گه‌وره‌يى و پاداشتى داواكردن له‌ خوداى په‌روه‌ردگار به‌ ته‌نيا

گه‌وره‌يى و پاداشتى داواكردن له‌ خوداى په‌روه‌ردگار به‌ ته‌نيا

قال رسول الله ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ( إِنَّ الدُّعَاءَ هُوَ الْعِبَادَةُ " ثُمَّ قَرَأَ : ( ادْعُونِى أَسْتَجِبْ لَكُمْ ) ) (غافر:60) ، (صحيح الأدب المفرد).

واته‌ : پێغه‌مبه‌رى خودا( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى : داواكردن له‌ خوداى په‌روه‌ردگار به‌ ته‌نيا عباده‌ته‌ ، واته‌ مرۆڤ پاداشتى له‌سه‌ر وه‌ر ده‌گرێت ، چونكه‌ خوداى په‌روه‌ردگار زۆر حه‌زى له‌وه‌يه‌ كه‌ به‌نده‌كانى داواى لێ بكه‌ن ، پاشان پێغه‌مبه‌رى خودا ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ئه‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ باسى دوعاكردن ده‌كات ( ادْعُونِى أَسْتَجِبْ لَكُمْ (غافر:60) ) واته‌ : خوداى په‌روه‌ردگار فه‌رموويه‌تى داوا ته‌نها له‌ من بكه‌ن ئينجا وه‌ڵامتان ده‌ده‌مه‌وه‌ .

كه‌واته‌ خوێنه‌رى به‌رێز له‌م فه‌رمووده‌يه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌وا دوعاكردن عيباده‌ته‌ ، وه‌ هه‌موو كه‌سێكيش ده‌زانێت كه‌ ده‌بێت عيباده‌ت ته‌نها بۆ خوداى په‌روه‌ردگار بكرێت ، نابێت عيباده‌ت بۆ جگه‌ له‌ خوداى په‌روه‌ردگار بكرێت ، چونكه‌ ده‌بێته‌ شه‌ريك و هاوه‌ڵدانان بۆ خوداى په‌روه‌ردگار له‌ په‌رستندا ، كه‌واته‌ هه‌ر موسوڵمانێك داوا له‌ جگه‌ له‌ خوداى په‌روه‌ردگار بكات ، ئه‌وه‌ عيباده‌تێكى بۆ ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌نجام داوه‌ كه‌ داواى لێ كردووه‌ ، هه‌ر وه‌كو ده‌بينين و ده‌بيستين هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكى هه‌يه‌ داوا له‌ پێغه‌مبه‌ران و پياوچاكان ده‌كه‌ن ، ئه‌م داواكردنه‌ ده‌بێته‌ شيرك و يه‌كێكه‌ له‌ تاوانه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كان ، هه‌ر كه‌سێك بۆى ڕوون بكرێته‌وه‌و تێ بگات كه‌ ئه‌م كاره‌ى ئه‌و ده‌يكات شيركه‌ توشى دۆزه‌خ ده‌بێت په‌نا به‌ خوداى په‌روه‌ردگار ، وه‌ هه‌روه‌ها له‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌ش دا كه‌ خوداى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت: ( ادْعُونِى أَسْتَجِبْ لَكُمْ (غافر:60) ) بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خوداى په‌روه‌ردگار ده‌يه‌وێت به‌نده‌كانى ته‌نها داوا له‌و بكه‌ن ، خوداى په‌روه‌ردگار نه‌ى فه‌رمووه‌ داوا له‌ من و وه‌ له‌ غه‌يرى منيش بكه‌ن ، وه‌ خوداى په‌روه‌ردگار له‌ ئايه‌تێكى تر دا به‌ ئاشكرا نه‌هى له‌ داواكردنى غه‌يرى خۆى ده‌كات و ده‌فه‌رموێت : ( فَلَا تَدْعُوا مَعَ اللَّهِ أَحَدًا ) {سورة الجن/18} واته‌ : له‌گه‌ڵ  خوداى په‌روه‌ردگار داوا له‌ هيچ كه‌سێك مه‌كه‌ن ، جا ئه‌و كه‌سه‌ چ پێغه‌مبه‌ر بێت ، يان مه‌لائيكه‌ت بێت يان پياوچاكان بن دروست نيه‌ و هاوه‌ڵدانانه‌ بۆ خوداى په‌روه‌ردگار ، چونكه‌ زانايانى علمى ( اصول الفقة ) ده‌ڵێن : النكرة فى سياق النفى والنهى تفيد العموم ، واته‌ : ئه‌گه‌ر هاتوو ووشه‌يه‌كى نه‌كيره‌ له‌ ڕسته‌يه‌كى نه‌هى هات يان له‌ رسته‌يه‌كى نه‌فى هات ، ئه‌وه‌ ئه‌و ووشه‌ نه‌كيره‌يه‌ فايده‌ى گشتى ده‌دات واته‌ گشت شتێك ده‌گرێته‌وه‌ ، له‌م ئايه‌ته‌ پيرۆزه‌ دا ده‌بينين ووشه‌ى ( أحداً ) هه‌يه‌ كه‌ ئيسمێكى نه‌كيره‌يه‌ وه‌ له‌ بدايه‌تى ئايه‌ته‌كه‌ش حه‌رفى (لا) ى ناهيه‌ هاتووه‌ ، بۆيه‌ زانايان ده‌فه‌رموون ئه‌م ئايه‌ته‌ ده‌ليله‌ كه‌وا دروست نيه‌ هاوار و داوا له‌ هيچ كه‌سێك بكرێت ، ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ران و پياوچاكانيش بن ، وه‌ ئه‌م ئايه‌ته‌ و غه‌يرى ئه‌م ئايه‌ته‌ش به‌ڵگه‌ن بۆ ره‌دانه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌ڵێن: ته‌نها داواكردن له‌ سه‌نه‌م و دار و به‌رد دروست نيه‌ به‌ڵام داواكردن له‌ پێغه‌مبه‌ران و پياوچاكان دروسته‌ ، ئه‌م قسه‌يه‌ دژى ئايه‌ته‌كانى قورئانه‌ و قسه‌يه‌كى پوچ و باتڵه‌ بانگه‌وازى كردنى خه‌ڵكه‌ بۆ شرك  په‌نا به‌خوداى په‌روه‌ردگار .

ئامادەكردنی مامۆستا : هه‌ڵگورد مصطفى گه‌ڵاڵه‌یی