مافه‌كانى نێوان ژن و مێرد

مافه‌كانى نێوان ژن و مێرد

پێشه‌كى

الحمدلله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم ومن تبعهم بإحسان إلى يوم الدين .

به‌ پشتيوانى خواى گه‌وره‌ له‌م ناميلكه‌يه‌ دا به‌ به‌ڵگه‌ى قورئان و سوننه‌ت باسى ئه‌و مافانه‌ ده‌كه‌ين كه‌وا واجبه‌ له‌سه‌ر پياو به‌رامبه‌ر به‌ خێزانه‌كه‌ى جێ به‌جێيان بكات وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ش ئه‌و مافانه‌ى له‌سه‌ر ئافره‌ت واجبه‌ به‌رامبه‌ر پياوه‌كه‌ى جێ به‌جێيان بكات .

((مافه‌كانى ژن به‌سه‌ر مێرده‌كه‌يه‌وه‌))

1) ماره‌يى : له‌سه‌ر پياو واجبه‌ له‌ دواى گرێبه‌ستى هاوسه‌رگيرى ماره‌يى بداته‌ خيزانه‌كه‌ى ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: (وَءَاتُواْ ٱلنِّسَآءَ صَدُقَٰتِهِنَّ نِحۡلَةٗ  فَإِن طِبۡنَ لَكُمۡ عَن شَيۡءٖ مِّنۡهُ نَفۡسٗا فَكُلُوهُ هَنِيٓ‍ٔٗا مَّرِيٓ‍ٔٗا) سورة النساء:  4. واته‌: ماره‌يى ئافره‌تان بده‌ن به‌و په‌ڕى دڵفراوانى و ئاسووده‌ييه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌ ئاره‌زوو و ويستى خۆيان ده‌ستيان هه‌ڵگرت له‌ هه‌ندێك ماره‌يى و به‌خشيان به‌ ئێوه‌ ، ئێوه‌ بۆتان هه‌يه‌ بيخۆن و به‌كارى بهێنن و به‌بێ دو دڵى نۆشى بكه‌ن .

ئه‌م ماره‌يه‌ تايبه‌ت موڵكى ئافره‌ته‌ و پياوه‌كه‌ بۆى نيه‌ به‌بێ ئيزنى خێزانه‌كه‌ى ده‌ستكارى بكات و به‌كارى بهێنێت .

2) جێ به‌جێ كردنى پێداويستيه‌كانى وه‌كو خواردن و خواردنه‌وه‌ و جڵ و به‌رگ و چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى و گشت ئه‌و شتانه‌ى پێويستيه‌تى: پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )  له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى صه‌حيحدا فه‌رموويه‌تى: (وَلَهُنَّ عَلَيْكُمْ رِزْقُهُنَّ وَكِسْوَتُهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ). مسلم: 1218. واته‌: ڕزق و خۆراكى خێزانه‌كانتان له‌سه‌ر ئێوه‌يه‌ ، وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ جل و به‌رگ و پۆشاكيشيان به‌شێوه‌يه‌كى باش و جوان له‌سه‌ر ئێوه‌يه‌ .

وه‌ له‌ فه‌رمووده‌يه‌كى تردا هاتووه‌ عائيشه‌ى دايكى باوه‌ڕداران (ڕه‌زاى خواى گه‌وره‌ى لێبێت) فه‌رموويه‌تى: (جَاءَتْ هِنْدٌ إلَى النَّبِيِّ صلى الله عليه وسلم ، فَقَالَتْ : يَا رَسُولَ اللهِ ، إنَّ أَبَا سُفْيَانَ رَجُلٌ شَحِيحٌ ، فَلاَ يُعْطِينِى مَا يَكْفِينِى وَوَلَدِى ، إلاَّ مَا أَخَذْت مِنْ مَالِهِ وَهُوَ لاَ يَعْلَمُ ، فَقَالَ : خُذِى مَا يَكْفِيك وَوَلَدَك بِالْمَعْرُوفِ) رواه البخاري:49 ، ومسلم: 1714. واته‌: هيندى كچى عوتبه‌ خێزانى ئه‌بو سوفيان هاته‌ لاى پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )  ووتى: ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )  به‌ڕاستى ئه‌بو سوفيان پياوێكى به‌خيل و ڕه‌زيله‌ ئه‌وه‌نده‌ پاره‌مان پێ نادات به‌شى خۆم و منداڵه‌كه‌م بكات ئيلا ئه‌گه‌ر به‌بێ ئاگاى ئه‌و له‌پاره‌ و سامانه‌كه‌ى ببه‌م ئايه‌ له‌م كاره‌دا تاوانم بۆ هه‌يه‌؟ پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )  فه‌رمووى: ئه‌وه‌نده‌ له‌ ماڵه‌كه‌ى ببه‌ كه‌ به‌شى خۆت و منداڵه‌كه‌ت بكات ( واته‌ زياد له‌ پێويست نه‌به‌ى ئه‌گه‌ر نا تاوانبار ده‌بى).

3) جێ به‌جێ كردنى شوێنى مانه‌وه‌و حه‌وانه‌: پياو واجبه‌ له‌سه‌رى به‌ گوێره‌ى تواناى خانووێك شوێنێكى حه‌وانه‌وه‌و مانه‌وه‌ بۆ خێزانه‌كه‌ى ئاماده‌ بكات، خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (أَسْكِنُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ سَكَنْتُمْ مِنْ وُجْدِكُمْ) سورة الطلاق: 6. واته‌: به‌گوێره‌ى تواناتان جێگه‌و ڕێگايان بۆ دابين بكه‌ن .

4) ڕێزگرتن و نه‌رم و نيانى و چاك بوون له‌گه‌ڵى: واجبه‌ له‌سه‌ر پياو ڕه‌وشتى به‌رامبه‌ر به‌ خێزانه‌كه‌ى جوان بێت و نه‌رم و نيان بێت له‌گه‌ڵى ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: (وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ) سورة النساء: 19، واته‌: به‌شێوه‌يه‌كى جوان هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و باشبن له‌گه‌ڵيان. وه‌ له‌ ئايه‌تێكى تردا فه‌رموويه‌تى:( وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِى عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ ) البقرة: 228. واته‌: بۆ ئافره‌تان به‌شێوه‌يه‌كى جوان مافيان هه‌يه‌ له‌سه‌ر پياوه‌كانيان هه‌روه‌كو چۆن پياوان ئه‌و مافه‌يان له‌سه‌ر ئه‌وان هه‌يه‌ (كه‌ ده‌بێت به‌شێوه‌يه‌كى جوان هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ يه‌كتريدا بكه‌ن)، وه‌ هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )  فه‌رموويه‌تى: (وَاسْتَوْصُوا بِالنِّسَاءِ) رواه البخاري: 3153 ومسلم: 1468. واته‌: ئامۆژگاريتان ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانتان باش بن .

5) پاراستنى خێزان له‌ زه‌ره‌رو زيان پێ گه‌ياندن: له‌سه‌ر پياو واجبه‌ خۆى بپارێزێت له‌ گه‌ياندنى زه‌ره‌رو زيان به‌ خێزانه‌كه‌ي، پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )  فه‌رموويه‌تى: (لاَ ضَرَرَ وَلاَ ضِرَارَ) ابن ماجة: 234. واته‌: نه‌ زه‌ره‌رو زيان له‌ خۆت بده‌ نه‌ له‌ غه‌يرى خۆتيش بده‌ .

6) فێركردن و ئامۆژگارى كردنى خێزان بۆ گشت كرده‌وه‌يه‌كى باش و دوور خستنه‌وه‌يان له‌ گشت كرده‌وه‌يه‌كى خراپ ، له‌سه‌ر پياو واجبه‌ به‌شێوه‌يه‌كى نه‌رم و نيان فه‌رمانى كارى چاك به‌خێزانه‌كه‌ى بكات و ڕێگرى له‌ كرده‌وه‌ى خراپيشى لێ بكات ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى:  ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا قُوا أَنْفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ عَلَيْهَا مَلَائِكَةٌ غِلَاظٌ شِدَادٌ لَا يَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَيَفْعَلُونَ مَا يُؤْمَرُونَ )  التحريم: 6. واته‌: ئه‌ى ئه‌وانه‌ى باوه‌ڕتان هێناوه‌ خۆتان و ژن و ماڵ و كه‌س و كارتان بپارێزن له‌ ئاگرێك كه‌ سووته‌مه‌نيه‌كه‌ى جه‌سته‌ و لاشه‌ى مرۆڤى كافر و به‌رده‌ ، كۆمه‌ڵه‌ فريشته‌يه‌كى تووند و تيژ به‌سه‌ريه‌وه‌ن ، بێ فه‌رمانى خوا ناكه‌ن له‌هه‌ر شتێك فه‌رمانيان پێبكات ، وه‌ هه‌رفه‌رمانێكيان پێ بسپێردرێن به‌خێرايى ئه‌نجامى ده‌ده‌ن .

7)  ڕێزگرتن له‌ خزم و كه‌س و كارى: واجبه‌ له‌سه‌ر پياو سيله‌ى ڕه‌حم به‌رامبه‌ر به‌ كه‌سه‌ نزيكه‌كانى خێزانى جێ به‌جێ بكات وه‌ يارمه‌تيان بدات و ڕێگرى له‌ خێزانى نه‌كات بۆ سه‌ر دانى كردنيان .

8)  ئه‌گه‌ر پياو زياتر له‌ خێزانێكى هه‌بوو واجبه‌ له‌سه‌رى دادپه‌روه‌رى له‌ نێوانياندا بكات له‌ خواردن و پۆشاك و ڕووخۆشى و سه‌رجێى و سه‌فه‌ركردن و باقى شته‌كانى تر ، ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ر نه‌بێت له‌ نێوانيان ئه‌وه‌ له‌ ڕۆژى دواييدا لاشه‌ى خوار ده‌بێت و لايه‌كى نزمتر ده‌بێت و شايسته‌ى سزاى خواى گه‌وره‌يه‌ .

9)  پێويسته‌ پياو وه‌ ئافره‌تيش به‌هۆى هه‌ندێك هه‌ڵه‌وه‌ يه‌كسه‌ر خێزانه‌كه‌ى له‌به‌ر دڵ ڕه‌ش نه‌بێت چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك هه‌ڵه‌شى هه‌بێت بێگومان چاكه‌ى زۆريشى هه‌يه‌ بۆيه‌ پێويسته‌ چاكه‌كانيان له‌بير نه‌كه‌ن ، پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )  فه‌رموويه‌تى: (لَا يَفْرَكْ مُؤْمِنٌ مُؤْمِنَةً إِنْ كَرِهَ مِنْهَا خُلُقًا رَضِىَ مِنْهَا آخَرَ)رواه مسلم- كتاب الرضاع- باب الوصية بالنساء- 2672. واته‌: با پياوى ئيماندار ڕق هه‌ڵنه‌گرێت له‌ ئافره‌تى ئيماندار ئه‌گه‌ر ڕه‌وشتێكى پێ ناخۆش بوو ، ئه‌وه‌ با كاره‌ چاكه‌كانى له‌بير نه‌كات و پێى ڕازى بێت .

10) واجبه‌ له‌سه‌ر هه‌ردووكيان خيانه‌تى زه‌وجى نه‌كه‌ن و خۆيان له‌ نه‌زه‌ر و په‌يوه‌ندى ناشه‌رعى بپارێزن ئه‌گه‌رنا گوناهبار و زه‌ره‌رمه‌ندى دونيا و قيامه‌ت ده‌بن .

11) پێويسته‌ پياو خۆى بۆ خێزانه‌كه‌ى بڕازێنێته‌وه‌ هه‌روه‌كو چۆن حه‌ز ده‌كات خێزانى خۆى بۆ بڕازێنێته‌وه‌ .

((مافه‌كانى پياو به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌يه‌وه‌))

هه‌روه‌كو چۆن ئافره‌ت چه‌ند مافێكى به‌سه‌ر پياوه‌كه‌يه‌وه‌ هه‌يه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ پياويش چه‌ند مافێكى به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌يه‌وه‌ هه‌يه‌ خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى:( وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِى عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ ) البقرة:228. واته‌: ئافره‌تانيش مافى مێرده‌كانيان له‌سه‌ره‌ به‌ باشترين شێوه‌ جێ به‌جێ بكه‌ن هه‌روه‌كو چۆن پياوانيش مافى خێزانه‌كانيان له‌سه‌ره‌ به‌ جوانترين شێوه‌ جێ به‌جێ بكه‌ن .

مافه‌كانى پياو به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌يه‌وه‌ بريتى يه‌ له‌:

1) به‌ڕێوه‌بردنى ماڵه‌وه‌و گوێڕايه‌ڵى كردنى له‌ هه‌موو شتێكى چاكدا ، به‌ڕێوه‌بردنى ماڵ ده‌بێت به‌ده‌ست پياوه‌بێت و خێزانه‌كه‌شى له‌ گشت فرمانه‌ شه‌رعيه‌كانى گوێڕايه‌ڵى بكات ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: ( الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاءِ )  النساء:34. واته‌: پياوان به‌ڕێوه‌به‌رێتيان به‌سه‌ر ژنانه‌وه‌ هه‌يه‌ ، ده‌توانن چاودێريان بكه‌ن ، ژنانيش ده‌بێ به‌پێى پلان و نه‌خشه‌ى ئه‌وان ڕه‌فتار بكه‌ن .

2) ئافره‌ت ده‌بێت بۆ كارى سه‌رجێيى گوێڕايه‌ڵى مێرده‌كه‌ى بكات و به‌بێ عوزرى شه‌رعى گوێڕايه‌ڵى نه‌كات تاوانبار ده‌بێت و ده‌كه‌وێته‌ ژێر نه‌فره‌تى فريشته‌كان ، پێغه‌مبه‌رى خوا ~ فه‌رموويه‌تى: (إِذَا دَعَا الرَّجُلُ امْرَأَتَهُ إِلَى فِرَاشِهِ فَلَمْ تَأْتِهِ فَبَاتَ غَضْبَانَ عَلَيْهَا لَعَنَتْهَا الْمَلَائِكَةُ حَتَّى تُصْبِحَ) البخاري: 3065. واته‌: ئه‌گه‌ر پياو بانگى خێزانه‌كه‌ى كرد بۆ سه‌ر جێگاى به‌ڵام ئافره‌ته‌كه‌ ڕێگر بوو وه‌ڵامى نه‌دايه‌وه‌ ، پياوه‌كه‌ى به‌ تووڕه‌بوون لێى شه‌و بمێنێته‌وه‌ فريشته‌كان هه‌تا به‌يانى نه‌فره‌تى لێ ده‌كه‌ن و دوعاى لێ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕه‌حمى خواى گه‌وره‌ به‌ دوور بێت .

3) ئافره‌ت نابێت به‌بێ ئيزنى مێرده‌كه‌ى ڕۆژى سوننه‌ت بگرێت كاتێك مێرده‌كه‌ى له‌ ماڵه‌وه‌يه‌، وه‌ نابێت ڕێگاى هاتنى كه‌سێكى خراپ بدات كه‌ مێرده‌كه‌ى حه‌زى لێنيه‌ ، پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )  فه‌رموويه‌تى: (لا يَحِلُّ لِلْمَرْأَةِ أَنْ تَصُومَ وَزَوْجُهَا شَاهِدٌ إِلا بِإِذْنِهِ، وَلَا تَأْذَنَ فِى بَيْتِهِ إِلَّا بِإِذْنِهِ) البخاري: 4899. واته‌: بۆ ئافره‌ت حه‌ڵاڵ نيه‌ ڕۆژووى سونه‌ت بگرێت له‌وكاته‌ى مێردى ئاماده‌يه‌ ئيلا به‌ ئيزنى ئه‌و نه‌بێت ، وه‌ نابێت ڕێگه‌ به‌ كه‌سێك بدات كه‌ مێرده‌كه‌ى حه‌زى لێ نيه‌ ئيلا به‌ ئيزنى ئه‌و نه‌بێت .

4) مافێكى ترى مێرد به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌ى ئه‌وه‌يه‌ ، ئافره‌ت ده‌بێت ئيزن له‌ مێرده‌كه‌ى وه‌ربگرێت ئينجا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، به‌بێ ئيزنى مێرده‌كه‌ى دروست نيه‌ و گوناهبار ده‌بێت .

5) له‌و كاتانه‌ى ئافره‌ت له‌كارى شه‌رعيدا گوێڕايه‌ڵى مێرده‌كه‌ى ناكات مێرده‌كه‌ى بۆى هه‌يه‌ سه‌ره‌تا ئامۆژگارى بكات ماوه‌يه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌ر سوودى نه‌بوو هه‌جرى سه‌رجێى له‌گه‌ڵ بكات ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش سوودى نه‌بوو لێى بدات به‌ڵام لێدانێك نه‌بێت بريندارى بكات يان ئيسقانى بشكێنێت يان له‌ روخسارى بدات ، ته‌نها بۆ ته‌ربيه‌ت كردن و په‌شيمان كردنه‌وه‌ى بۆى هه‌يه‌ ئه‌مه‌ بكات ، خواى گه‌وره‌ فه‌رموويه‌تى: ( وَاللَّاتِى تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِى الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ ) [النساء: 34. واته‌: ئه‌و ئافره‌تانه‌ى له‌سه‌ر كه‌شى و سه‌ر پێچيان ده‌ترسن سه‌ره‌تا ئامۆژگاريان بكه‌ن و به‌خواى گه‌وره‌ بيان ترسێنن ، ئه‌گه‌ر سوودى نه‌بوو ئه‌وه‌ له‌سه‌ر جێگادا پشتيان لێ بكه‌ن ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش سوودى نه‌بوو ئه‌وه‌ به‌ سوكى لێيان بده‌ن به‌ مه‌رجێك له‌ ده‌م و چاو نه‌بێت وه‌ بريندار كه‌رو ئێسقان شكێنيش نه‌بێت .

6) مافێكى ترى پياو به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌ى ئه‌وه‌يه‌ خزمه‌تى بكات و خواردن و كاروبارى ماڵه‌وه‌ى به‌ گوێره‌ى تواناى بۆ به‌ڕێوه‌ ببات هه‌روه‌كو چۆن پياو ده‌بێت كاروبارى ده‌ره‌وه‌ى ماڵ به‌ڕێوه‌ ببات بۆ بژێوى خۆى و خێزان و منداڵه‌كانى .

7) ئافره‌ت ده‌بێت نهێنيه‌كانى مێردى بپارێزێت و باسى نه‌كات ئيلا به‌ ڕه‌زامه‌ندى ئه‌و نه‌بێت .

8) مافێكى ترى ئه‌وه‌يه‌ ده‌بێت خێزانه‌كه‌ى پارێزگارى له‌ ماڵ و سامانى بكات و به‌بێ ئيزنى ئه‌و ده‌ستكارى نه‌كات و سه‌رفى نه‌كات ، ئيلا ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ى زۆر ڕه‌زيل بوو له‌وكات دروسته‌ به‌ ئه‌ندازه‌ى پێويستى به‌بێ زياد لێى ببات و به‌كارى بهێنێت  .

9) مافێكى ترى ئه‌وه‌يه‌ ئافره‌ت ده‌بێت خۆى بۆ پياوه‌كه‌ى بڕازێنێته‌وه‌ و به‌ ڕوويه‌كى خۆشه‌وه‌ هه‌ڵس و كه‌وتى له‌گه‌ڵ بكات .

10) مافێكى ترى ئه‌وه‌يه‌ نابێت ئافره‌ت باسى سه‌رجێى بۆ خه‌ڵكى بكات و ده‌بێت له‌ خواى گه‌وره‌ بترسێت .

11) مافێكى ترى ئه‌وه‌يه‌ له‌سه‌ر خۆ و ئارامگر بێت له‌كاتى ناخۆشى و فه‌قيريش له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ى به‌رده‌وام بێت ئه‌ركى مێرده‌كه‌ى قورس نه‌كات و يارمه‌تى بدات و دڵى بداته‌وه‌ به‌ ئارامگرتن و ڕازيبوون به‌و به‌شه‌ى خواى گه‌وره‌ پێى به‌خشيوه‌ .

له‌ كۆتاييدا ده‌ڵێم پێويسته‌ ژن و مێرد مافه‌كانى يه‌كترى بپارێزن و ئه‌نجاميان بده‌ن و يه‌كتر له‌ هه‌ڵه‌ و كه‌م و كوڕى ڕاست بكه‌نه‌وه‌و يارمه‌تى يه‌كتر بده‌ن ، له‌كاتى خۆشى و ناخۆشى پشتيوانى يه‌كتر بن و له‌هه‌ڵه‌كانى يه‌كتر ببورن و نه‌يه‌ڵن شه‌يتان بێته‌ نێوانيان و په‌يوه‌نديان تێك نه‌دات .

خواى گه‌وره‌ به‌خته‌وه‌رى و كامه‌رانى به‌ هه‌موو ژن و مێردێك ببه‌خشێت و له‌گشت ناخۆشيه‌ك بيان پارێزێت .

6محرم 1437ه – سؤران - 19/10/2015م

ئاماده‌كردنی مامۆستا : هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌يى