو پاداشتێكى زۆر زۆرى هه‌يه‌ وه‌ك له‌مه‌ودوا ده‌رده‌كه‌وێت .

فه‌زڵه‌كانى رۆژوو گرتن

لێخۆش بوونى گوناه‌ (من صام رمضان إيماناً واحتساباً غُفر لة ما تقدم من ذنبه).

پاداشتێكى بێ حيساب و بێژمار له‌حه‌ديسێكدا هاتووه‌كه‌ماناكه‌ى ئه‌وه‌يه‌: هه‌موو كرده‌وه‌ چاكه‌كانى مرۆڤ  پاداشتى چه‌ند جاره‌ى بۆ هه‌يه‌  و چاكه‌يه‌ك به‌ (ده‌) چاكه‌ ده‌نوسرێت – تا (700) قات په‌روه‌ردگار فه‌رموويه‌تى ته‌نها ڕۆژوو نه‌بێت (واته‌ ڕۆژووله‌حه‌وسه‌ت چاكه‌ زياتريش بێ حيساب پاداشتيه‌تى) وه‌ڕۆژوو بۆمنه‌ من خۆم پاداشتى ڕۆژوو ده‌ده‌مه‌وه‌ چونكه‌ڕۆژوه‌وان وازده‌هێنێت له‌خواردن وڕابواردنى له‌به‌ رخاترى من)) صحيح مسلم رقم : (1151) .

3. تامو بۆنى ده‌مى ڕۆژوه‌وان  خۆشتره‌ له‌ بۆنى ميسك صحيح البخاري رقم : (1904) وصحيح مسلم رقم : (1151).

4. ڕۆژو قه‌ڵغانى خاوه‌نه‌كه‌يه‌تى و له‌ئاگرى دۆزه‌خ ده‌يپارێزێت ، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رموويه‌تى : ((الصيام جُنَّـة يستجن بـها العبد من النار)) صحيح الترغيب والترهيب رقم : (981) .

  ڕۆژوو له‌گه‌ڵ قورئان خوێندن شه‌فاعه‌ت ده‌كه‌ن بۆخاوه‌نه‌كانيان له‌ڕۆژىدوايى . ڕۆژوو ده‌ڵێت : ئه‌ى په‌روه‌ردگار من خواردن و ڕابواردنم قه‌ده‌غه‌كردبوو له‌م ڕۆژوه‌وانه‌ بۆيه‌ به‌منىببه‌خشه‌و به‌رتكاى منى بخه‌.   وه‌ قورئان ده‌فه‌رموێت : من خه‌وم لێ منع كردبوو به‌شه‌وو ده‌ى به‌رشه‌فاعه‌تى منى بخه‌ صحيح الترغيب والترهيب رقم : (984) .

6. رۆژوو ده‌رگايه‌كى تايبه‌تى بۆ دانراوه‌ له‌به‌هه‌شتدا پێى ده‌وترێ (الريان) و ڕۆژوه‌وانه‌كان له‌ ڕۆژى قيامه‌تدا پيايدا ده‌چنه‌ ناوه‌وه‌ ، وه‌ كه‌ئه‌وان  چونه‌ ناوه‌وه‌ داده‌خرێت و ڕێگا به‌كه‌سى تر نادرێت پيايدا بچێته‌ ناو به‌هه‌شت  وه‌ هه‌ر كه‌سێكيش پيايدا چووه‌ ژوره‌وه‌ خواردنه‌وه‌يه‌ك ده‌خواته‌وه‌ كه‌تينوێتى ده‌شكێنێت وقه‌ت تينوى  نابێته‌وه‌ صحيح البخاري رقم : (1895) وصحيح مسلم رقم : (144) .

دووه‌م: شه‌و نوێژ ( قيام الليل ـ صلاة التراويح )

واته‌ ئه‌و يانزه‌ ڕه‌كعه‌ته‌ى كه‌ زياتر شه‌وانى ڕه‌مه‌زان به‌ جه‌ماعه‌ت له‌ مزگه‌وته‌كان ده‌كرێت زۆر زۆر خێر ێكى گه‌وره‌ى هه‌يه‌ و پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رموويه‌تى : ((من قام رمضان إيماناً واحتساباً غفر له ما تقدم من ذنبه )).  واته‌ هه‌ركه‌سێك ئه‌و يانزه‌ ڕه‌كعه‌ته‌ى شه‌وانى ڕه‌مه‌زان بكات به‌ بيرو باوه‌ڕێكى ته‌واو و چاوه‌ڕێى پاداشته‌وه‌ ، ئه‌وا خوا له‌ گوناهه‌كانى ڕابردووى خۆش ده‌بێت . وه‌ دروست نيه‌ له‌ شوێنى ته‌ڕاويحه‌كان نوێژه‌ چووه‌كانت بگێڕيته‌وه‌،چونكه‌ هيچ به‌ڵگه‌يه‌كى ڕاستى له‌سه‌ر نىيه‌.به‌ڵكو فه‌رموده‌ى سه‌حيح له‌سه‌ر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سووننه‌ته‌كان كه‌لێن و كه‌م وكورتى فه‌رزه‌كانيان پێ پرده‌كرێته‌وه‌ له‌رۆژى لێپرسينه‌وه‌ى دواييدا. وه‌قياسى نوێژيش ناكرێته‌ سه‌ر رۆژوو چونكه‌ دوو عيباده‌تى لێك جياو سه‌ربه‌خۆن و جياوازى هه‌يه‌ له‌نێوانياندا، هه‌روه‌ك ده‌بينين ئافره‌ت كه‌ به‌هۆى حه‌يزه‌وه‌ نوێژو رۆژوى نه‌كردووه‌ ، ته‌نها رۆژوه‌كانى ده‌گێرێته‌وه‌ نه‌ك نوێژه‌كانيشى!.  وه‌ سوننه‌ته‌ به‌ جه‌ماعه‌ت ته‌راويحه‌كه‌ت بكه‌يت، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى : ((إن الرجل اذا صلى مع الإمام حتـى  ينصرف حسب له قيام ليلة)) صحيح سنن أبي داود رقم : (1375) وصحيح سنن ابن ماجة رقم : (1327) .واته‌ : ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئيمام به‌ جه‌ماعه‌ت نوێژه‌كانى شه‌وى كرد تا ته‌واو ده‌بێت ئه‌وه‌ نوێژى ته‌واوى شه‌وه‌كه‌ى بۆ حيساب ده‌كرێت .  وه‌ ده‌ شه‌وى ئه‌خيرى مانگ به‌تايبه‌تيش تاكه‌كانى زۆر خێره‌ كه‌ زۆر به‌ گه‌رمى و چالاكيه‌وه‌ عيباده‌تى خواى  تێدا بكرێت و نوێژه‌كان ته‌واوتر و درێژتر بكرێن و به‌ خشوع و له‌ خوا ترسانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێن و قورئانيان زۆر تێدا بخوێندرێن و زيكر و دوعاى زۆريان تێدا بكرێن ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  له‌و ده‌ شه‌وه‌دا دوور ده‌كه‌وته‌وه‌ له‌ خه‌و و خێزان ، وه‌ ماڵه‌وه‌ى هه‌ڵده‌ستاند بۆ عيباده‌ت و به‌ درێژايى شه‌وه‌كه‌ نوێژى ده‌كرد چونكه‌ له‌م ده‌ شه‌وه‌دا شه‌وێك له‌ شه‌وه‌كان شه‌وى قه‌دره‌ ( ليلة القدر ) كه‌ خێرى زياتره‌ له‌ هه‌زار مانگ و هه‌ر كه‌سێك له‌و شه‌وه‌دا نوێژه‌كان بكات به‌ ئيمان و چاوه‌ڕێى  پاداشته‌وه‌، ئه‌وه‌ خوا له‌ گوناهى ڕابردوو و(داهاتووى) خۆش ده‌بێت إن شاء الله .

وه‌ك له‌ حه‌ديسدا هاتووه‌ ((من قام ليلة القدر [ثم وُفِّقت له] إيـماناً واحتساباً غفر له ما تقدم من ذنبه وما تأخر )) صحيح البخاري رقم : (1901) وصحيح مسلم رقم : (759) ، والزيادة لأحمد . به‌ڵام سوننه‌ته‌ ده‌ شه‌وه‌كه‌ به‌ نوێژ و زيكرى سوننه‌تى و دوعاو پارانه‌وه‌ خوا و قورئان خوێندن ببرێنه‌ سه‌ر، نه‌ك به‌ ئاهه‌نگ گێڕان و كۆڕ به‌ستن و وتار له‌ دوا وتار و په‌ندى پێشينان و ده‌فه‌ لێدان و سرود وتن و دوعاى جه‌ماعى و ئايا ده‌زانى ... ؟!!،  چونكه‌ به‌تايبه‌ت له‌م ده‌ شه‌وانه‌دا پێچه‌وانه‌ى سوننه‌تى (سه‌له‌ف)ه‌ . پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  له‌م ده‌ شه‌وه‌دا يانزه‌ ركات نوێژى ده‌كرد له‌دواى عيشاوه‌ تاوه‌كو پێش نوێژى به‌يانى زۆر به‌ له‌سه‌رخۆيىو ئارامى وته‌واويه‌وه‌. وه‌ له‌ نوێژه‌كه‌يدا زۆر ڕاده‌وه‌ستا و قوڕئانى زۆرى تێدا ده‌خوێند و له‌سه‌ر هه‌موو ئايه‌تێك ده‌وه‌ستا و له‌ ئايه‌تى ڕه‌حمه‌ت دوعاى ده‌كرد و له‌ ئايه‌تى باسى غه‌زه‌بيش په‌ناى به‌خوا ده‌گرت و له‌ ڕكوع و سجود زۆر ده‌مايه‌وه‌ به‌تايبه‌تى له‌ سوجده‌دا به‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌په‌نجا ئايه‌ت ده‌خوێندرێته‌وه‌، وه‌ زيكرى تێدا ده‌كردن و دوعاى زۆرى ده‌كرد له‌ سجودو زۆر داواى عه‌فوى ده‌كرد و ده‌يوت:  ((اللهم إنك عفوٌ تُحب العفو فاعف عني)) سلسلة الأحاديث الصحيحة رقم : (3337) .  وه‌ هاوه‌ڵانيشى (ڕه‌زای خوایان  لێبێت) كه‌ پێشينه‌ و پێشه‌واى ئێمه‌ن ته‌نها خه‌ريكى ئه‌و يانزه‌ ڕه‌كعه‌ته‌ ده‌بوون تاوه‌كو پێش به‌يانى وه‌كو ئيمام مالك بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌ :(أمر عمر بن الخطاب أبـي بن كعب وتميما الداري أن يقوما للناس بإحدى عشر ركعة، وقد كان القاريء يقرأ بالمئين ، حتى كنا نعتمد على العصي من طول القيام، وما كنا ننصرف إلا في بزوغ  الفجر)) رواه مالك (1/115) بسند صحيح , وانظر :"صفة صوم النبي  (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  "ص(96-100) وصلاة التراويح للشيخ الألباني رحمه الله . وه‌ قورئـــــــان وه‌سفى به‌نــده‌ خـــوا په‌رسته‌كانمان بۆ ده‌كات به‌ شه‌و نوێژ و ڕاوه‌ستانى زۆر و سجود و ڕكوعى درێژ تيايدا به‌ ترس و خشوعه‌وه‌ و ، به‌ ئومێدى پاداشته‌وه‌ نه‌ك به‌ كۆڕ و ووتار و زيكر و دوعاى به‌ ده‌نگى به‌رز و جه‌ماعىيه‌وه‌:

[ أَمَّنْ هُوَ قَانِتٌ آنَاء اللَّيْلِ سَاجِدًا وَقَائِمًا يَحْذَرُ الْآخِرَةَ وَيَرْجُو رَحْمَةَ رَبِّهِ ] وة[ وَالَّذِينَ يَبِيتُونَ لِرَبِّهِمْ سُجَّدًا وَقِيَامًا]. وه‌ پێويسته‌ وريا بين له‌ سيفاتى مونافيقان كه‌ كاتێك هه‌ڵده‌ستن بۆ نوێژ زۆر ته‌مبه‌ڵ و بێ ئاره‌زوون و زيكرى خواى كه‌م تێدا ئه‌كه‌ن : {وَإِذَا قَامُواْ إِلَى الصَّلاَةِ قَامُواْ كُسَالَى يُرَآؤُونَ النَّاسَ وَلاَ يَذْكُرُونَ اللّهَ إِلاَّ قَلِيلاً}  وة پێويسته‌ خۆمان ڕابهێنين وورده‌ وورده‌ نوێژه‌كانمان وه‌كو پێشينه‌ چاكه‌كانمان ( السلف الصالح ) بكه‌ين نه‌ك وه‌كو مونافيقه‌كان .

سێهه‌م : زۆر قورئان خوێندن به‌هۆش و بير لێ كردنه‌وه‌ و خشوع و له‌ خوا ترسان

وه‌ هه‌وڵ بده‌ زۆر قورئان بخوێنيت له‌و مانگه‌دا هه‌موو كاتێك به‌ تايبه‌تيش شه‌وانه‌ چونكه‌ قورئانى پيرۆز دابه‌زينه‌كه‌ى له‌شه‌ودا بووه‌ كه‌ شه‌وى قدر ( ليلة القدر )ه‌ ، وه‌ هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  هه‌موو شه‌وێك ديراسه‌ى قوڕئانى ده‌كرد له‌گه‌ڵ جبريل له‌ شه‌وانى ڕه‌مه‌زاندا . كه‌واته‌ شه‌وانت به‌ قورئان خوێندن و لێ وورد بوونه‌وه‌ و ديراسه‌ كردنى ببه‌ سه‌ر ، وه‌ نه‌خوێنده‌واران با گوێ له‌ قورئان خوێنه‌كان يا شريته‌كانيان بگرن . وه‌ قورئانى پيرۆز هاوه‌ڵ له‌گه‌ڵ ڕۆژوودا، شه‌فاعه‌تت بۆ ده‌كه‌ن، ڕۆژوو ده‌ڵێت : ئه‌ى په‌روه‌ردگار به‌ رۆژ من بوومه‌ ڕێگرى ئه‌و موسوڵمانه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌ى بۆ خاترى من له‌و به‌نده‌يه‌ خۆش به‌ ، وه‌ قورئانيش ده‌فه‌رمووێت : منيش شه‌وانه‌ خه‌وم لێ هه‌ڵگرتبوو ده‌ى بمكه‌ به‌ شه‌فاعه‌ت كارى و به‌ منى ببه‌خشه‌ .  وه‌ قوڕئان خوێندن پاداشتى زۆرى هه‌يه‌ كه‌ له‌به‌ر خاترى خوا به‌ ته‌نها بخوێندرێت وه‌ نه‌كرێته‌ وه‌سيله‌يه‌ك بۆ پاره‌ په‌يدا كردن و شوهره‌ت وه‌ده‌ست هێنان !! وه‌ گرنگيش ئه‌وه‌يه‌ موسوڵمانى تێگه‌يشتوو كار به‌ قورئان بكات و شوێنى بكه‌وێت نه‌ك ته‌نها خوێندنه‌وه‌ى ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى : (( أكثر منافقي أُمتي قراؤها)) سلسلة الأحاديث الصحيحة رقم : (750) و (2240) . واته‌ : زۆربه‌ى مونافيقه‌كانى ئوممه‌تى من قورئان خوێنه‌كانن ـ په‌نا به‌خوا ـ له‌و سيفه‌ته‌ خراپه‌ .

 چواره‌م : زيكر و دوعا ه‌

پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رموويه‌تى : هه‌ر كه‌سێ نوێژى به‌يانى به‌ جه‌ماعه‌ت بكات له‌ پاشان دانيشێ زيكرى خوا بكات تا ڕۆژ هه‌ڵدێ ، له‌ پاشان دوو ڕه‌كعه‌ت نوێژ بكات ، ئه‌وه‌ وه‌ك خێرى حه‌ج و عومره‌يه‌كى  ته‌واوى هه‌يه‌ ـ وه‌ هه‌روه‌ها دوا نوێژى عه‌سر و پێش مه‌غريب [ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا اللَّهَ ذِكْرًا كَثِيرًا*وَسَبِّحُوهُ بُكْرَةً وَأَصِيلًا] [ قَبْلَ طُلُوعِ الشَّمْسِ وَقَبْلَ الْغُرُوبِ}  دوعا كردن كاتى به‌ربانگ و سێيه‌كى كۆتايى شه‌و به‌تايبه‌ت ( ليلة القدر ) و نێوان بانگ و قامه‌ت و سه‌عاتى ئه‌خيرى ڕۆژى جومعه‌ و له‌ سوجده‌دا و دواى نوێژه‌كانيش پێش سه‌لام دانه‌وه‌  .

پێنجه‌م : خێر و چاكه‌ ( مال و خواردن به‌خشين )

پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) : ((كان أجود الناس وأجود ما يكون في رمضان حين يلقاه جبريل ، فيدارسه القرآن )) صحيح البخاري رقم : (4998) وصحيح مسلم رقم : (2308) . واته‌ پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  له‌ هه‌موو كه‌س به‌خشنده‌تر بوو، وه‌ له‌ ڕه‌مه‌زاندا له‌ هه‌موو كاتێك زياتر به‌خشنده‌ بوو، وه‌ داواى هه‌ر شتێكى لێ كرابا ده‌يبه‌خشى له‌ پێناوى خوا ، به‌ فه‌قير و هه‌ژاران و به‌و كه‌سانه‌ش كه‌ دڵى گۆش ده‌كردن بۆ ئيسلام.  وه‌ خۆى به‌ ژيانێكى كه‌م و كه‌فاف ڕازى ده‌بوو و زياد له‌وه‌ى ده‌يبه‌خشى .  وه‌ به‌ عيلم و ئامۆژگارى و ماڵ و سامان و نه‌فس له‌ خزمه‌ت موسوڵماناندا بوو  و ، به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك به‌خشنده‌ بوو له‌گه‌ڵياندا و له‌به‌رامبه‌ريشدا داواى هيچ پاداشتێكى له‌ خه‌ڵك نه‌ده‌كرد [قُلْ مَا أَسْأَلُكُمْ عَلَيْهِ مِنْ أَجْرٍ ] ، وه‌ با ئێمه‌ش له‌به‌ر خاترى خوا وه‌ شوێن كه‌وتن بۆ پێغه‌مبه‌رانى خوا به‌خشنده‌ بين به‌م شێوه‌يه‌ :

خێر و صه‌ده‌قه‌ كردن به‌ فه‌قير و هه‌ژاران و لێ قه‌وماوان ، چونكه‌ خێر  و صه‌ده‌قه‌ به‌ خالسى بۆ خوا گوناهو تاوان ده‌كوژێنێته‌وه‌ .

خواردن به‌خشين به‌ جيران و خزم و ميوان و هه‌تيوو هه‌ژار و كه‌سانى برسى له‌به‌ر خوا ، كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆى چوونه‌ به‌هه‌شت و ڕزگار بوون له‌ ئاگر و سزاى دۆزه‌خ ، وه‌ك په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێت : [ وَيُطْعِمُونَ الطَّعَامَ عَلَى حُبِّهِ مِسْكِيناً وَيَتِيماً وَأَسِيراً *  إِنَّمَا نُطْعِمُكُمْ لِوَجْهِ اللَّهِ لَا نُرِيدُ مِنكُمْ جَزَاء وَلَا شُكُوراً *  إِنَّا نَخَافُ مِن رَّبِّنَا يَوْماً عَبُوساً قَمْطَرِيراً *  فَوَقَاهُمُ اللَّهُ شَرَّ ذَلِكَ الْيَوْمِ وَلَقَّاهُمْ نَضْرَةً وَسُرُوراً *  وَجَزَاهُم بِمَا صَبَرُوا جَنَّةً وَحَرِيراً] .

به‌ربانگ به‌خشين به‌ ڕۆژوه‌وان : پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رموويه‌تى : ((من فطَّر صائما فله مثل أجره من غير أن ينقص من أجر الصائم شيء )) صحيح سنن الترمذي رقم : (807) صحيح سنن ابن ماجه رقم :  (1746) . واته‌ هه‌ر كه‌سێك به‌ربانگ بدات به‌ ڕۆژوه‌وانێك ئه‌وه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ى ڕۆژوه‌وانه‌كه‌ ئه‌جرى هه‌يه‌، بێ ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌جرى ڕۆژوه‌وانه‌كه‌ش كه‌م بێته‌وه‌ 0

شه‌شه‌م : ته‌قوا كردنى خواو خۆ پارێزى 

له‌ نه‌هيه‌كانى و توڕه‌يى و سزا و دۆزه‌خه‌كه‌ى به‌ گوێڕايه‌ڵى كردنى فه‌رمانه‌كانى و زۆر زيكر و ياد كردنى و به‌رده‌وام هه‌ست كردن به‌ چاودێرى و موڕاقه‌به‌ى خوا .  وه‌ له‌ ڕاستيدا ته‌قوا كردنى خوا و خۆڕاهێنان له‌سه‌ر موڕاقه‌به‌ى خوا ، گه‌وره‌ترين حيكمه‌ت و ئامانجه‌كانى ڕۆژوو گرتنه‌. وه‌ كه‌ سه‌يرى سه‌ره‌تا و كۆتايى ئايه‌ته‌كانى ڕۆژوو بكه‌ين ده‌بينين هانى داوين بۆ ته‌قوا كردن [ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ] [ لَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ] واته‌ : په‌روه‌ردگار ڕۆژووى له‌سه‌ر واجب كروون و حوكمه‌كانيشى بۆ ڕوون كردوونه‌وه‌ به‌ڵكو به‌ ته‌قوا بن و خۆ پارێزبن له‌ خراپه‌ و تاوان . مه‌به‌ست له‌ ڕۆژوو گرتن ئه‌وه‌يه‌ موسڵمان دڵ و زمان ولا شه‌ى خۆى په‌روه‌رده‌ بكات و ڕاى بهێنێت له‌سه‌ر گوێڕايه‌ڵى و ملكه‌چى بۆ خوا ، وه‌ له‌به‌ر خاترى خوا له‌ كاتى ڕۆژوو دا وازبهێنێت له‌و ئاره‌زوانه‌ى كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆى حه‌ڵاڵن، وه‌ك خواردن و خواردنه‌وه‌ و جيماعى خێزانى خۆى، كه‌وابوو چاكتر و زياتر پێويسته‌ له‌ پێناوى په‌روه‌ردگار واز بهێنيت و دوور كه‌ويته‌وه‌ له‌و ئاره‌زوانه‌ى تريش كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا و له‌ هه‌موو كاتێك هه‌ر حه‌رام و قه‌ده‌غه‌ كراون ، وه‌ك درۆ و بوهتان و دووزمانى و غه‌يبه‌ت و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ و نه‌زه‌ر و گوێ گرتن له‌ مۆسيقا و گۆرانى و دانيشتن به‌رامبه‌ر ته‌له‌فزيۆن و سه‌ته‌لايت بۆ بينينى به‌رنامه‌ و فليمى ڕووت و بێ شه‌رعى . وه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رموويه‌تى:ـ ((من لـم يدع قول الزور والعمل به فليس لله حاجة في أن يدع طعامه وشرابه)) صحيح البخاري رقم : (1903) . واته‌ هه‌ر كه‌سێك واز نه‌هێنێت له‌ قسه‌ى درۆو ناحه‌ق و كرده‌وه‌ى خراپه‌ و ناڕه‌وا ئه‌وا خواى گه‌وره‌ هيچ پێويستيه‌كى به‌وه‌ نيه‌ كه‌ واز له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ى بهێنێت و ڕۆژوه‌كه‌ى خێرى نيه‌ .

((رُبّ صائمٍ حظه من صيامه الـجوع والعطش)) صحيح سنن ابن ماجه رقم :  (1690) . واته‌ : ڕۆژوه‌وانى وا هه‌يه‌ به‌شى له‌ ڕۆژوه‌كه‌ى ته‌نها برسێتى و تينوێتىيه‌ (واته‌ هيچ خێرى نيه‌ چونكه‌ دڵ و زمان و لا شه‌ى نه‌پاراستووه‌ له‌ گوناهو خراپه‌ و ئازاردانى موسوڵمانان ) وه‌ به‌و مه‌رجه‌ ڕه‌مه‌زان ده‌بێته‌ مايه‌ى ڕه‌ش بوونه‌وه‌ى گوناهه‌كانت كه‌ خۆت دوور بگريت له‌ گوناهه‌ گه‌وره‌كان:((ورمضان إلى رمضان مكفرات لـما بينهنّ ، ما اجتنبت الكبائر)) .

(( ليس الصيام من الأكل والشراب إنما الصيام من اللغو والرفث ، فإنْ سابك أحد أو جهل عليك فقل إنّي صائم إنّي صائم)) صحيح الترغيب والترهيب رقم : (1082) وصحيح الـجامع الصغير رقم : (5376) . واته‌ : ڕژوو گرتن ته‌نها خۆ گرتنه‌وه‌ نيه‌ له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ ، به‌ڵكو خۆ گرتنه‌وه‌يه‌ له‌ قسه‌ى پڕ و پوچ درۆ و جنێو و ناحه‌ق،  له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر يه‌كێك جنێوى پێدايت يان نه‌فامێتى به‌رامبه‌رت نواند ئه‌وه‌ تۆ بڵى من به‌ڕۆژووم من به‌ڕۆژووم .

و  حه‌وته‌م : ته‌وبه‌و داواى لێ خۆش بوون كردن

[ أَفَلاَ يَتُوبُونَ إِلَى اللّهِ وَيَسْتَغْفِرُونَهُ وَاللّهُ غَفُورٌ رَّحِيمٌ} المائدة

وه‌ به‌ تايبه‌ت له‌ كاتى سحور :[ وَبِالْأَسْحَارِ هُمْ يَسْتَغْفِرُونَ } الذاريات

موسوڵمانى كه‌مته‌رخه‌م : گه‌ر له‌م مانگه‌ ته‌وبه‌ نه‌كه‌يت كه‌ له‌ هه‌موو شه‌وو ڕۆژێكدا خه‌ڵكانێك ئازاد ده‌كرێن له‌ دۆزه‌خ و بڕيارى نه‌چوونه‌ ناو دۆزه‌خيان بۆ ده‌درێت، كه‌ى ته‌وبه‌ ده‌كه‌يت؟!  ده‌ى تا ئه‌وكاته‌ پيرۆزه‌ى دوعا قه‌بوڵ بوون و خوا لێ خۆش بوونت به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ له‌ ڕه‌مه‌زاندا به‌ زووترين كات بگه‌ڕێوه‌ لاى په‌روه‌ردگارت و داواى لێ خۆش بوونى لێ بكه‌ و به‌ڕاستى بيپه‌رسته‌ و شوێن قورئان و نێردراوه‌كه‌ى بكه‌وه‌ . وه‌ هه‌ركه‌سێك به‌ زمان داواى لێ خۆش بوون بكات ، به‌ڵام دڵه‌كه‌ى هۆگرى تاوان بێت و نيازى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌بێت ـ دوا ڕه‌مه‌زان ـ بۆ سه‌رپێچيه‌كانى پێش ڕه‌مه‌زان ؛ ئه‌وه‌ ڕۆژوو گرتنه‌كه‌ى بێ فايده‌يه‌ و تۆبه‌كه‌يشى گاڵته‌يه‌ . كه‌واته‌ نيه‌ت و ئيراده‌ت پته‌و بكه‌ له‌سه‌ر خوا په‌رستى به‌ به‌رده‌وامى و ئيستيقامه‌تت بێ چونكه‌ عاقيبه‌ت حيسابه‌ و ئاخير خێرى گرنگه‌ . وه‌ سوپاسى خوا بكه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ له‌و مانگه‌دا زياتر هيدايه‌تى داويت و ده‌رگاى دۆزه‌خى بۆ داخستويت و ده‌رگاكانى به‌هه‌شتى بۆ كردويته‌وه‌ ، كه‌واته‌ چۆن جارێكى تر دواى ر ه‌مه‌زان ئه‌م فه‌زڵه‌ له‌ده‌ست خۆت ده‌ده‌يت و پشت له‌ مزگه‌وت و خواپه‌رستى ده‌كه‌يته‌وه‌ و ڕوو ده‌كه‌يته‌وه‌ خراپه‌ و ڕيسه‌كه‌ت ده‌كه‌يته‌وه‌ خورى [ كَالَّتِي نَقَضَتْ غَزْلَهَا مِن بَعْدِ قُوَّةٍ أَنكَاثًا ] و به‌ره‌و ئاگر ده‌ڕۆيت!!.

موسوڵمانى ژير پێويسته‌ خوا بپه‌رستيت تا مردنت [وَاعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّى يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ} چونكه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ڕه‌مه‌زاندا ده‌يپه‌رستيت به‌ رۆيشتنى ڕه‌مه‌زان ناڕوات . وه‌ هه‌روه‌ها له‌ خۆبايى مه‌به‌ به‌و چه‌ند ڕۆژ عيباده‌ته‌ى ڕه‌مه‌زانت به‌ڵكو مه‌ترسى ئه‌وه‌ت بێت لێت وه‌رنه‌گرێت ، چونكه‌ په‌روه‌ردگار ته‌نها عيباده‌تى ته‌قواداران قه‌بوڵ ده‌كات [ إِنَّمَا يَتَقَبَّلُ اللّهُ مِنَ الْمُتَّقِينَ} وه‌ مه‌ترسى ئه‌وه‌ت هه‌بێت به‌ ته‌واوى ئه‌نجامت نه‌دابن و ڕۆژى قيامه‌ت ڕوو زه‌ردى لاى خوا بى. [ الذين يؤتون ما آتوا وقلوبهم وجلة أنهم إلى ربهم راجعون ].

حوكمى رۆژووگرتنى ره‌مه‌زان

پێويسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو موسوڵمانێكى باڵغى عاقڵ كه‌ له‌سه‌فه‌ردا نه‌بێت و نه‌خۆشيش نه‌بێ، ئه‌و مانگه‌ به‌ته‌واوى به‌ڕۆژوو بێت وه‌ئه‌مه‌ ڕوكنێكى ئيسلامه‌. به‌ڵام ئافره‌ت له‌كاتى (حيض)و(نفاس) نابێت به‌ڕۆژوو بێت ودوايى ده‌يانگرێته‌وه‌ به‌ڵام له‌ غه‌يرى ئه‌م دوو حاڵه‌ته‌ پێويسته‌  به‌ڕۆژوو بێت ئه‌گه‌ر خوێنى  (استحاضة)ش ببينێت .وه‌ ئه‌گه‌ر پاك بۆوه‌ له‌ حه‌يز له‌ سه‌ره‌تاى ڕۆژدا ، ئه‌وه‌ پێويست ناكات به‌ ڕۆژو بێت هه‌روه‌ك له‌ قسه‌ى زانايانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ، چونكه‌ هيچ رێى تێ ناچێت به‌شێك له‌ ڕۆژ به‌ڕۆژو بێت و به‌شه‌كه‌ى ترى به‌ ڕۆژو نه‌بێت . به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ئافره‌تانه‌ پاك بوونه‌وه‌ له‌ حه‌يز و نيفاس پێش بانگى به‌يانى ئه‌وه‌ پێويسته‌ ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ڕۆژو بن ئه‌گه‌ر خۆشيان نه‌شوشتبێت .

وه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌بۆيان هه‌يه‌ به‌رۆژوو نه‌بن ئه‌مانه‌ن:

1 ، 2. پيره‌مێردو پيره‌ژن ئه‌گه‌ر قورس و ناڕه‌حه‌ت بوو له‌سه‌ريان و نه‌يان توانى. بۆيان هه‌يه‌ له‌برى هه‌ر ڕۆژێك فيديه‌ بده‌ن به‌هه‌ژارێك وه‌ك خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت :    [  وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ ] [البقرة : 184] . وه‌ئه‌ندازه‌ى فيديه‌كه‌ بريتىيه‌ له‌ دوو مشت گه‌نم يان مشتێك به‌لاى هه‌ندێ له‌زانايانه‌وه‌ . وه‌ بۆيان هه‌يه‌ كه‌ خواردنه‌كه‌ به‌شێوه‌ى دانه‌وێڵه‌ ـ واته‌ به‌ ئاماده‌ نه‌كراوى ـ دابه‌ش بكه‌ن به‌سه‌ر هه‌ژاران، يان به‌شێوه‌ى خواردنى ئاماده‌ كراو، وه‌ باشتره‌ ژه‌مێك خواردن بدرێت له‌برى هه‌ر ڕۆژێك.

شێخ ( عبدالله البسام ) ده‌ڵێت توضيع الاحكام من بلوغ المرام : ( 3 / 186 ) . :  ( بڕى ئه‌و خواردنه‌ى كه‌ ده‌درێت به‌ هه‌ژاران مشتێكه‌ له‌ گه‌نم ، به‌ڵام بڕى يه‌ك ( صاع ) جگه‌ له‌ گه‌نم ده‌دات ، وه‌ يه‌ك ( صاع )يش چوار مشته‌ ،  كه‌واته‌ ( صاع ) چوار مشته‌ و هه‌ر يه‌ك مشتيش (625) غرامه‌ ، كه‌واته‌ يه‌ك صاع (2500) غرامه‌ ،

3. نه‌خۆشى به‌رده‌وام كه‌ ئومێدى چاكبونه‌وه‌ى نه‌بێت بۆى هه‌يه‌ به‌ڕۆژونه‌بێت و به‌هه‌مان شێوه‌ى پێشو فديه‌ بدات

4،5. ئافره‌تى حاميله‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژوو زه‌ره‌رى هه‌بوو بۆى و له‌خۆى ترسا توشى نه‌خۆشى بێت. وه‌ هه‌روه‌ها ئافره‌تى شيرده‌ر (مرجع)كه‌ به‌ڕۆژوو بونى زه‌ره‌رىدا له‌ منداڵه‌كه‌ى ئه‌وه‌ بۆيان هه‌يه‌ ئه‌وانيش ته‌نها فيديه‌ بده‌ن، به‌گوێره‌ى تێگه‌يشتنى زاناى ئوممه‌ت ابن عباس له‌ ئايه‌تى (وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ ) ) قال ابن عباس : ((وثبت للشيخ الكبير والعجوز الكبيرة ، إذا كانا لايطيقان الصوم ، والحبلى والمرضع إذا خافتا أفطرتا وأطعمتا كل يوم مسكينا)) رواه أبو داود : (2318) والبيهقي : (4 / 230) بسند صحيح.

به‌ڵام هه‌ندێ له‌زانايان فه‌رموويانه‌ به‌ڵێ بۆيان هه‌يه‌ به‌رۆژوو نه‌بن ، به‌ڵام پێويسته‌ رۆژوه‌كه‌يان بگێرنه‌وه‌ وه‌كو نه‌خۆش وموسافير، چونكه‌ حاڵيان له‌وان ناڕه‌حه‌ت تر نىيه‌ ، وه‌ كه‌ ابن عباس ته‌نها باسى فيديه‌ى كردووه‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ كه‌ گێڕانه‌وه‌يان له‌سه‌ر نىيه‌ شيخ ابن عثيمين ئه‌م رايه‌ى هه‌ڵبژاردووه‌ (الشرح الـممتع : (6 / 362) .

6،7. موسافرو نه‌خۆش بۆيان هه‌يه‌ به‌ڕۆژونه‌بن وه‌دوايى ڕۆژوه‌كانيان بگرنه‌وه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژێكى تردا ، وه‌كو ده‌فه‌رمووێت : [ فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضًا أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ ] [البقرة : 184] . ئه‌مه‌ش بريتىيه‌ له‌ لابردنى ناخۆشى و ناڕه‌حه‌تى كه‌ توشى نه‌خۆش و موسافير ده‌بێت به‌ڵام غه‌يرى ئه‌مانه‌ پێويسته‌ به‌ڕۆژووبن و چاوه‌ڕێى پاداشتيش بن لاى خوا له‌سه‌رى كه‌واته‌ بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ يه‌كێك له‌ ڕه‌حمه‌ته‌كانى خواى گه‌وره‌ بريتىيه‌ له‌ ئايينى ئيسلام ، كه‌ ئايينێكى ئاسانه‌ و قورسى تێدا نيه‌ ، چونكه‌ خواى گه‌وره‌ داواى له‌ هيچ كه‌سێك نه‌كردووه‌ كه‌ له‌ توانايدا نه‌بێت .

خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمووێت : [  وَمَا جَعَلَ عَلَيْكُمْ فِي الدِّينِ مِنْ حَرَجٍ ] [الـمؤمنون : 78] .             

وه‌ هه‌روه‌ها ده‌فه‌رمووێت : [ يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ }[البقرة : 185] .

له‌به‌ر ئه‌وه‌ خواى گه‌وره‌ ڕێگه‌ى به‌ ڕۆژوو نه‌بوون داوه‌. وه‌ هه‌ركه‌سێك ڕۆژو نه‌گرێت به‌هۆى عوزرێك وه‌ك ( حه‌يز و نيفاس و نه‌خۆشى و سه‌فه‌ر ) وه‌ ته‌مبه‌ڵى بكات له‌ گێرانه‌وه‌ى ـ قه‌زا كردنه‌وه‌ى ـ ڕۆژوه‌كه‌  هه‌تا ئه‌وكاته‌ى كه‌ مانگى ڕه‌مه‌زانى دووه‌م دێت به‌بێ عوزر ئه‌وه‌ پێويسته‌ له‌سه‌رى به‌په‌له‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ته‌وبه‌ كردن و داواى لێبوردن كردن له‌ خواى گه‌وره‌ چونكه‌ ئه‌و ڕۆژوانه‌ى له‌سه‌رى بوونه‌ دواى خستوون، وه‌پێويسته‌ ڕۆژوه‌كه‌ش هه‌ر بگرێته‌وه‌ به‌بێ كه‌فاره‌ت و فيديه‌ إن شاء الله.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو دواخستنى ڕۆژوه‌كانى به‌هۆى عوزرێكه‌وه‌ بوو وه‌ك به‌رده‌وام بوونى سه‌فه‌ره‌كه‌ى يان نه‌خۆشيه‌كه‌ى ئه‌وه‌ تاوانى له‌سه‌ر نيه‌ و ته‌نها گرتنه‌وه‌ى ڕۆژوه‌كانى له‌سه‌ره‌ ئه‌گه‌ر دواى مانگى ڕه‌مه‌زانى دووه‌ميش بێت.

( ترسناكى وازهێنان له‌ ڕۆژوو )

ئه‌وكه‌سه‌ى بزانێت  كه‌ڕۆژو واجبه‌ و ڕوكنێكى ئيسلامه‌ و ئينكارى بكات ئه‌وه‌كافره‌ .

* به‌ڵام كه‌سێك ئيمانى هه‌بێت به‌وه‌ى كه‌ واجبه‌ رۆژوو بگرێت، به‌ڵام بێعوزرى شه‌رعى، به‌ويستى خۆى واز له‌ڕۆژوو گرتن بهێنێت له‌مانگى ڕه‌مه‌زان ئه‌وه‌ گوناهێكى گه‌وره‌ى كردوه‌ ڕوكنێكى دينه‌كه‌ى له‌ڕوخاندايه‌و مه‌ترسى زۆرى لێده‌كرێت. له‌حه‌ديسێكدا هاتووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ماناكه‌يه‌تى: پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رمووى ( له‌كاتێكدا كه‌من نوستبوم دوو پياو هاتنه‌لام قۆڵيان گرتم وهێنايانم بۆ شاخێك و وتيان سه‌ركه‌وه‌ وتم : من ناتوانم وتيان: بۆت ئاسان ده‌كه‌ين. جا سه‌ركه‌وتم تا كه‌ گه‌يشتم به‌ڕه‌شايى شاخه‌كه‌ گوێم له‌ده‌نگێكى به‌رز بوو وتم: ئه‌و ده‌نگانه‌ چين . وتيان ئه‌وانه‌ ده‌نگى  هاواروشيوه‌نى ئه‌هلى ئاگرن!. له‌پاشان برديانم تا گه‌يشتم به‌ كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێك هه‌ڵواسرابون به‌ڕه‌گى سه‌ر پاژنه‌ پێيان. ده‌ميان دابڕدابڕو كه‌لێن كه‌لێن كرابوو و خوێن له‌ده‌ميانه‌وه‌ ده‌هات . وتم ئه‌مانه‌ كێن ؟ ووتيان ئه‌وانه‌ كه‌ پێش كاتى ڕۆژوو شكاندن (واته‌ پێش ڕۆژ ئاوابون) ڕۆژوو ده‌شكێنن سلسلة الأحاديث الصحيحة رقم : (3951) و صحيح الترغيب والترهيب رقم : (2393) .

ئه‌مه‌ سزاى كه‌سێك بێت پێش ڕۆژوو ئاوابون ڕۆژووى بشكێنێئه‌بى حاڵى ئه‌و كه‌سه‌ چۆن بێت كه‌هه‌ر به‌ڕۆژوو نه‌بێت؟!.

أبو هريره‌ (ڕه‌زای خوای لێبێت) فه‌رموى: پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر مينبه‌رو فه‌رمووى: ((آمين آمين آمين)) وتيان : ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا تۆ كه‌سه‌ر كه‌وتيه‌ سه‌رمينبه‌ر وتت آمين  آمين آمين؟ فه‌رمووى: جبرائيل سه‌لامى له‌سه‌ر بێت – هاته‌لام وتى : هه‌ركه‌سێ بگاته‌ مانگى ڕه‌مه‌زان و خوا لێى خۆش نه‌بێت و ببێته‌ شايسته‌ى دۆزه‌خ ئه‌وه‌ خوا دورى خاته‌وه‌ له‌ڕه‌حمه‌تى خۆى )) بلێ: (آمين) منيش وتم : (آمين) ...) صحيح الترغيب والترهيب رقم : (997) .

 ( ڕوكنه‌كانى ڕۆژوو گرتن )

نيه‌ت بوون : پێويسته‌ پێش كاتى بانگى به‌يانى ئه‌و ڕۆژه‌ نيه‌ت دابمه‌ زرێنيت له‌سه‌ر به‌ڕۆژوو بوون . واته‌ له‌هه‌ر به‌شێكى شه‌ودا به‌مه‌رجێك بانگى به‌يانى نه‌بوو بێت له‌دڵدا نيه‌تى به‌ڕۆژوو بوون ده‌هێنێت ، وه‌ك پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رموويه‌تى : ((من لـم يُجمع الصيام قبل الفجر فلا صيام له)) صحيح سنن أبـي داود : (2454) وصحيح الـجامع الصغير رقم : (6538). واته‌ هه‌ركه‌سێك پێش كاتى به‌يانى  نيه‌تى به‌ ڕۆژوو بوون نه‌هێنێت ڕۆژوو گرتنى بۆنيه‌ ، به‌ڵام ئه‌م ڕوكنه‌ تايبه‌ته‌ به‌ڕۆژووى ( واجب ) نه‌ك سوننه‌ت .

خۆگرتنه‌وه‌ ( الإمساك )

له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه‌ڕۆژوويان پێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌ (المُفطرات) له‌ كاتى بانگى به‌يانيه‌وه‌ تا كاتى ڕۆژ ئاوابوون .

(كاتى ڕۆژوو گرتن )

خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى : [ أُحِلَّ لَكُمْ لَيْلَةَ الصِّيَامِ الرَّفَثُ إِلَى نِسَائِكُمْ هُنَّ لِبَاسٌ لَكُمْ وَأَنْتُمْ لِبَاسٌ لَهُنَّ عَلِمَ اللَّهُ أَنَّكُمْ كُنْتُمْ تَخْتَانُونَ أَنْفُسَكُمْ فَتَابَ عَلَيْكُمْ وَعَفَا عَنْكُمْ فَالْآنَ بَاشِرُوهُنَّ وَابْتَغُوا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الْأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الْأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ] (البقرة:187).    واته‌ بۆتان هه‌يه‌ بچنه‌ لاى خێزانتان و ئه‌وه‌ى خوا بۆى حه‌ڵاڵ كردون بيكه‌ن، وه‌بخۆن وبخۆنه‌وه‌ تاوه‌كو ڕووناكى و سپيايى به‌يانى (الخيط الأبيض من الفجر)ده‌رده‌كه‌وێت و تاريكايى شه‌و ) (الخيط الأسود من الليل ) نامێنێت كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاى به‌ڕۆژوو بوونه‌.  وه‌به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌م خۆگرتنه‌وه‌يه‌ له‌ : چونه‌ لاى خێزان و خواردن و خواردنه‌وه‌، وه‌ به‌ڕۆژووبن تا خۆر ئاوا ده‌بێت و ڕۆژ ده‌روات و شه‌و دێت. [ثُمّ أتموا الصيام إلي الليل ] .

 چه‌ند تێبينى يه‌ك :

سه‌ره‌تاى ڕۆژوو گرتن له‌ ده‌ركه‌وتنى ئه‌و ڕوناكييه‌ ده‌بێت كه‌پێى ده‌وترێت (الفجر الصادق) كه‌ بريتى له‌ڕوناكيه‌كى ڕه‌نگ سور و بڵاوو و په‌رش بوه‌وه‌ به‌سه‌ر لوتكه‌ شاخ وده‌ورو به‌ردا، وه‌به‌وه‌ نوێژى به‌يانى ده‌بێت و خواردن و خواردنه‌وه‌ له‌ڕۆژوه‌وان حه‌رام ده‌بێت. چونكه‌ له‌و كاته‌وه‌ ڕۆژوو گرتنه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات. به‌ڵام پێش ئه‌م به‌يانيه‌ ڕاسته‌ (الفجر الصادق) ڕوناكيه‌كى سپى به‌رز ده‌بێته‌وه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ به‌ره‌و ئاسمان وه‌ك عه‌مودێك. وه‌ئه‌وه‌ پێى ده‌وترێت به‌يانى درۆ(الفجر الكاذب). وه‌ نه‌ نوێژ بووه‌ له‌وكاته‌دا وه‌نه‌ڕۆژوش ده‌ست پێده‌كات. پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رموويه‌تى :((كلوا واشربوا ولايغرنكم الصاطع المصعد ، وكلوا واشربوا حتى يعترض لكم الأحمر )) صحيح سنن الترمذي رقم : (705) .

  ((إذا سمع أحدكم النداْء والإناء في يده فلا يضعه حتي يقضي حاجته )) سلسلة الأحاديث الصحيحة رقم : (1394) .واته‌ : ئه‌گه‌ر يه‌كێك له‌ئێوه‌ گوێى له‌بانگى به‌يانى بوو وه‌ جامه‌ ئاويشى به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، با  داى نه‌نێته‌وه‌ تاوه‌كو لێى ده‌خواته‌وه‌ به‌گوێره‌ى پێويستى خۆى.

كه‌واته‌ به‌ به‌ڵگه‌ى ئايه‌تى :[ أُحِلَّ لَكُمْ لَيْلَةَ الصِّيَامِ الرَّفَثُ إِلَى نِسَائِكُمْ هُنَّ لِبَاسٌ لَكُمْ وَأَنْتُمْ لِبَاسٌ لَهُنَّ عَلِمَ اللَّهُ أَنَّكُمْ كُنْتُمْ تَخْتَانُونَ أَنْفُسَكُمْ فَتَابَ عَلَيْكُمْ وَعَفَا عَنْكُمْ فَالْآنَ بَاشِرُوهُنَّ وَابْتَغُوا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَكُمْ وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الْأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الْأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ] [البقرة:187] .

وه‌به‌به‌ڵگه‌ى سوننه‌ت كه‌ دوو حه‌ديسمان لێ باس كرد ده‌ركه‌وت كه‌ دروسته‌ تاوه‌كو كاتى بانگى به‌يانى نان و ئاو بوخرێت وبوخرێته‌وه‌. وه‌ له‌مه‌ش زياتر پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  ڕوخسه‌تى داوين كه‌ ئه‌گه‌ر كاتى بانگيش جامى ئاوت به‌ده‌سته‌وه‌ بێت لێيى بخۆيته‌وه‌ . كه‌واته‌ خۆگرتنه‌وه‌ له‌خواردن وخواردنه‌وه‌ (الامساك) پێنج يا ده‌ ده‌قيقه‌ پێش بانگ هيچ به‌ڵگه‌يه‌كى شه‌رعى له‌سه‌ر نيه‌و پێويست ناكات ودروست نيه‌ خواردن وخواردنه‌وه‌ له‌خه‌ڵكى قه‌ده‌غه‌ بكرێت له‌م كاتى ئيمساكه‌دا ، وه‌ به‌تايبه‌تى ڕۆژوه‌وانى وا هه‌يه‌ ئه‌م كاته‌ به‌خه‌به‌ر به‌ركه‌وێت.

3- پێغه‌مبه‌ر(صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رمويه‌تى(إذا أقبل الليل من هاهنا وغربت الشمس فقد أفطر الصائم) صحيح البخاري رقم : (1954) وصحيح مسلم رقم : (1100) .واته‌ ئه‌گه‌ر تاريكى شه‌و له‌ ڕۆژ هه‌ڵاته‌وه‌ هات وخۆر ئاوا  بوو ، ئه‌وه‌ ڕۆژوه‌وان ڕۆژوه‌كه‌ى ته‌واو ده‌بێت وده‌بێت بيشكێنێت. كه‌واته‌ دروست نيه‌ ڕۆژوه‌كه‌ت دريژبكه‌يته‌وه‌ بۆ دواى ئه‌وكاته‌و چاوه‌ڕێى ده‌ركه‌وتنى ئه‌ستێره‌ بيت . به‌ڵكو ئه‌وه‌ موخاله‌فه‌ى سوننه‌ته‌و بيدعه‌يه‌ . وه‌ئه‌گه‌ر هاتوو بانگ بێژى ئێواره‌ دره‌نگتر له‌كاتى خۆى بانگىدا، ئه‌وه‌ ده‌بێت تۆ له‌كاتى خۆى بيشكێنيت.

پارشێو ( السحور ) كردن

حوكمه‌كه‌ى : پارشێوكردن واجبه‌ چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رمانى پێكردوين پارشێوكردن و فه‌رموويه‌تى :  ((تسحروا فإنَّ في السحور بركة)) صحيح البخاري رقم : (1923) وصحيح مسلم رقم : (1095) . واته‌ پارشێو بكه‌ن چونكه‌ پارشێو كردن به‌ره‌كه‌ته‌، وه‌نابێ وازى لێ بهێنين ئه‌گه‌ر قومه‌ ئاوێكيش بێت چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر نه‌هى كردوه‌ له‌ وازهێنان لێى. پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رموويه‌تى : ((السحور أكلة بركة فلا تدعوه ، ولو أن يجرع أحدكم جرعة من ماء، فإن الله وملائكته يصلون على المتسحرين)) صحيح الـجامع الصغير رقم : (3683). واته‌ خواردنى پارشێو خێرو به‌ره‌كه‌ته‌، وه‌ په‌ روه‌ردگار ڕحمه‌ت وبه‌ره‌كه‌ت ده‌ڕێژێته‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ى پارشێو ده‌كه‌ن و مه‌لائيكه‌ش داواى لێ خۆش بوون و ڕه‌حمه‌تيان بۆده‌كه‌ن.

زه‌كاتى ڕۆژوو ته‌واو بوون  ( سه‌رفتره‌ ) ( زكاة الفطر ) 

ابن عمر ده‌فه‌رمووێت : ((فرض رسول الله (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) زكاة الفطر صاعاً من تـمر أو صاعاً من شعير على العبد والـحر والذكر والأنثى والصغير والكبير من المسلمين)) صحيح البخاري رقم : (1503) وصحيح مسلم رقم : (984) . واته‌: پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  زه‌كاتى فيگرى فه‌ڕز كرد كه‌ بريتيه‌ له‌ چوار مشت خورما يان جۆ 0 له‌سه‌ر عه‌بد و ئازاد و، نێر و مێ  گچكه‌ و گه‌وره‌ى موسوڵمانان.  له‌ حه‌ديسى تردا هاتووه‌ كه‌ گه‌نم و مێوژ و كه‌شك و هه‌ر خواردنێكى ترى عاده‌تيش بێت دروسته‌ زه‌كاته‌كه‌ى لێ بدرێت) بڕوانه‌ : صحيح البخاري رقم : (1506) وصحيح مسلم رقم : (985) ، وصحيح ابن خزيـمة : (4 / 80) .  كه‌واته‌ به‌ گوێره‌ى حه‌ديسه‌كان پێويسته‌ ئه‌و شتانه‌ بدرێن كه‌ ناومان هێنان و به‌هيچ شێوه‌يه‌ك دروست نيه‌ له‌ جياتيان پاره‌ بدرێت كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌زهه‌بى ئيمامى شافيعىيه‌ ـ ڕه‌حه‌مه‌تى خواى لێ بێت ـ موافيقى سوننه‌ته‌ . وه‌ جێگاى سه‌ر سوڕمانه‌ كه‌ هه‌ندێ له‌ مامۆستايانمان له‌م لايه‌نه‌ له‌ مه‌زهه‌ب باز ده‌ده‌ن به‌بێ به‌ڵگه‌ ، وه‌ ده‌ڵێن پاره‌ بده‌ن !!. به‌ڵام له‌ لايه‌كى تره‌وه‌ حوكمى لا مه‌زهه‌بى و گومڕايى و هه‌ندێك جار موڕته‌ديش ده‌ده‌ن به‌سه‌ر ئه‌و گه‌نجانه‌ى به‌گوێره‌ى راى زانايانى تر لاده‌ده‌ن له‌و ڕايانه‌ى مه‌زهه‌ب كه‌ پێچه‌وانه‌ى سوننه‌تى پێغه‌مبه‌رن (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ئيمام شافيعيش فه‌رموويه‌تى : ( إذا صح الحديث فهو مذهبي  )!!.

وة فةرموويةتى:( أجمع المسلمون على أن من استبانت له سنة من رسول الله لم يحل له أن يدَعها لقول أحد )

ئه‌و زه‌كاته‌: پاك كه‌ره‌وه‌يه‌ بۆ ڕۆژوه‌وان له‌ قسه‌ى له‌غو و ناشيرن ، (ابن عمر) فه‌رموويه‌تى : ((فرض رسول الله (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  زكاة الفطر طهرة للصائم من اللغو والرفث)) صحيح سنن أبـي داود رقم : (1609) . وه‌ خواردنێكيشه‌ بۆ هه‌ژاران ( وطعمة للمساكين ) بۆ ڕۆژى جه‌ژنيان. وه‌ هه‌ر كه‌سێك هه‌ژار نه‌بێ دروست نيه‌ بيدرێتێ. وه‌ سوننه‌ته‌ پێش نوێژى جه‌ژن بدرێت، به‌ڵام دروسته‌ ته‌نها ڕۆژێ تا دوو ڕۆژيش پێش جه‌ژن بدرێت .

هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌كانى ڕۆژوو

بێگومان حوكمى هيچ شتێك ته‌واو نابێت و سودى لێ وه‌رناگيرێت ، تاوه‌كو مه‌رجه‌كانى تێدانه‌يه‌نه‌ جێ و هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌و ڕێگر(مانع)ه‌كانيشى لێ به‌دوور نه‌بێ .  بۆ نمونه‌ ده‌ست نوێژ كاتێك ته‌واوه‌و دروسته‌ نوێژى پێ بكه‌يت و ئه‌جرو پاداشتى له‌سه‌ر وه‌رده‌گيرێت كه‌ مه‌رجه‌كانى تێدابن و هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌كانى نه‌بن . واته‌ ئه‌گه‌ر يه‌كێ له‌مه‌رجه‌كان بۆ نمونه‌ شوشتنى قاچ به‌ گوێزينگه‌وه‌  نه‌بوو، ئه‌وه‌ ده‌ست نوێژه‌كه‌ى ته‌اوو دروست نىيه‌. وه‌هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌يه‌كى ده‌ست نوێژ روو بدات وه‌ك ميز كردن بۆ نمونه‌، ئه‌وه‌ ديسان ده‌ست نوێژه‌كه‌ى دروست نىيه‌و هه‌ڵوه‌شاوه‌يه‌ و كه‌ڵكى نامێنێت .

به‌هه‌مان شێوه‌ش ڕۆژوو كه‌ مه‌رج و ڕوكنه‌كانى تێدا نه‌بن و له‌ هه‌ڵوه‌شێنه‌رو ڕۆژوو شكێنه‌ره‌كان دوور نه‌بێت، ئه‌وه‌ كه‌ڵكى نىيه‌و به‌ ڕۆژو گرتن دانانرێت له‌شه‌رعدا . كه‌وابوو دواى ئه‌وه‌ى ڕوكن و مه‌رجه‌كانى ڕۆژوو گرتنمان زانى ، پێويسته‌ هه‌ڵوه‌شێنه‌ره‌وه‌كانيشى بزانين، واته‌ بزانين ڕۆژوو به‌چى هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌ زانايان فه‌رمويانه‌: به‌به‌ڵگه‌ى قورئان و سوننه‌ت و تێگه‌يشتن لێيان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌وشتانه‌ى ڕۆژوويان پێ ده‌شكێ ئه‌مانه‌ن:

1- خواردن و خواردنه‌وه‌ به‌ ويست و ئيراده‌ى خۆت بێ عوزرێكى شه‌رعى ڕۆژوو به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌ .

چونكه‌ په‌روه‌ردگار له‌شه‌ودا خواردنى حه‌ڵاڵ كردووه‌ بۆ ڕۆژوه‌وان تاوه‌كو به‌يانى ، واته‌ كه‌به‌يانى هات ئه‌وه‌ حه‌رام ده‌بێت له‌سه‌رى . جا هه‌ر كه‌سێك دواى بانگى به‌يانى بخوا يا بخواته‌وه‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ڕۆژوو شكانى گوناهباريش ده‌بێت. وه‌پێويسته‌ تۆبه‌ بكات له‌و گوناهه‌ گه‌وره‌يه‌.  به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ بيرى چوو به‌ڕۆژووه‌و شتێكى خوارد يا خوارده‌وه‌ ، وه‌يا به‌هه‌ڵه‌ توش بێت يا به‌زۆر پێى بخۆنه‌وه‌و هيچ ده‌سه‌ڵاتى نه‌مێنێ ، ئه‌وه‌ هيچ تاوانێكى له‌سه‌رنىيه‌و ڕۆژوه‌كه‌شى ناشكێت . چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رمويه‌تى:((إذا نسي أحدكم فأكل وشرب فليتم صومه ، فإنـما أطعمه الله وسقاه)) صحيح البخاري رقم : (1933) وصحيح مسلم رقم : (1155) .

 وه‌ فه‌رمويه‌تى: (إن الله وضع عن أمتي الخطأ و النسيان وما استكرهوا عليه)) صحيح سنن ابن ماجه رقم : (2045) وصحيح الـجامع الصغير رقم : (1836) .

2- خۆ رشاندنه‌وه‌:

پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فه‌رمويه‌تى :(من ذرعه القيء فليس عليه قضاء ، ومن استقاء فليقض)) صحيح سنن أبـي داود رقم : (2380) وصحيح سنن الترمذي رقم : (720). واته‌: هه‌ركه‌سێ بێ ويستى خۆى ڕشايه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕۆژوه‌كه‌ى به‌تاڵ نابێته‌وه‌و گێڕانه‌وه‌شى له‌سه‌ر نىيه‌. به‌ڵام هه‌ركه‌سێ به‌ويستى خۆى خۆبڕشێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌

3- حه‌يزو نيفاس :ئه‌گه‌ر ئافره‌تى ڕۆژوه‌وان له‌ هه‌ركاتێكى ڕۆژدا توشى حاڵه‌تى حه‌يز يا نيفاس بێت، ئه‌وه‌ يه‌كسه‌ر ڕۆژوه‌كه‌ى به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌و دروست نىيه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌رى . وه‌ پێويسته‌ له‌سه‌رى ئه‌و  ڕۆژوانه‌ بگێڕێته‌وه‌ وه‌كو عائيشه‌ ڕه‌زاى خواى لێبێت فه‌رمويه‌تى (كان يصيبنا ذلك ، فنؤمر بقضاء الصوم، ولا نؤمر بقضاء الصلاة)) صحيح البخاري رقم : (1951) وصحيح مسلم رقم : (335) . واته‌: ئێمه‌ى ئافره‌تانى سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  ئه‌و حاڵه‌ته‌مان توش ده‌بوو ، فه‌رمانمان پێ ده‌كرا به‌ گێڕانه‌وه‌ى ڕۆژوه‌كان، به‌ڵام فه‌رمانى گێڕانه‌وه‌ى نوێژه‌كانمان پێ نه‌ده‌كرا .

4- جيماع كردن .

گومانى تێدانىيه‌ كه‌ هه‌ر ڕۆژوه‌وانێك به‌ويستى خۆى له‌ڕۆژى ڕه‌مه‌زاندا جيماع بكات له‌گه‌ڵ خێزانى ، ئه‌وه‌ ڕۆژوه‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و گوناهێكى زۆر گه‌وره‌ى كردووه‌و گێڕانه‌وه‌ى ئه‌وڕۆژوه‌و زياده‌ كه‌فاره‌تيشى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، به‌م شێوه‌يه‌ى كه‌ له‌و حه‌ديسه‌دا هاتوه‌ :

(ئه‌بو هريره‌ فه‌رمووى : پياوێك هاته‌ لاى پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)   : وتى ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى، خوا به‌هيلاك چووم !

فه‌رموى : چى به‌هيلاكى برديت ؟وتى: چومه‌ لاى خێزانم له‌ڕه‌مه‌زاندا !

فه‌رموى: ده‌توانيت به‌نده‌يه‌ك ئازاد بكه‌يت؟وتى : نه‌خێر .

فه‌رموى: ده‌توانيت دوو مانگى به‌دواى يه‌كدا به‌ڕۆژوو بيت؟.وتى : نه‌خێر .

فه‌رموى: ده‌توانيت يه‌ك ژه‌م خواردنى شه‌ست هه‌ژار بده‌يت؟ .

وتى: نه‌خێر .

فه‌رموى : ده‌ى دانيشه‌، ئه‌ويش لاى دانيشت. وه‌ زه‌نبيلێك خورمايان بۆ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)   هێنا. پێغه‌مبه‌ريش (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)   دايه‌ ده‌ستى و فه‌رمووى: بيكه‌ به‌خێر له‌برى كه‌فاره‌ته‌كه‌. ئه‌ويش وتى: له‌ مه‌دينه‌دا له‌ ئێمه‌ هه‌ژار ترى تێدا نىيه‌!. پێغه‌مبه‌ريش (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)   پێكه‌نى تاوه‌كو خرێكانى ده‌ركه‌وتن وه‌ فه‌رموى : ده‌ى وه‌رى گره‌و ده‌رخواردى خێزان و منداڵه‌كانى خۆتى بده‌ .

وه‌ هه‌روه‌ها فه‌رموى: له‌برى ئه‌و ڕۆژه‌ش ڕۆژێك به‌ڕۆژووبه‌وه‌ صحيح البخاري رقم : (1936) وصحيح مسلم رقم : (1111) وصحيح سنن أبـي داود رقم : (2390)

* به‌ڵام كه‌فاره‌تى نه‌خسته‌ سه‌ر ئافره‌ته‌كه‌. وه‌پياويش كه‌ له‌توانايدا نه‌بوو، له‌سه‌رى لاده‌چێت وه‌ك له‌ حه‌ديسه‌كه‌دا ده‌ركه‌وت . والله أعلم .

5- ده‌رزى به‌هێزكه‌رو تێركه‌ر. (الحقن الغذائية): ئه‌و ده‌رزيانه‌ى كه‌ له‌برى خواردن و خواردنه‌وه‌ ده‌درێنه‌ نه‌خۆش. ئه‌وانه‌ش حوكمى خواردن وخواردنه‌وه‌يان هه‌يه‌.

والسلام عليكم ورحمه‌ الله وبركاته....

ئاماده‌کردنی : دکتۆر عبداللطیف الحمد ..... پێش نوێژوو وتارخوێنی مزگه‌وتی به‌هه‌شت .