حيكمه‌ت له‌ ناردنى پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام)

حيكمه‌ت له‌ ناردنى پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام)

بسم الله الرحمن الرحيم

الحمد لله والصلاة وسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن والاه :

به‌ڕاستى پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام) و مه‌به‌سته‌كه‌يان ئه‌و چرا ڕۆشنايه‌يه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ له‌هه‌موو كات و ساتێكدا شه‌وه‌زه‌نگى بێ ئاگايى بێ باوه‌ڕى ڕه‌وانۆته‌وه‌ و مرۆڤه‌كانى له‌خه‌وى قوڵى نه‌فامى و گومڕايى ووشيار كردوه‌ته‌وه‌ تا له‌ڕاستى ڕێزو به‌هاى خۆيان تێ بگه‌ن و به‌چاكيش درك به‌و ڕاستييه‌ بكه‌ن كه‌ له‌پێناويدا دروست كراون وپێغه‌مبه‌رانى(عليهم الصلاة والسلام) له‌ پێناودا نێردراون، جا به‌ پشتيوانى خوداى گه‌وره‌ له‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌ كه‌مه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ين گرنگ ترين هۆى هاتنى پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام)باس بكه‌ين و بزانين حيكمه‌ت له‌ هاتنى پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة السلام) چی يه‌.

حيكمه‌تى يه‌كه‌م:

په‌رستنى خوداى گه‌وره‌ به‌تاك و ته‌نها و به‌بێ شه‌ريك:

به‌ڕاستى په‌رستنى خوداى گه‌وره‌ به‌ تاك و ته‌نها يه‌كێكه‌ له‌هه‌ره‌ گه‌وره‌ترين حيكمه‌ته‌كانى هاتنى پێغه‌مبه‌ران(عليهم الصلاة والسلام)به‌ڵكو هه‌ر به‌و هۆيه‌وه‌ گه‌ردونى دروست كردووه‌، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌رزو ئاسمان و بوونه‌وه‌ر و به‌هه‌شت و دۆزه‌خى دروست كردووه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ هێشتا چه‌ند به‌ناو موسڵمانێك هه‌ن كه‌ چاويان به‌وه‌دا هه‌ڵنايه‌ت كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ ته‌فسيرو وورده‌كارييه‌كانى ماناى (لا إله‌ إلا الله)  باس بكرێت، به‌ڵام بيانه‌وێت و نه‌يانه‌وێت حيكمه‌ت له‌هاتنى پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام)و ڕێبازو پێشه‌ى پێغه‌مبه‌ران ڕوون كردنه‌وه‌ى ووشه‌ى ( لا إله‌ إلا الله) بووه‌، به‌ڵگه‌شمان خوداى گه‌وره‌ ده‌فه‌مووێت:  ( وَمَا أَرْسَلْنَا مِنْ قَبْلِكَ مِنْ رَسُولٍ إِلَّا نُوحِى إِلَيْهِ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدُونِ ) [الأنبياء: ٢٥].  واته‌ : ئه‌ى محمد ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ئێمه‌ سروشمان (وحى) مان بۆ هيچ پێغه‌مبه‌رێك له‌پێش تۆ نه‌ناردووه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نه‌بێت هيچ شتێك شايه‌نى په‌رستن نی يه‌ ته‌نها من نه‌بێت، واته‌: (الله) كه‌واته‌ خودا به‌تاك وته‌نها بپه‌رستن .  له‌م فه‌رمووده‌يه‌ى خوداى گه‌وره‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گرنگترين حيكمه‌تى هاتنى پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام) يه‌كخواپه‌رستى خوداى گه‌وره‌ بووه‌و گه‌وره‌يى(لا إله‌ إلا الله) مان بۆ ده‌رده‌خات كه‌ پێويسته‌ له‌ پێش هه‌موو شتێكدا فێرى بين و پايه‌ و مه‌رجه‌كانى له‌خۆماندا بهێنينه‌دی، كه‌واته‌: ئامانجى پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام) له‌ هه‌ر زه‌مان و سه‌رده‌مێكدا ڕاست كردنه‌وه‌ى بيروباوه‌ڕى خه‌ڵكى بووه‌ و خوداى گه‌وره‌ و شێوازى په‌يوه‌ست بوونى به‌نده‌ به‌ خوداى خۆيه‌وه‌ و مل كه‌چ بوون به‌وه‌ى كه‌ سود و زيان هه‌ر به‌ده‌ستى خۆيه‌تى و هه‌ر خۆى شايسته‌ى په‌رستنه‌ .

حيكمه‌تى دووه‌م:

ڕاگرتنى ئايين وه‌ك خۆى به‌بێ جياوازى و ناكۆكى :

به‌ڕاستى هيچ يه‌كێك له‌ ئايينه‌ ئاسمانييه‌كان ڕێگه‌يان نه‌داوه‌ به‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵكى پارچه‌ پارچه‌يى و جياوازى دروست بكه‌ن له‌ناو ئه‌و ئايينه‌ياندا، چونكه‌ هه‌ميشه‌ خۆ جياكردنه‌وه‌ له‌ موسڵمانان به‌گشتى له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێكدا سه‌ر ده‌كێشێت بۆ دووبه‌ره‌كى و ناكۆكی، خوداى گه‌وره‌ش ئامۆژگارى پێشه‌وايانى مرۆڤايه‌تى ده‌كات به‌وه‌ى خۆيان به‌دروور بگرن له‌م سيفه‌ته‌ وه‌ك ده‌فه‌مووێت: ( شَرَعَ لَكُمْ مِنَ الدِّينِ مَا وَصَّى بِهِ نُوحًا وَالَّذِى أَوْحَيْنَا إِلَيْكَ وَمَا وَصَّيْنَا بِهِ إِبْرَاهِيمَ وَمُوسَى وَعِيسَى أَنْ أَقِيمُوا الدِّينَ وَلَا تَتَفَرَّقُوا فِيهِ )[الشوري:  ١٣] . واته‌: خوداى گه‌وره‌ بۆ ئێوه‌ ئايينێكى داناوه‌ كه‌ به‌(نوح) يشى( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) سپاردووه‌ و ئه‌و سروشه‌ى كه‌ بۆ تۆشمان ناردووه‌ و ئه‌وه‌ش كه‌ ئيبراهيم و موسا و عيسامان (عليهم الصلاة والسلام) پێ ڕاسپاردووه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ كاروبارى ئايينى مه‌نهه‌جى ژيانتان به‌چاكى ڕاگرن و ناكۆك و له‌يه‌ك جودا مه‌بن تێيدا .

لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ يه‌كێك له‌و حيكمه‌تانه‌ى خوداى گه‌وره‌ ئامۆژگارى پێغه‌مبه‌رانى پێ كردوه‌ كۆبوون له‌ ئايينداو خۆ جيانه‌كردنه‌وه‌يه‌ له‌ موسڵمانان به‌گشتى .  پێغه‌مبه‌ريش ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ده‌فه‌رمووێت:  (الأنبياء أولاد علات أمهاتهم شتى ودينهم واحد) .( (صحيح الجامع الصغير: 1452 واته‌: پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام) هه‌موو كوڕى يه‌ك باوكن ودايكيان جياوازه‌ وبنچينه‌ى ئاينه‌كه‌شيان هه‌ريه‌كه‌ كه‌ يه‌كخواپه‌رستی يه‌ .

حيكمه‌تى سێ يه‌م:

مژده‌دان به‌ڕه‌زامه‌ندى خوداى گه‌وره‌و هۆشدارى دانى خه‌ڵكى له‌سه‌ركێشى و ياخى بوونى خوداى گه‌وره‌ .

هه‌ر له‌و ساته‌ى پێغه‌مبه‌ران(عليهم الصلاة والسلام) هه‌ستيان به‌ به‌رپرسيارێتى كردووه‌ گرنگی يان داوه‌ به‌وه‌ى گه‌له‌كه‌يان به‌ره‌و كرده‌وه‌ چاك و جوانه‌كان به‌رن و ببنه‌ به‌ربه‌ستێك له‌ ئاستى هه‌موو كرده‌وه‌يه‌كى خراپ و ناشيرين، وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م مه‌به‌سته‌يان بێته‌دى پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام) ڕێگه‌ى مژده‌دان و ترساندنيان گرتۆته‌ به‌ر، وه‌ك خوداى گه‌وره‌ سه‌باره‌ت به‌نوح ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )  ده‌فه‌مووێت:  ( وَلَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَى قَوْمِهِ إِنِّى لَكُمْ نَذِيرٌ مُبِينٌ أَنْ لَا تَعْبُدُوا إِلَّا اللَّهَ إِنِّى أَخَافُ عَلَيْكُمْ عَذَابَ يَوْمٍ أَلِيمٍ ) [هود: ٢٥ – ٢٦] . واته‌: به‌ڕاستى ئێمه‌ نوح مان ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) نارده‌ ناو گه‌له‌كه‌ى پێى ووتن من ترسێنه‌رێكى ئاشكرام بۆ ئێوه‌، پێتان ڕاده‌گه‌يه‌نم كه‌ جگه‌ له‌خوداى گه‌وره‌ شتى تر مه‌په‌رستن چونكه‌ من ده‌ترسم له‌ ڕۆژێك كه‌ تووشى سزايه‌كى سه‌خت بن تێيدا .  هه‌روه‌ها خوداى گه‌وره‌ له‌سه‌ر زارى موسا وه‌ ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ده‌فه‌مووێت :  ( إِنَّا قَدْ أُوحِىَ إِلَيْنَا أَنَّ الْعَذَابَ عَلَى مَنْ كَذَّبَ وَتَوَلَّى  ) [طه: ٤٨]. واته‌: به‌ڕاستى ئێمه‌ سورش مان بۆ هاتووه‌ كه‌ سزاو سه‌رگه‌ردانى تووشى كه‌سانێك ده‌بێت كه‌ په‌يامى پێغه‌مبه‌ران به‌ درۆ بزانن و پشتى لێ هه‌ڵ بكه‌ن .

وه‌ عبدالله ى كوڕى عه‌مرى كوڕى عاص (ڕەزای خوای لێبێت) ده‌فه‌مووێت: ڕۆژێكيان گوێمان لێ بوو بانگده‌ر فه‌رمووى ( الصلاة الجامعة) هه‌تا هاوه‌ڵان (ڕەزای خوای لێبێت) هه‌موويان كۆبوونه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) پێيانى فه‌رموو: (إنه لم يكن نبى قبلى إلا كان حقا عليه أن يدل أمته على ما يعلمه لهم و ينژرهم شر ما يعلمه لهم ......)((( (صحيح الجامع الصغير: 2403). عبدالله ى كوڕى عه‌مرى كوڕى عاص (ڕەزای خوای لێبێت) يه‌كێكه‌ له‌ زانا گه‌وره‌كانى هاوه‌ڵانى پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )له‌ پێش باوكيدا موسڵمان بووه‌و زياتر له‌هه‌موو هاوه‌ڵان(ڕەزای خوای لێبێت) فه‌رمووده‌ى گێڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ساڵى 65 كۆچيدا وه‌فاتى كردووه‌ ))). واته‌: به‌ڕاستى هيچ پێغه‌مبه‌رێك له‌ پێش مندا نه‌هاتووه‌ ئيللا پێويست بووه‌ له‌سه‌رى كه‌چ شتێك ده‌بێته‌ مايه‌ى به‌خته‌وه‌رى گه‌له‌كه‌ى پێيان ڕابگه‌يه‌نێت و هه‌رشتێك ده‌بێته‌ مايه‌ى سه‌رگه‌ردانى گه‌له‌كه‌ى ئاگاداريان بكاته‌وه‌ لێى

هه‌روه‌ها خوداى گه‌وره‌ زۆر به‌جوانى حيكمه‌تى ناردنى هه‌موو پێغه‌مبه‌رانمان (عليهم الصلاة والسلام) بۆ روون ده‌كاته‌وه‌ وه‌ك ده‌فه‌رمووێت: ( وَمَا نُرْسِلُ الْمُرْسَلِينَ إِلَّا مُبَشِّرِينَ وَمُنْذِرِينَ )[الكهف: ٥٦]. واته‌: ئێمه‌ پێغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام) نانێرين ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ مژده‌ى به‌هه‌شت به‌ باوه‌ڕداران بده‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ى دۆزه‌خ له‌سه‌رپێچى كاران بكه‌ن .

 ئه‌وه‌تا خوداى گه‌وره‌ به‌ جوانترين شێوه‌ ڕووناكى ده‌خاته‌ سه‌ر په‌يامى پێغه‌مبه‌ر محمد ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ( الر كِتَابٌ أَنْزَلْنَاهُ إِلَيْكَ لِتُخْرِجَ النَّاسَ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ بِإِذْنِ رَبِّهِمْ إِلَى صِرَاطِ الْعَزِيزِ الْحَمِيدِ )  [إبراهيم: ١]. واته‌: ئه‌ى محمد ( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ئێمه‌ پيرۆزترين كتێبمان بۆ تۆ داگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى له‌ تاريكيه‌كانى شيرك و سته‌م كردن ونه‌زانين ده‌ربهێنيت به‌ره‌و ڕووناكى باوه‌ڕو چاكه‌كردن و به‌خته‌وه‌رى.

له‌كۆتاييدا ده‌ڵێم ئه‌و حيكمه‌تانه‌ى له‌ پێناويدا پێغه‌مبه‌ران(عليهم الصلاة والسلام) ڕه‌وا نه‌كراون گه‌ر بمانه‌وێت حه‌قى باس كردنى بده‌ين ڕه‌نگه‌ به‌ده‌يان هه‌زار لاپه‌ڕه‌ش كۆتايى نه‌يات، خوداى گه‌وره‌ يارمه‌تيمان بدات بۆ زياتر تێگه‌يشتن له‌ مه‌به‌ست و حيكمه‌تى هاتنى پيغه‌مبه‌ران (عليهم الصلاة والسلام) خوداى گه‌وره‌ش يارمه‌تى ده‌رو سه‌ر خه‌رمان بێت .

وصلى الله وسلم على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن اتبعهم الى يوم الدين.

سه‌رچاوه‌كان:

1. قورئانى پيرۆز

2. تفسير القرآن العظيم ـ ابن كثير ـ

3. منهج الأنبياء فى الدعوة الى الله ـ ربيع بن هادى المدخلى ـ

ئاماده‌كردنى: مامؤستا  زانا عادل صابر